شاعیر: ناڵە حەسەن کتێب: شیعرەکان سەرناو: من تەنیاییم لێدەڕژێ سەبارەت: نووسین: سۆزە بۆ ئەوەی چاوەکانت هەر بە گەشی بمێننەوە ڕووناکیم لە خۆرەتاو دەدزی تا ڕێگاکانی بەردەمت ببینی و هەر بڕۆیت و نەکەویت بۆ ئەوەی تابلۆی جەستە و نیگاری خەونەکانت پڕ بکەم لە ڕەنگ قەڵەمی لێوتم لە ئەستێرە مێینەکان و سپیاوی گۆنات لە بەفر و مەسکارام لە ژنە مەستەکانی نێو باڕەکان و ئاوینە بچووکە بازنەییەکە لە سەراب و کل و کلدانیش لەو کچە قەرەجانەی ناو لەپمیان دەخوێندەوە و ڕەنگە شینەکەی نینۆکیش لە هەور و تۆقە زەردەکەی قژی خاویشتم لەمانگ قەرز دەکرد بۆ مانەوەی بزە گەرمەکەی سەر ڕوخساریشت هەوڵمدەدا پەیکەری مەحاڵ بە چۆک دا بدەم هەرگیز ئاوڕ لە دواوەم نەدەمەوە هەندێجار وەک ئیبلیسێک گەردوونم پڕ دەکرد لە تاوان هەندێجاریش دەبووم بە فریشتە و دەستەکانم دەکرد بە هێلانە بۆ ساقە سۆرەی پەرەسێلکەکان و بە هەناسەم گەرمم دەکردنەوە بۆ سەما و خاوبوونەوەی هەستە ئیرۆسییەکانت هاژەی هەموو ڕووبارەکانم دەهێنایە نێو ژوورەکەم تریفەکانی تاریکیم لە نێو شەوەکانت دوور دەخستەوە گوڵی ئارەزووەکانتم ئاو دەدا و هەر لە ئیوارەوەش بخوورم لە سوچەکانی نێو ماڵەکەت هەڵدەکرد شیعرم بۆ پەپووڵە و کۆترە سپییەکان دەخوێندەوە تا بەر پەنجەرەکەت جێنەهێڵن بە زمانی سەوزایی قسەم بۆ درەختەکان دەکرد تا لەگەڵ بادا سەمفۆنیایەکی سێرناداییت بۆ بژەنن ئایەتە ئاوییەکانیشم بۆ ماسییە بچکۆڵەکان دەخوێند تا لە نێو قووڵاییەکان و لەژێر بەردەکان خۆیان نەشارنەوە دەوری چیمەنی بەردەم ماڵەکەشتانم بە ڕەشە رەیحانە دادەپۆشت سمۆرەکانیشم وا ڕاهێنابوون نەرم نەرم بەسەر لقەکاندا بازبدەن بە چاوە ڕەشەکانیان لێت بروانن بە ددانە تیژەکانییان گوێزت بۆ بشکێنن بە دەم پیاسە و ڕۆیشتنی نێو دارستانەکانیش دەبووم بە کاتژمێری دەستت چرکە چرکە ترپەی دڵ و هەناسەتم دەخوێندەوە هەندێجاریش لە دواوەت دەڕۆیشتم تا هەنگاوەکانت بژمێرم لە کاتی پشوودانیش بەدەم خواردنەوەی چای عەسرانێک حیکایەتی ( دەنکە هەنار )م بۆ کچە گوڵفرۆشەکان دەگێڕایەوە تاکو دەمە و ڕۆژئاوابوون نەڕۆنەوە و هەر لەلات بمێننەوە بۆ شەوە گەرمە ئیرۆسییەکانیشت مۆمم لەنیو لەپی دەستەکانم دادەگیرساند و بە ماچ و وشە ناسکۆڵەکانی شیعری قسەم لەگەڵ دەمار بە دەماری هەست و سۆزت دەکرد بۆ گەشبوونەوەی چرای مەراق و مەبەستەکانیشت بەسەر پشتی شەپۆلەکانی ئاگر بازمدەدا و پە پەیژەکانی بروسکە هەڵدەگەڕام سەرشێتانە ڕێگام بە ڕەشەبا دەگرت چاوەکانم ئایکۆنەکانی مردنی نەدەخوێندەوە دەچوومە نێو گەرووی نەهەنگ و خۆم و توورەگەیەک نان دەگەرامەوە ئەلبوومی قەسیدەکانم پڕبوون لە وێنەکانی تۆ ناوەکەشت هێمایەکی گەورە بوو هەمیشە دووبارە و سێبارە دەبیندرایەوە لەنێو دەفتەری یادەوەرییەکانت قسەی ئەو ڕۆماننوس و بیرمەندانەم بۆت دەنووسی کە پێیانەوە سەرسام بووی بیرمە جارێک نووسیبووم تۆلستۆی دەڵێت ( ژیان بەبێ عەشق ئاسانە بەڵام / مانایەکی ئەوتۆی نییە..) تۆش دوای خوێندنەوە گوتت ئای چ گەوهەرێک خۆی لە پشتی ئەم قسانە حەشارداوە ئەوە من بووم دەمەویست وەکو شاعیرێکی ڕۆژهەڵاتی بۆ تا ئەبەد لەنێو پەرستگە ڕووناکەکانی عەشق بمێنمەوە هێندە بەرزیش بفڕم تا لەنێو تەمە سپییەکانی ئەودیو هەورەکانەوە کەپرێک لە گەڵا و درەختە سپییەکان دروست بکەم و تۆش هەر لە تەنیشتمەوە ڕاکشابیت جەخار ئێستاش بە هەورازەکانی نائومێدی هەڵدەگەڕێم باوەڕناکەم میلۆدییە غەمگینەکانی نێو هەناسە و وڕێنەکانم بە هیچ شمشاڵێک و کەمانجەیەک بژەندرێن ئەوە منم بەنێو ناشوێن دا بە ئاراستەیەکی بازنەیی ڕێدەکەم و ناگەم بە دوادێر و دوا وشەی بڕیارەکانم ئێستاش خۆم و چەند کتێبێکی چاو بەفرمێسک و قەڵەمێکی نارنجی لە باکووری ڕۆژئاوابوونەکانی خەون تەڕ تەڕم وەک باران و وەک خوداش تەنیاییم لێدەڕژێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕان سەبارەت: نووسین: سۆزە ١ (.......... . ) ئەو ماڵەی تۆ چەندە دوورە مەگەر فریشتەی نێو خەونەکانم لەسەر باڵەکانی خۆی هەڵم بگرێ ئەو شەوەی ئەستێرەکانی عەشق دەرناکەون هەور لە ئاسمان یاخی دەبێ کۆشکە شووشەییەکەی دڵی منیش هەر لەخۆڕا بەبێ مەبەست وردوخاش دەبێ! ٢ (.......... . ) سەردەمانێک گەردەلوول لوولی دەدام بەنێو لافاو و تۆفاندا ڕەتدەبووم بەسەر پشتی شەپۆلەکانی مەرگ بازمدەدا و نەدەکەوتم لەنێو شەقامەکان و کۆڵانەکانی دۆزەخ بەدوای تۆدا دەگەڕام و نیگاکانم پڕبوون لە ڕووناکی ئەو زەمانە عەشق تۆزی مردنی لە ڕوخساری نەنیشتبوو ژیانیش لەنێو ئاگر پڕ لە جووڵە و نوقمی سەما بوو ٣ (.......... . ) دامپۆشە بە خۆڵەمێشی خەمەکانی خۆت با خوێنی نێو دەمارەکانی تەنیاییم هەر گەرم بن ٤ (.......... . ) کەی وەک تریفە لەنێو شەوەکانم دەردەکەویەوە تا لەگەڵ هەور و هەتاو و درەخت و خاک و تاڤگە و ڕووبار و گوڵ و پەپوولە و هەست و خەونەکانیشم بێین بۆ پێشوازیت ٥ (.......... . ) پەردەی سەر پەنجەرەکان لامەدە کاتژمێرەکەی دەستت بوەستێنە بێشکەی زەمەن ڕابژەنە با وەرزەکان و شەوەکانمان تێنەپەڕن دڵتەنگ مەبە خەمۆکی خالخالۆکەیەکی گەڕۆکە و تەنیاییش تاوێرێکە لە تەمتومان ٦ (.......... . ) دەزانم بیری زەردەخەنەی پایز دەکەی بیری شنەبای بەهارانیش دڵتەنگ مەبە ڕەنگە سبەی هەموو ڕۆژەکە باران ببارێ و خۆریش هەروەکجاران بەدەوری زەوی بسووڕێتەوە ٧ (.......... . ) لەنێو قەدەری من شەوەکان درێژترن لەنێو یادەوەرییەکانی تۆش ڕۆژەکان وێنە و تابلۆکانی من ڕەش ڕەشن وەک دوکەڵ وێنەکانی تۆش سپی وەک بەفری چیاکانن هەی بەفرینێ! ٨ (.......... . ) تەنیایی ئاو خواردنەوەیە لە کانییەکانی مردن عەشقیش لە ڕووبارەکانی ونبوون ٩ (.......... . ) وا هەست دەکەم سەفەرێکی دوورم لە پێشە خۆرەتاو ئەسپەکەم بۆ زیندەکات و شمشێرێک و ئاڵایەکی سپیم دەداتە دەست کەمانجەژەنێکیش بەدوامەوە ئاوازی ترپەی دڵی خاک و نرکە و ناڵە بەسۆیەکانی نیشتیمانم بۆ بژەنێ چاوەکانت بکەرەوە پەپوولەی چاوەڕوانی لەبەر دەرگا و لەباخچەی ماڵەکەت چین چین ڕیزیان بەستووە! ++++++++++++++++++++++