شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: هێند دڵم تەنگە دەڵێم بەم شەوە لەم شارە بڕۆم سەبارەت: نووسین: میدیا هێند دڵم تەنگە دەڵێم بەم شەوە لەم شارە بڕۆم لە وڵاتێ کە جەفا حاکم و سالارە بڕۆم نە وەفا لای کەس‌وکارە و نە سەفای ماوە ژیان با لە دەس بێ‌بەزەیی هەرچی کەس‌وکارە بڕۆم نە گوڵستانێ دەبینی، نە گوڵێ پێ دەکەنێ شەرتە لەو شوێنە کە بولبول قەفەسی خارە بڕۆم خۆشترین دەنگی شەوانەم غەزەڵی ڕەنج و غەمە لێم گەڕێن با بە غەمینی، منی بێچارە بڕۆم کێ دەزانێ چ لە نێو ئەم دڵەدا ڕادەبرێ خۆزگە بەو ڕۆژە بە تەنیا وەکوو ئاوارە بڕۆم دەوروبەر چەشنی نەخۆشخانەیە دوکتۆرێ نییە شەرتە لەو جێگە کە دەرمان هەموو وەک ژارە بڕۆم بۆ دەبێ هەستی ئەوین ژێردەسی پارە و پەلە بێ لە وڵاتێ کە ئەوین دایمە لە پای دارە بڕۆم تەمە چارشێوی شێعر، سونبولە ڕووبەندی وشە با لە ئەو جێ کە شێعر هەستی بریندارە بڕۆم چونکە زۆرداری بەرەندەی گرەوی ئەم گەلەیە عەهدە لەو جێگە بە دەس تاقمی بێعارە بڕۆم یارمەتی دا کەسێ «ئاسۆ» لە دەس ئەم ژینە دەبا تاکوو ئەو شوێنە ئەوین سەروەر و سەردارە بڕۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز سەبارەت: نووسین: میدیا نەورۆز ئەی جێژنی ڕازاوه یادگاری بەرزی کاوه بێ شک تو جێژنی کوردانی ساڵه هایه لەگەڵمانی پیری به ساڵا چووی مێژووی گەرمی، سووری، سەوزی، زیندووی جێژنی گڕ و گوڕ و شادیت تویشو بۆ ڕێگای ئازادیت له جیهاندا جێژن زۆرن به دەیان و سەدان جۆرن بەڵام جێژنی کام گەل و هۆز؟ دەتوانێ ببێته نەورۆز؟ تۆ جێژنی مەرگی خوێن مژی تۆ به تاریکی و شەڕ دژی نەورۆز تۆ دژ به مردنی تۆ دڕکی چاوی دوژمنی ئاڵای سووری ڕزگاریی تۆ پێغەمبەری بەهاری تۆ کێ دەتوانێ بتفەوتێنێ؟ یان تۆ له ئێمه بستێنێ؟ نەورۆز نەورۆز ڕۆژێک دێ من ئاگره سووره کەی جێژن بێمه سەر دوندی هەڵگورد بڵێم ئاوایه جێژنی کورد تا ئەو ڕۆژه سوور بمێنه گڕی شادیت داگرسێنه دەبێ هەروا گەشاوه بی دژ به زوڵم و ئاژاوه بی ڕۆژێک دێت که وەکوو ساڵان لەگەڵ دۆستان و هەڤالان بکەوینه ناو شار و دێ بیکەینه بەزم و هەڵپەڕکێ بێژین هەلاوه مەلاوه ئەگەر چی بەشمان خوراوه من ئەو ڕۆژەم لا دوور نیه ڕزگار بین لەم نەگبەتییه نەورۆز ئەی جێژنی ڕازاوه ئەو ڕێگایه زۆری ماوه؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگه بەو چۆپیگرەی قەت قەت دەسی بێ دۆ نیه سەبارەت: نووسین: میدیا خۆزگه بەو چۆپیگرەی قەت قەت دەسی بێ دۆ نیه بۆ ئەوینداری مەبەستی دوێنێکه و ئەورۆ نیه سارد و گەرمی ڕۆژگارم چێشتووه ساویلکه نیم دڵڕفێنی خۆ به ڕەنگی ڕووسەری و مانتۆ نیه یاری جوان، دوور بێ ئەگەر بەرگی ڕەشیشی کرده بەر جوانیەکەی کارێ دەکا کەس دوژمنی ڕۆ ڕۆ نیه تۆ هەوێنی شێعری ئاسۆی حەقته مەغروور بی کەمێ هەستی ئەو فەڕقی هەیه کوا شێعری ئەو نایلۆنیه خۆ هەمو فەرزانەیەک به قسەی زله زانا نیه هەر کەسێ ناوی سماییل بوو ئەدی سمکۆ نیه ئەو کەسەی مەستی ئەوین بێ عاقڵی پێ شێتیه شێتی کووچەی ماڵی یاره عەوداڵی دەشت و کۆ نیه من بڵێم چی خاکەکەم خاکێکی عاشق پەروەره نیشتمان پەروەر مەبەستی لەندەن و مۆسکۆ نیه ئەی گوڵی جوانم دەزانم ڕەمزی چاوت چی دەڵێ هەر نیگایێکت له چاو دەشنێتەوه بێ هۆ نیه هەر گوڵێ ڕەنگێک و هەر گیایێکی بۆنێکی هەیه ڕاسته ڕێحان بۆنی خۆشه ڕەنگی وەک هێرۆ نیه موڵک و ماشی عاشقی یەزدان به ئاسۆ هەدیه کرد چاو له هەرچاوێ دەکا قەت قەت نیگایی نامۆ نیه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک قەڵەم کورت و شکاوە شەوپەڕی باڵی خەیاڵ سەبارەت: نووسین: کارزان وەک قەڵەم کورت و شکاوە شەوپەڕی باڵی خەیاڵ هێندە تیری شەو درا لێی شڕشڕە تاڵی خەیاڵ ئۆف لەدەس شەوگاری دووری و بێ بەیانی دڵپڕی سەختە زۆر سەختە کە ئەسرین بێتە هاوماڵی خەیاڵ هاودەمی فرمێسکی چاوی من بوو ئیمشەو شەم هەتا بوومە لێڵەی بەربەیان گریا لە نێو ماڵی خەیاڵ کێ دەکا هەستی دڵێکی کە ئەویندارە هەتا نەی‌گرێ جەزبەی شەوانە و بێتە هاواڵی خەیاڵ نایەتە نێو حاڵی کۆڕی سۆفیانەی دڵ هەتا شێخ نەنۆشێ جورعەیێ لەو شەربەتی تاڵی خەیاڵ تاوەکو لاتیلی چاوێ نەیگەزێ جەرگی لە دوور مەنجەڵی دڵ کوا وەکوڵ دێ و دێتە نێو حاڵی خەیاڵ من کە پێکراوی خەدەنگی چاوی یارم کوا دەکا وەسفی حاڵی من زمانی ئەلکەن و لاڵی خەیاڵ شەرتە تا ئاسۆی هومێدم ڕوون دەبێ هەروا بە شەو تێ‌نەگا دوژمن لە ویستم بچمە ژێر باڵی خەیاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەمی نوێ سەبارەت: نووسین: کارزان حەیف لەو شاخانەوە هەر قاسپەقاسپی کەو نەیێ حەیفە لەو باغانەوە قرمژنی بازنەی ئەو نەیێ ئەو دەمەی تێکەڵ دەبن حەیران و شمشاڵی شەپۆل حەیفە لەودەمدا چریکەی پاییزەی ڕێڕەو نەیێ من دەزانم ڕەمزی ئەم زەردی و خەزان و سەوزییە ڕۆژی ڕوون قەدری نییە، تا تاریکایی شەو نەیێ‌ ڕەنگی هەر نەخشی ژیانم خۆ بە تاقی کردەوە پاکی بێ ڕەنگن هەتا لەو نوورە یەک پەڕتەو نەیێ دەک غوڵامی نووری ڕووخساری ئەوین بم چونکە هەر ژین سڕ و تاریکە تا تین و ترووسکێ لەو نەیێ بولبولی باغی ئەوین بێتوو لە ڕۆمیش بیگرن حەستەمە دەنگ و چریکەی لەو پەڕی وەرشەو نەیێ‌ هێندە کۆن و نوێ بەسەر یەکدا درا دەردی دڵم دەردی کۆن ئێشی کەمە تاکوو خەمێکی نەو نەیێ‌ تینی هەڵبەستی شەوانەم هەر لە ئاسۆ هاتە دەر ڕوون دەکا هەستی دەروون بێتوو بە ڕۆژدا خەو نەیێ‌ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوورە یار سەبارەت: نووسین: کارزان دێ نەوای شاری لە گوێچکەم، من لە نێو باغم؛ کەچی ئاشکرا دێم و دەنووسم شێعر و قاچاغم کەچی دێ بە ڕۆحمدا شنەی دڵداری لەم عەسری غەمە من بە پۆلووی هەستی ئاورینی ئەتۆ داغم کەچی هەستی هیچ ئازار و دەردێکم نییە ژوور و دەرێ هەر لە خۆڕایی و بە بێ تۆ مات و ناساغم کەچی هێندە لێم دووری ئەوین و خۆشەویستی شەل دەبێ بای شەماڵ دێ و پێم دەڵێ: مەئمووری ئیبلاغم کەچی ڕۆحی هەردووکمان بە وێکڕا یادی یەکیان کردووە تۆ لە سەنگاپووری ئەمشەو، من لە سابڵاغم کەچی پەرچەمی زولفت لەسەر ئاسۆی ئەوینم خۆی چەقاند چاو لە خاکی خۆم دەکەم بێ شاڵ و بەیداغم کەچی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێکەنینی گوڵ سەبارەت: نووسین: کارزان بێ سەبەب بولبول لە باغا شین و ناڵینی نییە پێکەنینی گوڵ نەبێ قومری هەوای شینی نییە لابە سۆفی ویشکەڵانیت چاو لە چاوی جوانێ کە هەر کەسێ زەوقی نەبێ هەستی خودادینی نییە کوشتەی ئەو چاوانە پێم وا لای خودا ڕزقی هەیە وەک شەهیدی بێ نەوا یاسین و تەڵقینی نییە چۆن لە شەوگاری ڕەشا ڕێ دەردەکا ئەو بێ کەسەی گەر ترووسکەی نیونیگای چاوێکی شین شینی نییە؟ ! دەرکی ناکا دەرسی عیشق و خۆشەویستی چاوەکەم ئەو کەسەی لەم مەدرسە تیکرار و تەمرینی نییە تا نەڕووخێنێ بەڕاستی گەر کەسێ کۆشکی درۆ زەمزەمەی بن لێو بە پووشێ؛ چونکە هەر دینی نییە من پەپوولەی دەوری ڕووی تۆم چون گوڵاڵەی هەستمی زۆرە گوڵ؛ ئەمما هەمووی هەر گەردی هەنگوینی نییە کێ وەکوو ئاسۆ لە گوڵزارا تەوافی گوڵ دەکا؟ حەزرەتی گوڵ تا هەبێ، چاوی دڕوو بینی نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچی عاتیفە سەبارەت: نووسین: کارزان کۆچی کردوە عاتیفە لەم خاکە، دەک بێچارەخۆم کێ دەزانێ ئادرەسی؟ دا بەشکوو بینێرێ لەبۆم یەک دەڵێ ڕۆیی لە گەڵ ئەو هەورە باران هێنەکان یەک دڵێ ڕۆیی لەگەڵ ماسیلە وردەی  وشکەچۆم شایەدیش وێنەی کرێکارانی بێ ئەزموونی کار کەوتە چاڵی مەسعەدی ئاپاڕتمانێ بیست نهۆم خۆشەویستی بوو بەکۆتری ئاشتی و پێکرا بەتیر هەر وەکوو ئەو بەردە قورسەی دەیخەیە نێو بەحروگۆم چەشنی ئیکسیرە کەسێ دڵسۆز و کاری بێ لەدەست پاکی بوونە کار بەدەستی کارگای بۆمبی ئەتۆم چی بنووسێ شاعیری بیچارە ئیدی بۆ گەلی هەر بەحاڵ ڕوو بکاتە خەڵک و پێی بڵێ خەمخۆری تۆم ئاشکرا دوو مێرد مناڵ قەممەی دەکێشن لێ وەکوو ساموڕایی ژاپۆن و ئەو پیاوکوژانەی کۆنە ڕۆم عاتیفە گەر کۆچی کرد هێمنایەتیش بێکەس دەبێ پاشی چل ساڵ عومری ئەم دەورانە وا سەلما لەبۆم ژینی  نێو دونیای مەجازی بۆ حەقیقەت بوو بە سەم ئەو بەری ئاویش خراپتر، ئەی خودا! بۆکوێ بڕۆم؟ چەندە ئاسۆ دڵپڕە لەم تەنگەژەو بێدادیە جا مەگەر ئاو بێنم و دەستم لە هەڵبەستان بشۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕێ سەبارەت: نووسین: کارزان دەڵێم شێعرێ بڵێم ئەوشەو، برینی دەرد وگریان بێ لەبۆ بەردەنگی ئەم پەیجەم، نەبێتە دەرد و دەرمان بێ بەڵام چ بکەم ترووسکەی شادی کەوتۆتە سیاچاڵێ بەدی ناکەم لەهیچ لایێ بەتایبەت وەرزی زستان بێ دەڵێ ــ دوکتور ــ لە بۆ چاو ئەشکی دەسکرد باشە، من چ بکەم؟ دەبێ حاڵم لەبەر ئەو نوسخەیەی ئەو هەر پەرێشان بێ کوتم گەورەم! ئەمن چاوم بەدایم پڕ لە فرمێسکە کەسێ بەو قەترە موحتاجە، دژی ئازادی ئینسان بێ منێ گەر گۆشکراوی چۆم و کانیم لێم گەڕێن با هەر دڵ و چاوم لەبۆ خاکم بەدایییم کەیلی گریان بێ نە جێیێ شک دەبم تا دڵ لەوێ باری خەمی دانێ نە هەستێ وام هەیە تەبعم وەکوو لاویی غەزەلخوان بێ مەیە؟ قاچاخە! ماچ؟ کوفرە، ئەوین؟ ڕیسوائیە ئێستا دەبێ حاڵی چ بێ ڕانی، لە کوێستان دا گورگ شوان بێ؟ گوڵێ دوێنێ بزەی هاتێ کە ڕیشی لۆکەیی دیتم کوتم چۆن پیر نەبم ئاخر، کە وەرزم ڕێگە بەندان بێ لەئاسمان خوێن دەبارێ و دەستی زاڵم ئەوکی گووشیوم سەڵا لەو حاڵە گەر میللەت خەمی چووکەی خەمی نان بێ بەڵام ئاسۆ گەلێ ڕوونە، مەترسێ کەڵ بە، ڕاوەستە زەوی دایم دەبێ چاوی لە وەرزی بەفرو باران بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باران سەبارەت: نووسین: کارزان پاییز! بڵێ بە باران، دایدا بەوێنەی جاران لەمێژە لێوی عەرزی ویشکە بە یادی باران دە هەورە گرمە دەی دەی! بنالە هەر وەکوو نەی تۆ بانگی سینگی ئێمەی، بۆلای خودای هەژاران چەتری گەڵاش ڕژاوە، ڕێی کۆچە کەوتە بەرمان جەیشی زاڵم لەسەرمان، پاکی شێواوە شاران لەژێر ئاڵا خوانوور، تینوو بە چۆڕێ ئاوە ڕەگباری گوللەباری و شارمان پڕ بوو لە ماران پاییز! دەگرمە هەورێ، با کانیەکان بتۆقێن زللەی برووسکە شەققەی بگاتە تەختی تاران گەڵا! دە مەڕژێ جارێ، هەر سەوز و شین وگەش بە نەوەک غەمبارتری کەی، شەوگاری لێڕەواران هەتاوی مانگی ڕەزبەر! شیرین کە ئاوی ڕەزمان زەمان زەمان ڕەزمە با مەستی کەن سەواران هاواری ئێمە سووکەو گوێی دەوڵەتان چ قورسە! تاکوو پیلانی دژبەر لە چوار تەڕەف لەکاران پاییز! بڵێ بەباران، زۆر ویشکە عەرزی ئێمە ڕەشتر کە هەوری ئاسۆ، لەدەم کەل و نساران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆڕشی مەستانە سەبارەت: نووسین: کارزان تا، خەرابی، خەونی خەڵکە و خۆشیەکان دەژیێنەوە لێی گەڕێن یاڕەب خراپ تر بێ لە هەرچی شوێنەوە تا خەرابات داخرابوو، کەس هەوای شادی نەبوو موژدەبێ یاران ئەدی مەیخانەکان دەکرێنەوە گەرچی پاییزە و گەڵاڕێژانە، کۆچ و کۆچبەرە شۆڕشی مەستان دەڵێ، تەیران لە گەرمێن دێنەوە داری ئازادی  بەخوێناو شین دەبێ، گەر واش نەبێ زاڵمێکم من نەدی دەستی نەچێ لەو خوێنەوە! خێڵی داڵاش، نامەی ئازادی ئەمەی شاردبوەوە ئەی هەڵۆی سەرشاخ ئەتۆش، مەردانە بۆمان بێنەوە! کورد گەلێ جاران لە سەر سفرەی سوڵح دەنگیان بڕین جاری واش بوو دەنگیان ئاژوایە نێو بێڕلێنەوە لاوە ڕاساوە، کچ وکوڕ، من بڵێم چی؟   پیاوترن چەشنی سێڵاوی بەهاریی حەستەمە بکشێنەوە دەردەکەی مام هێدیە، غوربەت هەمیشە خۆش نیە ئەو خراپ بوو ئێوە چابن، لێگەڕێ با بێنەوە وەک دەڵێن بارانەیێک دێ و تەڕ دەکا مەزرای وشک نان بە ئازادی دەچێتە نێو گەرووی مسکێنەوە شۆڕشی مەستان خەرابی تیا نیە، ئاسۆ دەڵێ مامە سۆفی بەسیەتی کەم دیزە بزرینگێنەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەگوزەرێ سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ من دەزانم ئەم گرانی و دەردو ڕەنجەش دەگوزەرێ دەوری کەس تا سەرنیە، عەسری ئەمانەش، دەگوزەرێ تانک و تۆپ و تیپی شامان دی بەمستێ ورد کران چاخی سەردارو سپاو و شەیپووری ئەڕتەش دەگوزەرێ کێ هەتا سەر هەر لەسەر عەرزی ڕەق و تەڕ نووستوە؟ وەرزی دەسکورتی و هەژاریی قەومی بێ بەش دەگوزەرێ دەنگی مۆسیقا دەبێتە جێ نشینی بانگ و ڕۆ وەرزی قاچاخیی ئەوین خێڵی بادەش دەگوزەرێ ئەو برینانەی کە تیماریان نەکرد، خۆش دەبنەوە ڕۆژی ڕووناک دێتەوە، عەسری شەوی ڕەش دەگوزەرێ خاسەکەو ڕایماڵی کوندی شووم لە شاخ و بەندەنان چەرخی کوشتاری هەڵۆی قەندیل و گاگەش دەگوزەرێ سەر لەسەر باڵی ئەوینی خۆی دەکا ئەو بێ خەوەی وا لەبەر زاڵم شەو و ڕۆژی موشەووەش دەگوزەرێ بانگی نۆشانۆشی مەخۆران بەترساوان دەڵێ گەشتەکەش هات لێی مەترسن، خۆی بەڕووی ڕەش دەگوزەرێ بەش دەکەن ئەو زیادیەی خواردیان لە مافی میللەتان سەردەمی خۆ شاردنەوی شێرو کەڵی بەش دەگوزەرێ عومری ئاسۆ شەست وشەش ساڵە، چلی هەر ون کرا دڵنیام ئەم چەن سەباحەی ماوە زۆر خوەش دەگوزەرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆچی ئیجباری سەبارەت: نووسین: کارزان دەستی زاڵم، کۆچی ئیجباریی دەوێ و پێمخۆش نیە گەرچی ئەم کۆچە بەدەست و ویستی ئەمن و تۆش نیە هەر درۆن مابوو، لەکورد هەڵکەن، ئەویشم دی بەچاو داد وفریادێ بکەم گەر، بێ دەلیل و هۆش نیە عاقیبەت جێ هێشتنە، سەودای مەرگ پێشخستنە دەستێ زاڵم بیبڕێ، پێویستی شین وڕۆش نیە وا دەری کردووم و لێرەش دەمکوژێ، هاوار! جەهان! کاکی زاڵم! باش بزانە، ئاگرم خامۆش نیە با لەسەر، خرمان وکۆی میللەت بنۆشن مەی ئەوان باش دەزانن تا ئەبەد هەر وەرزی عەیش و نۆش نیە وا لەسەر چەکش و سەکۆی قازی جەهاندا، حوکمەکەی مووشەکیش وەک ئاهی دایکانی کز و ڕەشپۆش نیە هێندەیان خوێن هەڵمژین و کیسەیان پڕکرد لەپووڵ بۆ هەڵاتن، هیچکەسێ ژێر پێی ئەوەندەی بۆش نیە هێندە هۆنیمانەوە فرمێسکی دووری هاوەڵان کام کتێبە، لەو وشانەی پڕ بە سەفحە و کۆش نیە؟ ساقیا! تینووم، وەرە! ئاوکە بە ئاوری سینگما وەرزی پیریی وشین وگریان؟ بەو خودایەی خۆش نیە ڕادەبوورێ ئەم زەمانەو دەورەیێ دیش دێتەوە گەر هەبێ بێ نەزمی تۆزکاڵێ، خەتای ئاسۆش نیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرخۆدان سەبارەت: نووسین: کارزان دەوڵەتی زۆڵم و درۆ  با لاچن عەسرەکە، عەسری نەوەی ئاتۆمە با تفەنگ  ئیدی لە لاوان نەدرێ کوانێ دەورانی قسەی باتۆمە؟ با بەجێی گولـلە تفەنگ پڕ گوڵ بێ نە لەسورب و نەلەئەشک، ئەی سەرباز! لاوەکان شادی بکەن  هەر لەوەتەن نەک ببن لەو وەتەنەی خۆ  دەرباز کچ  گوڵی باغی بەهەشتن تێکڕا چون دڵت دێنێ بژاکێن  زاڵم! کوا  ڕەوایە کە بەجێی داوەت و گەڕ پێت بڵێ بۆچی شکاندت باڵم؟ ئەوە میژوو، وەرە بیخوێنەوە دەی! عاقبەت دارە جەزای  هەر جەللاد بۆچی پێت وایە گڕی میللەتی خۆت خاکی قەبرت بە شەتاو نەدرێ بەباد لابەئەو تفەنگە فڕێی دە شۆکێر چاوەڕێی چۆڕێ، نمێ، ئازادیم پێکەنین هەڵکە لەخەڵکی سەرباز! من دژی غەمم و ڕفێقی شادیم نەفڕەتی خەڵکی کە پڕبوو دەڕژێ یاوەکوو گڕ هەموو ماڵتان دەتەنێ ئەوەی ئەوڕۆکە لە زوڵمان دەگری دوو سبەی ئەو بە ئەتۆ پێدەکەنێ دەبەسە خوین مژیی جەللادی لەعین ئەی زەروو! ئاقیبەتی هەر دەتەقی ئەو گەلەی زیندوە مافی بدەرێ با لە حولقوومتەوە نەستێنێ حەقی دانێ سەرعەرزی تفەنگت سەرباز دڵی ئەم خەڵکە پڕی کینە لە تۆن وەرەوە نێۆگەل وخزم و کەسەکە قەت مەبە نۆکەری ئەندیشەیی کۆن ماڵی جاڵجاڵووکە فوویێکی دەوێ قەهری ئەم میللەتە تۆفانە بەسام هەوری بارشتی نەشەی گەل ئەوەهات منی ئاسۆ بەدڵ و گیان بەتەمام لاچێ ئەم نەگبەتی و ڕەنج وغەمە کوترەکان بێنەوە هێلانی چەلان ڕەشی ئەندێشەی پووچ شوێنی نەما وەرنەوە باغی وەتەن خێلی مەلان!!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆشکی غەزەل سەبارەت: نووسین: کارزان یارەکانی شەو خەیاڵی شەودزیی لێمۆت دەکەن عەتری ڕۆژیان لێ دزیت و ئارەزووی شەوبۆت دکەن ئەو هەوسبازانە جێی موتمانەنین ــ هێمن کوتی ــ تا هەنارت لێ وەشارن ئاشقی لێمۆت دەکەن جوانی تێفکرە کەسم! لەو واژە قەڵبانەی ئەوان باشی تەرکیب کە کەسم! ئەو ڕستە بە درۆ بۆت دەکەن کێ بەقەت من تۆی لەنێو کۆشکی غەزەل پەروەردە کرد؟ مەسنەوی تەفرەن ئەوانەی ئاشقی هایکۆت دەکەن تا ئەوینی نیشتمانت لێ بگۆڕن، زۆر زرینگ... پێکەنینت لێ حەڕام و تالبی ڕۆ ڕۆت دەکەن تاقەجارێ  باسی کابەی نیشتمان ناکەن کەچی وەک خەڵیفە، فێری فێڵ و فرتەنەی موسکۆت دەکەن تۆ هەتاوی، نووری سرفی، ڕوومەکە ئەو کۆڕەیان شاهیدی لایان قومارەو، نیشتمان بایکۆت دەکەن داخەکەم بۆ خوێنی سووری هاوەڵانی ڕۆژ هەڵات چون ئەمانە تۆ دەکووژن، هاوەڵیی ناتۆت دەکەن پێت دەڵێن گەرنت لە زێڕو خشڵ و زێوەر پاکەوە بەم وشانە تەوقی نەفسی زاڵمان لەستۆت دەکەن مام هەژار وهێمن وهێدی وهەقیقی هەر ونن مەدحی بنجامین و نیچەو زەمبی کاکاسۆت دەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوات سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ ئەم بەیانەش یادی جارانت بەدڵما هاتەوە هەروەکوو، سروەی بەیان بوو، بێت لەنێو باغاتەوە هاتەوە بیرم چ ڕۆژێ هاتیە نێو مەزرای دڵم گۆشەیێکت کردەماڵ و ماوتە هەر، لەو کاتەوە تاخەیاڵت وەک شەماڵێ داگرێ یێخەی قەڵەم ماندوو ماندووش بێ قەڵەم، خەونی شیعر ئەیباتەوە ڕووڕەشی بەشیان ئەوانەی فێڵ لە دڵداران دەکەن هاکە دیتت، خوای ئەوین، لەم خاکەیان دوورخاتەوە! دوور نیە وەک تەیری گەرمێنێ بەرەو ماڵ بیتەوە نامەی ئازادیی گەلم بێنی بە باڵ و پاتەوە ئەو پەیامانەی لەخەڵوەت دا دەهات یادیان بەخێر تازە پیرییش بۆی نیە بێت و لەبیرمان باتەوە! ئەی خودا خۆ خۆت لە نێو دڵمان ئەوینمانت چەقاند چۆن دڵت دێ  پڕ دەکەی دڵمان، بەئەم ئاواتەوە گەر بە پیریش بێ لەگەڵ یارانی یەک ڕەنگ یەک کەوین مەجلیسێ سازکەین بەشادیی بەم کەمیی داهاتەوە! مامەسۆفی! نامەوێی، چت کردەکاسەم بیبەوە نامەوی سفرەی حەڕامی تۆ بە قەند و چاتەوە هەوری سەر ئاسۆی گەلم ئاواتی  بارانەی هەیە تاوەکوو کانیی ئەوینی ئێمە سەر هەڵداتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەنگی مەدرەسە سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ شەست و سێ ساڵە دەبیستم زنگی تازەی مەدرەسە کوا زەمان؟ خۆ دڵ هەزاری دیش بژی ناڵێ  بەسە دوێکە بوو ساڵی چل و یەک چووینە مەکتەب چەند کەسێ ئێستە هەر سێ چوار نەفەرمان ماوە لەو شەش حەو کەسە نا! زەمان مانای نیە، تاریفی کوا؟ ئەژمارەیە خۆ ژومارەش سازکراوە بۆ حیساب و هەندەسە هەندەسەی چی؟ غەیری شکڵی دایرە چی دی هەیە؟ خۆ ئەویش گۆشەی نیە، شەرمەندەیە لەو مەبحەسە شکڵەکانی دی هەمووی زادەی خەیاڵی ئادەمین هەرخەیاڵی پاکە بۆ شیعر و هونەر فریا ڕەسە من خەیاڵی تۆم لە دڵدا بێ و ئەتۆش هێزەم دەیەی کێ دەوێرێ پێم، هەتا یەک عاشیرەی تۆم عەسعەسە ئەی خودا! ئەی خالقی کەون و مەکان و ئادەمی تۆ خۆداییت مەمکە موحتاجی ئەوەی وا ناکەسە خۆشەویستیم قەت لەدڵ دەرماوێ پیریی هیچ نیە خۆشەویستی تیانەبێ گوڵزاری ژین خارو خەسە شیعری من هی خۆم نیە تۆ دێی و دیکتەم پێ دەکەی تۆ کەسی ئاسۆی ئەویش شاگردی شێرکۆ بێکەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆی زولفی یار سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ تۆ بە هەر کوێدا کەڕۆیشتی مەگەر هەر (با) نەیە خۆ دەنا ڕێگەت وەکوو باخچەی گوڵ و ڕێحانەیە گەر گوڵی باخی کەمێ دڵخۆشە بۆی زولفت دەدا خۆت ئیجازەت داوە یا تاوانی گەورەی  شانەیە! ئای کە چەند ئاقڵ بوو مەجنوون، مەسکەنی خۆی بردەکێو مەنزڵی یار دیار نەبێ، شار چۆڵە، وەک وێرانەیە بەز نیە لەو کێوەدا حاشار گەیێکی شک دەبەی دەستەمۆیی بولبولی بەندی قەفەس بۆ دانەیە حەولی زۆریان دا فەلاسیف گەر بڵێن بێسوودە عیشق بەو خودا! ژین بێ ئەوین زۆر و کەمی ئەفسانەیە ئای خودایا چەندە تامەزرۆم سنوور تێکەڵ کرێ ئاخە شاری ئارەزووی من خانەیە یان بانەیە تۆ لە هەر کامیانەوە باز دەی دەگەیتە خاکی خۆت میللەتان گشت خێوی خاکن، کوردە بێ هێلانەیە تۆ ئەوینی نووری هیوای، نوور نەبێ جوانیی چیە ڕێ مەدە با قەت ڕەقیب بەو دەرک و بانەیدا نەیە یەک کەون تۆ بی و خودا، گەل چاوەڕێی عەشقە و ژیان نەسحەتی ئاسۆ حەقە، قەت پێی مەلێن شێتانەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاری چۆلەوار سەبارەت: نووسین: کارزان نیگای چاوی بەڕەحم و دڵ، لە نێو یەک پادگان دیارە ئەوەی شادیت لەدڵ باوێ، بزانە هەر نیگای یارە لە دەنگی قومری و سێروو، لە عاسمان زوهرە گوێی کەڕ بوو کەچی هێشتا لە خەودان گشت جەحێڵ و پیری ئەمشارە! سەری سەودات هەبێ، بێ خەم بە، بازاڕ با قەپاتیش بێ ئەوەی گەر موشتەری دووکانی تۆ بێ، خۆی لە دوور دیارە ئەگەر نەتبوو هەدەف لەم هات و چوون و کووچە پێوانە لەژێر پێت دا شەقام و کووچە وێنەی شوێنی شامارە بەهاره وکێوی کوردوستان هەمووی هەر شاڵی سەیدانە ئەوەی وا خێڵی خۆشبەختە لە سەیری باغ و گوڵزارە بەتەنیا هەرمنم ئێستا لە دووی یارانی ڕۆیشتوو لە بەر چاوم تەماشای گوڵشەنیش هەر گوڵخەنی خارە هەزار خۆزگەم بەخۆتان لێرە حوکماتیش وەها شێوان وەکوو کەشتی شکاوی سەر شەپۆل هەر بانگ و هاوارە تکا کارانی عەممان سوارو پیادە گەینە ئیتالیا! کەچی سۆفی لەدووسێ لاوە کیشەو فیلی هەر سوارە ئەوەی وا دۆستی گیانی گیانیە هەر نایەتە هانات دروست بەرعەکسی جاران ئەو کەسەی وا دۆستە ئەغیارە کە ئاسۆ بێت و کارو موشکلی لای هاوەڵی باس کا خەریکی گووشیەو بازی برایان! جا ئەوەش کارە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگەم بە پار سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ ئەم  بەهارەش وەک بەهاری پارنیە. وەی ڕۆژگار! بۆ یە پێشینیان دەڵێن( ئەوساڵەکە  خۆزگەم بەپار) گەرچی  دەورەی کوڕۆنا بوو و زەلزەلە و شەڕ، خۆ بەڵام ئێستە دەردیش کەمترە، دۆستانی ساڵان نین دیار ئاخ لە دەس جێ هێشتن و کۆچێ، بەرەو دوایی نیە! چۆن ڕفێقان  ڕۆیین و جێما، لەجێی پێیان، غوبار گەردی کۆچی سوارەکان وا چوون و شوێن پێیان نەما حەسرەتە بۆ شیعری  پیری و  وەرزی نەورۆز و بەهار ساقیا! سادەی دەخیلم تۆ نەبی غەم دەمکوژێ گوێمەدە واعیز. وەرن! موتریب ئەتۆش دەربێنە تار هەر لە مایەی زیرەکی زیندوو لەگەڵ دۆشاوی ڕەز ڕەزیەیێ چارۆکە هەولێریێ بە خاڵۆی ڕێبوار خۆ بەهار ساڵان لەگەرمێن تەیرەکان کۆچیان دەکرد مۆژدەهێن بۆ گوڵ و باخ وڕەز و بووس و کەنار ئەی خودا! بۆچی بەهارمان لێ بوە مەیدانی شەڕ جێگە شایی بۆتە، مۆڵی ورچ وگورگ و کەمتیار؟ دوست و دوژمن وا لەیەک ئاڵاوە هیچ فەرقیان نیە چارەکەی سوور و کراسی سەوز و پەلکەی زەردی یار هەڵپەڕینە شادەیە جامانەیەو ئاڵا و گڕە جێ نەماوە بۆ شیعر شیعریش هەموو بوونە شیعار تازە نەورۆز بۆتە هێما و سوور و خاکی وەک برا پشتی یەک دەگرن هەموو راست و چەپ و هەم شاخ وشار ناعیلاجین بێ موجەوویز ڕوو لە ئاسۆ کەین بڵێین خۆ ئەوان هەر نایەڵن برخیزو پیکی می  بیار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز و جامانە سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ نەورۆزە وەرە سەیری چیا و چیمەن وگوڵزار میراتی شەهیدانە گوڵاڵەی لەبی جۆبار بولبول بەچریکەی دەڵێ ڕابوردوە سەخڵەت وا بار و خەتی خوارە، چ  زستان  و چ زۆردار ڕابوردوە ئەو وەرزە لەترسان و لەبرسان ماچ کەین بەهەڵە، دەستی بەخوێن سووری ستەمکار وا داڵی درۆزن دەگەڕێ بۆ کون و کاژێڕ وەک شێتە  کە دەیبا لە هەموو لاوە پەلامار ئەو دێوە شەڕەنگێزە کە بردی کەژەوانمان لای بادی شەماڵی گەلی کورد بۆتە   تکا   کار حەوتاشە بەحەوت ئاشەوە هەر وا  لە گەڕابێ کەژوانی دلێری کچ و کوڕ دەیکەنە  گوڵزار نەمکووت کە ستەم تاوەکوو سەر نابێ درێژەی پێشینە دەڵێن (چل شەوە‌ هەر عومری سەگی هار) ئەی بولبولی بێدەنگی ستەم دەرخەوە نەغمەت مزگێنی بەرە بۆ هەموو گوند و قەسەبە و  شار تا باز و هەڵۆ لەو سەرەوە سەیری چیا کەن قاسپەی لە کەژان بەرزەوە کا با کەوی کۆسار ئەی شاعیری دەمبەستە دەبشکێنە سکووتت دانێ غەزەلێ بیکە   بە   خۆراکی   تەلی  تار بیکەن بەسروودی  نەتەوە، لاوی گەلی کورد ئاوازی لە ئاسۆوە بگاتە چەمی هەوشار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردە دڵ سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ چەندە سەختە دڵ ببێتە سیبلی تانەی خێش و یار گوێچکە خنرابێ لەحاندی ناڵەناڵی  دەردە  دار چەندەسەختە دژبەرت ڕەحمی بەتۆدا بێ و کەچی دۆستەکانت ببنە دژ، فەرقی  نەبێ  شیعر و شیعار ئاخە کام کافر بەزەی نایێ بەحاڵی  ئەو دەمەی دەستەڵات و هەلپەرەست بەش بەش دەکەن ماڵی هەژار؟ شاعیری لەم عەسرەدا بۆتە تەڕاتێنی وشە پاکی بۆ فیلم و کلیپ و شۆرەت وعانەو دەمار ڕاستە ئەو شەخسەی ژیابۆگەل لەبیرناچێتەوە ڕاستەهەر دوو گەز هومایین بەرگی دارا تا نەدار بۆ دەبێ لەم خاکەدا هەر هەلپەرەستان شادمان ببنە داشداری  گەلی بێدەستەڵاتی گوند وشار؟ سەر قەڵای وام دی، زەمانێ، قیبلەبوو بۆ ئاشقان ئێستە ڕووخاوەو نەماوە و چۆتە لیستی ئاسەوار جا چلۆن خۆش بێ دڵی من شاعیری یەک میللەتم بەش کراوە خاکەکەی بەژومارە یەک دوو سێ چەوار ناهومێد نابم بەهێزی چینی زەحمەتکێش قەسەم داری زۆڵم و زۆر لەبن دێ،  نەبوە هەرگیز پایەدار وا ڕەشەممەش هات و جەنگەی سێ شەشە ئەی بای شەماڵ خۆت وەدەرخە! ڕای بماڵە، بەفری لاپاڵ و نسار با بە پیریش بێ کەمێ سەیرانی کوێستانان بکەین چەشنی جاران هەڵپەڕین شادان لە سەیری ئابشار بەستەیێک و شیعری من دەنگی حەسەن دەنگداتەوە ڕۆژ لە ئاسۆ دەر کەوێ لایبا ڕەشی شەوگاری تار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵوێست سەبارەت: نووسین: کارزان ئەودەمەی شاعیر لە شیعرا وەسفی چاوی کاڵ نەکا بەسیەتی چیتر نەنووسێ باشە خۆی خوێنتاڵ نەکا ئەمن و عەوداڵ ساڵەهایە دەشت و کێومان مەسکەنە چۆن دەبێ شیعرم بەپیریش مەدحی مام عەوداڵ نەکا شیعر ئەگەر سووک بوو و بەجێی مووچڕکی لەش کینەی بزاوت شاعیری ئەوشیعرە با ویژدانی خۆی پاماڵ نەکا ڕاستە زاڵم هەربە بەتیغی تەنزی شاعیر سست دەبێ حەقیە بۆ زاڵم بەڵام! با زەمبی خزم و خاڵ نەکا کاکە لەم وەرزی نەخۆشی و دەوری دەرد و سەخڵەتە پیاو دەبێ تاکێو هەبێ مەنزڵ لەنزمی و چاڵ نەکا ئەو کەسەی هەم شاخ و شاری خۆش دەوێ دۆڕاو نیە چۆن لەتەختەی سینگی کوێستان، ئارەزووی خاڵ خاڵ نەکا؟ لۆکەیە سینگی گوڵێ و زریانی دڕ گاڵەی دەکا دیارە وەرزێر تا پەمووی بێ، خۆی بەهیوای گاڵ نەکا پیاوی کوێر دەڕوا بەرەو لێواری چاڵێ پڕ لەقوڕ تۆخودا بەو پیاوە چاوساغەی بڵێن، خۆی لاڵ نەکا تالە غەزنەو قەندەهار ڕەش دەوری پارچەی سوور بدات کێ هەیە ئاڵای حەیای زل هێزەکان شیتاڵ نەکا پێی بڵێ ئاسۆ بە ئەو کابرا حەسوودەی دڵڕەشە تاکوو باغی دۆست هەبێ لای کێوی دوژمن ماڵ نەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەشوێن کڵاوی لار سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ کێ دەزانێ، بۆچی من وێڵم بەلادێ وشارەوە؟ بۆ هەدادانم نیە، بەم حاڵەتە غەمبارەوە؟ کێ دەزانێ، چۆن لە دەرس و دەور و مەکتەب بووم وەڕەز؟ لەو عەزابەی دیم بە دەستی تاقمی هوشیارەوە کێ دەزانێ چۆن لەشەترەنجی ژیان من مات و کش بێکەس و جێ کەوتوو وم بەشوێن کڵاوی لارەوە جا لە جێیێ هاوەڵانم، یەک بە یەک لێم بوونە دژ خۆزگە بەو تیرەی کەبۆم دەخرێ لەکن  ئەغیارەوە بای شەماڵی مەیلەکەت لە کوێیە سەرما کوشتمی سارده با بەستوویەتی پەنجەم بە سیمی تارەوە وەک گوڵینگ بۆ گەردنی بووکی خەیاڵی شیعرەکەم تەرمی شۆڕ بووی چوار چرای دڵمە بەسەر سێدارەوە جامەگەر تۆزێ وەسەر خۆم کەمێ لەو خۆڵەوا بای شەماڵ جارجارە بۆم دێنێ لەکووچەی یارەوە چش دەبا تۆش وەک نەیارانی گەلم ڕەحمت نەبێ وەک مناڵ خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم ئەشعارەوە با نەچرپێ ڕازەکەت ئاسۆ بە گوێی  نا  مەحڕەما شەو لەتۆی شیعرێکی پڕ هیوای سبەی، بیشارەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کرمی خۆیی سەبارەت: نووسین: کارزان خەو لە چاوم دا گسک دریاوە  ساقی بادەوە ماری غەم عاڵقەی لەسەر دڵ داوە بەم گشت یادەوە دەورە با هی مەش نەبێ! ئەم دەورە جامێ تێکەوە تا سەمای سۆفی ببینن  زار بە فووی ئەو ڕادەوە چەرخەکە هەر چەپ لە بۆ چیی هەژاران سووڕ ئەدا چاوەڕێی چی تۆ لە نێو ئەم قاتی عەدڵ و دادەوە کەی! وەفای بۆ کێ بووە دەوران لە کەیخەسرەو گەڕێ شیرینی عیشقە بە تاڵیی ڕەنجەکەی فەرهادەوە تاکوو یەکڕەنگ بێ ژیان تۆ هەر بە یەکڕەنگی بژی لێی گەڕێ سەد ڕەنگەکان با بچنە ئەوبەر جادەوە کوا ئەوان دەستیان دەگا هاوڕێی دەمێکی ئێمە بن دایمە سەرگەرمن بە دەستی دایرەو ئەسنادەوە ڕۆژ لەسەر بەرماڵی نوێژ دەستیان بەرەو ئاسمانە هەر شەو لەگەڵ ساقی ئەسیر ماون بە جامی بادەوە گەل لە نێو حەڵقەی هەڵە هەر گێژ دەخۆن، دێ و دەچن سەر لەگەل زۆرتر دەشێوێ بەم هەموو ئیڕشادەوە کرمی داری هەر لەخۆیە ترسی بێگانەت نەبێ حاڵی هەروابوو گەلی ئێمە لەدەورەی مادەوە حاڵی ئاسۆش حاڵەتی ئەو ئاسکەیە، هاڵا لە داو کەس گرێی ناکاتەوە حەتتا لە کن سەییادەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهار سەبارەت: نووسین: کارزان نزیکەگەل نەجاتی بێ و گوڵۆڵەی بێتە سەر ڕاسی مەڵێن قەت دەورە ناگۆڕێ، ئەوەی وایکوت. سەری ماسی کە پەرچەم بوو بە دەسرۆکەی کچی سەرچۆپی من زانیم بە بلوێر و بە بالۆرە، گەلی کورد مافی خۆی ناسی بەهار هات و تەبیعەت بوو بەکانگای ڕەنگ و ئاوازە لە زستان و لە بەد بەختی نەماوە دەنگی یا باسی گوڵی سوورم لە بەر تۆیە بەهارم چەشنی پاییزە لە بەر چاوم دڕووی شینە گوڵی سەر پەلکی ڕێواسی ئەتۆ حەقتە لە ئامێزی ڕەقیبا غونچەی ئاسایی گوڵی جوانیت بپشکوێ چون خەزاڵی باوەشی لاسی ئەمن مەغڵووبی پیریی خۆم بژاری ڕووی سەر و شێوەم بە هیچ ئامڕازێ نادروێ مەگەر بە برۆی وە کوو داسی لە مێژە وەک پەپوولە باوەشی گوڵ جێی حەشارگامە گوڵم زۆر دیوە ئەمما تۆ لە نێو پۆلی گوڵان خاسی گەلم تا خێوی پەرچەم بێ و گوڵم ئازادی سەر دەم بێ دەبێ حاڵی چ بێ ئاسۆ بە خۆی و شیعر وئیحساسی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەری سەودایی سەبارەت: نووسین: کارزان سەرێ سەودای ئەوینی تیا نەبێ بۆچیمە گڕکەی تاڵ دڵێ بۆ دڵ نەکورکێنێ دەبێ بیدەیتە بەر گۆپاڵ هەزار جارم نەسیحەت کردی ئەی چاو بەستە مەڕوانە ئەتۆو سەیرانی گوڵزاران؟ بەکارت نایەسێوی کاڵ دڵم فەرمووی بڕۆ لاچۆ بەوەڵڵاهی بەمن زیندووی گڕووگاڵیش نەکەم چبکەم؟ دە ئیدی  داکەوە! منداڵ! چ خۆشە کاتی پیریشت وەکوو منداڵیی ڕابوورێ بەچەپڵەو هەلهەلە وەک شێت بکەویە شوێن کەری دەججاڵ که کوێستانی سەرت خاڵخاڵی تێکەوت وخەمی لێ نیشت لەغەم هەڵدە و بەشووتێ خاریجی کە هەروەکو فووتباڵ لە سیحری زاڵمان هەرگیز مەترسێ زوڵم هەتا سەر نین بە دەها تاجی شاهیم دیوە چۆن کەوتوونەتە بن چاڵ بە ئاهی ساردی مەزڵوومان قەسەم دەوران لە گەڕدایە زمانی گڕ دەهێنێ ئەم خەباتە بۆ کەڕ و بۆ لاڵ ئەمن سەودای ئەوینی تۆم هەبێ قەت نایەڵێ پیربم خەیاڵت عەینی سیمورغەو شەوان دەمخاتە سەر شاباڵ بەرەو قافی وڵات و شوێنی کۆنی کوردم ئەڕفێنێ بەمن چی رێی چیا سەختەو کە دەدڕێ کەوش و دەشکێ ناڵ کەسێ سەر باڵی سیمورغی ئەوینی جێگەبێ سوبحێ لە ئاسۆی ڕوونی دواڕۆژدا لەبۆی دێنن شەڕابی ئاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوکتۆری بێ تاوان سەبارەت: نووسین: کارزان دوکتوری بێچارە چ بکا؟ چاوی من چارەی نییە شینی یاران شینی کرد خۆ چاوە، ئاوبارەی نییە چاو هەتا کەی گەش ببینێ؟ دڵ ئەوەند ڕەش هەڵگەڕا شاعیرو ڕەشبین؟ نە، ئەو قەت هێزی ئەوکارەی نییە تێر بوە لەم سەیری جەنگ و کوشت و ئاوارەی جیهان چاوێ لێڵ نابێ خەمی ئەو خەڵکە ئاوارەی نییە هەر کەسێ شەڕ  خوازە خوا بی باتەوە، خوارە خەتی چاوی من هەر گیز سەوادی ئەو خەتە خوارەی نییە حافزی سیپارەبی، پارەت نەبێ چارەت نییە خۆڵ وەسەر ئەو دەردە دارەی کەوتو وەو پارەی نییە دەرکراوی شارو دێم، ڕێبواری ڕێی دەریای ئەوین کێیە ئاواتی مەلەی ئەو بەحر و ڕۆبارەی نییە؟ ماری پیریی دێ و پەلاماری وشەی شیعرم ئەدا نا مەترسن، تەبعی من قەت ترسی ئەو مارەی نییە هەر سەرێ مەستی ئەوین بوو حیرس و ئازی کەم دەبێ هەر ئەویندارە، مەترسی نەفسی ئەممارەی نییە تا بمێنی نووری چاو و هێزی پێی ئاسۆ وەکوو مامە هێمن ماچ دەکا خاکی وەتەن چارەی نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیوەنی ڕەنگ سەبارەت: نووسین: کارزان واهەمیسان کۆچی یارانی قەدیمیم کەوتە یاد ئەو کەسانەی وا لەبۆ ئەو میللەتەی بوونە نماد ئەوکەسانەی وا بە پێنووس و بەشیعر و شکڵ و ڕەنگ سەبتیان کردوون لەمێژوو، گەورەیی زاگڕۆس وماد داخەکەم داخێ لە دڵمایە کەوا لەم عەسرەدا جەوهەر و شیعر و هونەر بازاڕی هێندێ بوون کەساد مەرگی ڕەنگە و شیووەنی شیعرە و ئەوا گەل هاتوو ون شین بگێرن گشت لە گەڵ ئاسارەکانی شێرە زاد موستەفایێ هەلبژێراوی گەل و خزم و کەسان گەر لە بیستوونی دڵا سەد نەخشی کێشا وەک فەراد شاری بۆکان تازیەبارە و یەکشەوەش ماتەم بەسەر کوا حەقیقی و ئەفخەمی و نووری بکەن لەو عەسرە، یاد یادی گەورەو ناودارانی موکوریان تا ئەبەد هەر لەیادان دا دەمێنێ و میللەتیش نایدەن بەباد ڕاستە ڕۆیشتن، بەڵام خۆ شوێنەواریان ماوە هەر شوێنەوارێ هێند مەزن مێژوو بکا پێی ئیستناد خۆ بە تایبەت نەقشی نەققاشانی وەک کاک مستەفا سەبتە وەک مێژوو لە قەلبی باسەواد و بێسەواد کۆچی یاران سەختە ئاسۆ دڵنیابە خاکی مە یادی یارانی قەدیمی هەر دەکەن کەم نا! زیاد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پلار سەبارەت: نووسین: کارزان لەسەرم دایە هەوای هەڵبەستێ سۆبە ئاسایی گڕی لێ هەستێ ڕازی دڵ نامەوێ دەرخەم بەخودا ماڵی چاو شێوێ تکەی ناوەستێ وەرە هاوڕێی غەمەکەم با بگرین کوا بەتەنیایی تەقەی دێ دەستێ کێ دەڵێ دەرکی بەهار داخە لەچاو کێ عەیب دەگرێ لە کاری مەستێ قوڕی ئێمەیشی خودا واشێلا نیە لەم کارە بەعەینی قەستێ دڵنیام من، نییە تاوانی کەسێک نوێژ بەرەو قیبلەی ئەوین دابەستێ غەم مەخۆ کاکە بە گوفتەی ناکەس کوا دەبێ سووک بەپلاری پەستێ تاوەکوو کەعبەیی دڵ قیبلەت بێ سەد بەناو حاجی بە تۆ ناوەستێ بۆیە ئاسۆ دڵی پڕ خوێنە لە ژین بێزی لەو هەموو ڕیا هەڵدەستێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا سەبارەت: نووسین: کارزان چاوەکانت وەک هەڵۆ نیشتوون بە شای مەردانەوە چاوەکانت دوو کەون، وێڵن بە دووی هێلانەوە ڕاوچیێ پیرم، فەقەت هەودای تەماشان، داوی من تۆ بڵێی کەو پێوەبێ، قەت تازە بەو داوانەوە؟ خۆزگە ڕۆژێ وەک چەلان دۆی داوەتم بای داخەکەم هەر وەکوو عەوداڵ کوتی: «دۆ ناچنە دەس پیرانەوە» حاسڵی عومرم چ بوو؟ دوو شیعر و سێ پەڕتووکی کۆن بۆیە قەت نابم پەشیمان، لەو هەموو داو نانەوە پیاو کەپیر بوو هەر وەکوو منداڵ گڕوو دەگرێ گوڵم! ڵێم گەڕێن، خۆم ژیر دەکەم تاهەم بەئەم شیعرانەوە هەر کەسم دی خوێن لەنێو دڵیابوو، ئاهیش ساردی سارد حەق بەوانە، ئاو ئەگەر لێڵ بوو لە سەر چاوانەوە چۆن تەمایاری کە ئاوی ڕوون گەروومان تەڕ بکا چۆن خەڵک دڵخۆش دەبن بەم گەورە بەد ناوانەوە؟ خۆزگە بەو شەخسەی لەنێو ئەم گەرمە بازارەی درۆ چاوی تۆ بەو نەرمیەی، کۆرپەی دڵی حاوانەوە ئێستەکەش قەت ناهومێد نێم تاکوو کوێستان تەم دەکا هەر دڵم خۆشە بە بایێ دێ لە کوردستانەوە شانی شیعرم شل بوە هیند باری مەینەت قورسی کرد بەز نیە نەمدی میداڵی خوێڕیەتی بەو شانەوە؟ من دەزانم ساردو سەرما قەت هەتا سەر هەر نیە دەوری گوڵ هەر دێتەوە دیسان لە پاش زستانەوە ڕوون دەکەن ئاسۆی دڵم، پیریی چ حەددی دەر کەوێ؟ دەستە دەستە هەوری ڕەحمەت دێن بەدەم بارانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵنەوەری سەبارەت: نووسین: کارزان گوڵە شەمدانی چەنێ جوانی! ڕەبی هەڵنەوری تا لە  ئەم حەوشەیە میوانی، ڕەبی هەڵنەوەری چیه مەعنایی زەمان؟ ڕادەبرێ هەر بەدزە مانگی گوڵ تێپەڕی نەتزانی، ڕەبی هەڵنەوەری من دەزانم تەمەنی جوانی و گوڵ چەن کورتە ئەی گوڵی دەورو بەری کانی، ڕەبی هەڵنەوەرێ ئەی وەنەوشەی دەمی جۆباری بەهاری بەنەشە خەبەری مردنی زستانی ڕەبی هەڵنەوەری هەڵوەرین گەوهەری فرمێسکی جودایی دڵ و گوڵ تۆ، تکەی چاوی پەشیمانیی ڕەبی هەڵنەوەری پەلکە ڕێحانە! بە بۆن بە بەرامە ی! نەبەزی!! وەک خەیاتەی قژی کیژانی ڕەبی هەڵنەوەری ئەی شلێڕەی سەر و چاو شۆڕ لەبەر ئەو خاکە لەوێ عاشقی سەر زەوی کوردانی ڕەبی هەڵنەوری تۆش گوڵێکی کە لە پاناوکی کەویردا شین بووی بۆ منی غەمزەدە دەرمانی ڕەبی هەڵنەوەری لەوهەموو داروگوڵەی بوون بە ئەوین بۆ ئاسۆ گوڵە شەمدانی! ئەتۆ جوانی ڕەبی هەڵنەوەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری ئاسۆ سەبارەت: نووسین: کارزان زۆر لەمێژە پێکەنین نا ئاشنای سەر لێومە قەیسم و بێزار لەگەل، هەر ئارەزووی سەر کێومە هێندە خۆیی بوونە خۆرەی شادمانیم بۆیە وا چەشنی باغی بێ سەنەد هەر دوشمنی خۆم خێومە ئەو گەلەی من تا بوە گوڵچێن بوەو دەخڵی دڕک زەردی دەردی بێکەسی جێگەیی زێڕ و زێومە گەرچی دەسکەوتی خەباتم نان و ئاو بوو بۆ دژان سەیرە لای ئەو کافرە هەر زیددی شۆڕش نێومە بەسمە مەیهاوێ بەرەومن تیری تانەت ئەی ڕەقیب من بەپیریش ئارەزووی برژۆڵی دڵ ئەنگێومە دورە ئاوات و لەژین بێزار و بێ عەشق و ئەوین دایمە دڵ بڕسی و خەمی شامم بەجێگەی شێومە نان و ناوە باعیسە لای قودرەتان سووک بێ بەشەر خوا دەزانێ خۆی کە من چەند ڕق لە نان و نێومە ئەسڵەحەم شیعرەو مەزاقم جوانیەو نانم پەنیر نانی بەربانگم هەبێ کوا من خەمی پارشێومە بووکی ڕازاوەی خەیاڵی شیعری من شۆڕشچیە تێنەگەی گەر من لەگەڵ زیندانیی ژێر چارشێومە یاری ئاسۆ ئەو کوڕ و کیژانەیە وا ڕاپەڕین من دەگەڵ کەژوان و لاوان و کچی کێو پێومە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وابەهارە سەبارەت: نووسین: کارزان ئەو کەسەی میوان لە نێو ماڵی دڵی خۆی دەر دەکا با کڵاویشی لە عاسمان بێ، تەنی، بێ سەردەکا داری پیر زستان لە بەر سەرما سەری دانانەوێ چون دەزانێ خاکەلێوە وەک نەمام پەل دەردەکا ریشەی نخل کهنسال از جوان افزون تر  است میسرەعی 'سائیب' لە نێو شیعری منا مەحشەر دەکا تاقە یەک پیاڵە لە دەستی ئەو کەسەی تۆی خۆش دەوێ قیمەتی شەکراو و شیری جۆگەلەی کەوسەر دەکا هەر زەمانێ خۆشەویستی چۆڵی کرد ماڵی دڵت کەوشەکەت خالیس تەڵابێ، پانیە  تۆقلەی هەر دەکا حاسڵی عومری موفیدت غەیری ماچ ومەی چیە ڕێڕەوی تینووی کەویر کەی ئارەزووی گەوهەر دەکا؟ شاعیریی، لەم عەسرەدا قوتبی نەماوە داخەکەم دڵ کە ئێشا چاوەکەم کوا  ئارەزووی دڵبەر دەکا؟ 'بووموسەیلم' ئارەزووی بوو بێتە 'ئەحمەد' مەرتەبەی گەوجیە هەر کەس ڕەقیبیی شەخسی پێغەمبەر دەکا تاو لە هاویندا عەزیزم جوانیی زستانی نیە کوا لە زستانیش جەماوەر ئارەزووی سێبەر دەکا چاوی تۆ زستانی پیریی من دڵی لاو کردمەوە گوێمەدە ئەغیار و دوژمن ئەو قسەی خۆی هەر دەکا! وابەهارە و سوورەگوڵ چاوی لە عاشق داگرێ چیمەنی سەرچۆم لە فەڕش و چادری مەخمەر دەکا چاو لەبولبول کەو بەدڵ گوێ بۆ ورینگەی ڕاگرە مەست نیە ئاسۆ! خەریکە شیعری تۆ ئەزبەر دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵەکە سەبارەت: نووسین: کارزان گوڵەکەی سەر لە ڕەشەممانە وەدەرهێن چۆنی؟ ڕەنگەکەت جوانە بەڵام بۆچی کەمێ بێ بۆنی؟ من دەناسی؟ منم ئەو شاعیرە ڕیندەی موکوری عاشقی تۆم کە گوڵی کێوی وڵاتی خۆنی ئاشناتم لەگەڵم بدوێ بە زاری گوڵ و موڵ چەند دڵم تەنگە لەدەس شیعر و گوڵی نایلۆنی! بولبولێ بووم کە لەسەر گوڵ نەبێ چەهچەم نەدەهات خەم لە لام پووشی وشک بوو بە گڕەم یان تۆنی ئێستە شادی بەدزیش نایێتە نێو شیعری  تەڕم شیعرەکەم بۆتە وشەی حەجم و سپی و کارتۆنی تاوەکوو باری خەمی کۆچی ڕەفیق دێتەوە بیر وشەسازیم و غەزلنووسی نەماون  شۆنی وەرەجوابم دەوە ئەی جوانەگەزیزەی بێ ناز خۆ لە نێو شیعری منا تۆ وشەیێ نامۆ  نی لەپڕا هاتە زمان و وەکوو حافز بە غەزەل کوتی تۆ بۆچی دەگۆڕێی مەگە تۆ ئاسۆ نی؟ ! گل عزیز است غنیمت   شمریدش صحبت بتهوون سا بسرا طرحی نو از  سامفونـــی مەلی پیری کە لەسەر داری حەقیقەت هەڵنیشت دەست دە ئەوپیاڵە شەڕابەی لە ئەوانەی کۆنی تەمەنت چۆتە سەرێ تازە ئەدی چەشنی چەلان چاوەڕێی دەنگی نەشەی داوەت و دەستی دۆ نی دەردی خۆت و گەلەکەت باس کە لەتۆی شیعرەکەتا تۆکە ئاسۆی گەلی مەدداحی قژ و مانتۆ نی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەشەمە سەبارەت: نووسین: کارزان ڕەشەمە کەوتە کۆتایی ئەدی بۆنی بەهاری دێ خۆڕەی ئاوی خڕانیشی بەسەبری نا! بەهاری دێ بەهاری ساڵی ساڵانمان بەخۆشی ڕابرا ئەمما لە دەست ئەم چەرخە کەج ڕەفتارە دایمە کەجمەداری دێ کەوی سەر شاخەکان پۆل پۆل دەهاتن قاسپەیان ئێستاش لە گوێچەی باغی بێ پۆلی گەلی قومری و قەناری دێ گەزیزە زیزە ئێستاو چەشنی لەق لەق پاکی تۆراون نە دەڕژێش وەک چەلان لە گوێم نەوای تەپڵ و نەواری دێ کە بولبول دەنگی چەهچەی دێت و سوڵتان کەوتە سەر ولول لە ئەفشاردایە ماملێ گەر سەدای سەوت و قەتاری دێ دریغ بۆ شیعر و گۆرانی دریغ بۆ بەزمی هەڵپەرکێ دریغ بۆ شارەکەی ساڵان دریغ بۆ ئاسەواری دێ وەهام لێ تێکەڵاوە ڕەمزی شیعرو بەزمی دڵداری لە مزگەوتی کەماڵاتم خەیاڵی سەر چناری  دێ وەها سەرمەستی بەحری شیعری ڕەمزاویم کە نازانم وەفایی هاتەوە سابڵاغ وەیا بۆ حوجرە ناری دێ ئەمن خۆ هێندە بێهۆش نیم وهەربۆم ڕوون نەبوو ئەما چریکەی بازە یا ڕەحمان، سەدای میزرابی تاری دێ؟ لە ئاسۆ بۆچی ناپرسن مەلی پیری لە سەر شانە کەچی بۆ مێشکی هەر بۆنی کچێکی سەبزەواری دێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشەکۆن سەبارەت: نووسین: کارزان تەح! لەچەوتیی چەرخی چەپگەڕ! چەندە چەپ سووڕانیە من دەڵێم وەک ئاشە کۆنە، تۆ بفەرموو وا نییە ئاش، گەنم هاڕە لە تۆڵەی بابە ئادەم، ئەم کەچی هەر سەری ئادەم دەهاڕێ و کاری سەرگەردانیە بوومە لەرزەی خستە عالەم، لەرزی ئەم عەرزەی وڵات سەیرەلام بۆ هەر کەسی بەرکەوتوە، کوردوستانیە من زمانم لاڵە لای ئەڵڵا بەڵام جوابم نییە کەیفی خۆیە چی دەکا، قەستەم بەقورعان وانییە نەفسی بەد کردارە ناهێڵێ بەشەر ڕاحەت بژی هەمیەتی قەت پێ مەدەن، بەم کەلبە نانی نانییە من خودایێکم هەیە تا ئێستەکەش ناسراو نیە چون ئەگەر ناسرابێ جیسمە، دیارە جسمیش خوا نیە هەر ئەوین بۆ وەی دەبێ و خاکی وەتەن بمری لەبۆی مەرتەبەی عاشق بە بەرزی مەرتەبەی سوڵتانییە ئەو دەمەی دوو دڵ گرێ دەدرێ نیگایان لەیەک شادمانی و لەززەتی ئەوتۆ لە دونیا دا  نییە! چت لە بەحسی کات و سات و جێ و مەکانە؟ عاریزین پاکی عەرزین ئەم هەموو کورتی و درێژی و پانییە سەر کەوە لەم چاڵە قووتە، عومری چی لەو بەرزیە پاکی دەبنە لەحزەیێ قەڕن و سەعات و سانییە ساقیا! سادەی! دەخیلم، تۆم نەبی زۆر بێ کەسم لەم شەڕ و شۆرە عەزابی مەی پەرەستان، چا نییە حەقیە ئاسۆ ڕەخنەگر شیعرت بە سوننەت دابنێن ئێستەکەش قیبلەی دڵت هەر دار و چۆم و کانییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موندیال سەبارەت: نووسین: کارزان عالەمێ شەو سەیری تۆپێنی وڵاتی خۆ دەکەن هەر تەماشای شکڵی ئاڵاو سەیری هاتوچۆ دەکەن دەوحەیە ژوانگەی ئەوین و باخچەیە باری شەوان تاقمێ سەیری شەمامەو دەستەیێ گوڵ بۆ دەکەن عارەبی سەرپێ لەپێ ناوی لە عالەم کردەدەر حاکمی بیرکورتی وێش گوڵزارەکەی بۆژۆ دەکەن دژ بەشادی و ڕامیاری و روود و بادەن کۆنپەرەست وا هەزار ساڵە قەراردادی درۆ تاپۆ دەکـــــەن هەر منی کوردم لە جەنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شار و دێم ڕۆژ و شەوێ تەمرینی شین و ڕۆ دەکەن پەرچەمێکم من لە نێو ئەو هەموە ئاڵا دا نیە پشتیوانیشم هەبێ پاکی قسەی بەدرۆ دەکەن جا ئەدی چۆن زەوقی سەیری موندیالم بێ کەمن شارەکەم شینی شەهیدی حەوت و هەشت و نۆ دەکەن؟ چۆن نەپۆشێ ڕەش کچی شیعری ئەوینداری گەلم بۆ دەوای زامم لەزولفی کیژەکان بۆ سۆ دەکەن شارەکانی کورد هەموو جەرگیان دەسووتێ وەک سنە خاسە ئەمشەو نوێژ بەرەو مزگەوتەکەی جوانڕۆ دەکەن شار نەماوە خاکی کوردان، شار و گوندی بوونەیەک بۆ سەری منداڵ کوژانی کۆنپەرەست بەرد کۆدەکەن شاعیرانیش کیژ و لاویان چەشنی ئاسۆ یەک بەیەک تف لە جاڕنامەی مروڤ و عەهدەکەی ناتۆ دەکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چادر نشین سەبارەت: نووسین: کارزان لەچاوانت دەترسم من لە وەختێکا خەواڵوو بێ بڵێی لێوت لەمژتن دا بەڕەنگی ئاڵوو باڵوو بێ! ئەگەر سەودا دەکەی ماچێ بە نرخی ئاوی ڕوو دەیکەم ئەمن هەر هەڵوەدای ماچم دەسم یەکجاری با ڕوو بێ لەتەختەی سینەتا من هەر دەدۆڕێم چون بەجێی جوت پێنج دەبێ هەردەس بەمۆرەو نەردی من وەک تاسی مەم دوو بێ دەزانی خاڵەکەی سینەت بەوێنەی دانی سەر داوە؟ کەچی ماچی بکا شەخسێ بەهەشتیشە ئەگەر جوو بێ بڵێی ڕۆژێ خودا بێنێ شەوێ من باغەوانت بم دەسم بۆ میوە هەر نابەم مەگەر بۆ مانەوەی توو بێ نزیکیی شاعیری عاشق لەگەڵ شاجوانی وەک تۆدا وەها جوانە ڕفاقەتیان بەوێنەی شانە و موو بێ لەبەر کۆویدی نۆزدە کووچەتان سەدهێندی چین دوورە دەنا پێمخۆشە پێم داییم لەڕێی ئەو کووچە ماندوو بێ من ئەو دەروێشە دڵڕێشەم لەتەکیەو خانەقات دوورم لەدور ڕا سەهمی دەروێشان دەبێ هەر بانگی یاهوو بێ بەشی یەک چادری ئاسۆ هەبێ لەو دەرکی بێڵایەت قەبووڵە! چش هەتا مردن ئەگەر بێ ماڵ و خانوو بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرگێڕاوی نەی نامەی مەولانا سەبارەت: نووسین: کارزان گوێ لەنەی بگرەو بەسەرهاتی خەمی چۆن دەناڵێنێ لە دووری هاودمی لەودەمەی دوورم لەقامیشڵانی خۆم پیاو و ژن وێکڕا هەمووی غەمبارە بۆم بۆ کەسێکی تاسەبار دەیڵێم ئەمن دەردی دووریی کردبێتی سینگی کون لەم هەواو خاکە ئەوەی دووربێتەوە چاوەڕێیە خوایە کەنگێ دێتەوە؟ من لەهەر کۆڕ وبەرافی کەوتمەگڕ بوومە هاوڕێی گەرمەهەست وساردوسڕ هەر کەسێ بۆچوونی خۆی بۆ خستمەکار ڕازی دڵمی هەڵنەدا، یەک تاقەجار هەروەکوو لەش قەت لەڕۆحی جیا نیه لەش له بەر چاوانە ڕۆح پەیدا نییە ڕازی ئەمنیش تێکەڵاوی ناڵەمە چاو وگوێ بۆ دیتنی ئیزنی کەمە ئاگرە ئەم ناڵەیەی نەی با نیە ڕەببی بمرێ ئەو کەسەی تێیدانیە ئاگری عیشقە وەنێو نەی کەوتو وە ئەوکوڵ وجۆشەش وەنێومەی کەوتووە نەی ڕەفیقی ئەو کەسەن دوور بێ لەیار پەردەکانی ڕازی کردین ئاشکار کێ وەکوو نەی زەهر وشیرە پێکەوە؟ ئەوشتەی هاولێو و هاو دەم بێ ئەوە نەی قسەی خوێن وڕچەی تیاچوون دەکا باسی ئیشق ودەردەکەی مەجنوون دەکا مەحڕەمی ئەم هۆشە هەر بێهوشیە هەر وەکوو گوێ مشتەری زار خۆشییە لەو غەمەیدا عومرەکەن زۆر تێپەڕی زۆربەغەم بوو عومرەکەش دەور وگەڕی عومرەگەر ڕویی، دەبا بڕوا بە توون تۆبمێنی باشە ئەی مایەی هەبوون غەیری ماسی ئاو هەموو کەس تێرە لێی ئەوکەسەی بێ ڕۆزییە، ژێر خاکە جێی جا کەسێ نەکوڵا بێ کوا حاڵی لەوە؟ چاکە بێدەنگ بی ئەدی کورتی کەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سکاڵا سەبارەت: نووسین: کارزان لەسەفحەی سینەتا تاکەی بەبێ هۆ من موتاڵاکەم هەتا گەنگێ وشەی شەرمن بە بێژنگی خەیاڵاکەم؟ ئەوەی پارێزەرە پارەی نەدەیتێ مافەکەت دەخوا لەکن شێخزادەیێ بەشکم ئەمن هێندێ سکاڵاکەم خەیاڵ زۆرتر بەتاڵە‌‌‌..وادەڵێن پیاوانی پێشترمان.. خەیاڵی ماچی تۆ جوانە بەسەر شانی شەماڵاکەم الم نشڕح؟ لەبۆتۆ هەرچی شیعری ئاشقانەم بوو؟ خەیاڵم وایە سفرەی پاکی دڵمت بۆ یەکاڵا کەم کەبەژنت داری ئالای سەرقەڵای ئاواتی ڕۆحم بێ قەراربێ تاکودەمرم مەدحی ئاڵا و داری ئاڵا کەم بە تاڵی زولفی تۆ قەستەم لە تاڵەم تاڵیی نامێنێ بەیادت گەر بە مەستیی چەت لەگەڵ شووشەی بەتاڵاکەم پەیامێکت بە سەد تیتری هەواڵی پڕدرۆ نادەم مەگەرشێت بم سەرم ئیدی بەکاناڵی هەواڵاکەم سەرم مەستی هەوای ئازادییە ئەمما قەرەنتینەش مەگەر دێڵێ کەمێ لێوم بەبادەی لێوی ئاڵاکەم؟ بزانە ناهومێدیی قەت بەلای شیعری منا نایێ بەمەرگی تۆ قەسەم یاری لەباری سەرو باڵاکەم لەئاسۆ دێتەدەر ڕۆژێ هەتاوی بەختی ئەم خەڵکەش دەزانم چۆن قسەم ئەمجار لەگەڵ گەورەو مناڵاکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوحای شێخزادە سەبارەت: نووسین: کارزان تۆم هەبێ پیریی چ حەددێکی هەیە لێم درکەوێ ماچی تۆم بێ گەر بەهەشتیشم دەنێ هەر نامەوێ قەت لەدەس بوون ونەبوونیی من نەبوم زارو زەبون ئادەمێکی نێو بەهەشتم سێوی سینەت دەرکەوێ کوا سکاڵای من لەدەس جەبری زەمان ودەورەیە؟ زاڵمت دیوە هەمیشە فەقری مەزڵوومی نەوێ؟ خوابکا ئەوڕۆژە بێ سێڵاوی خەڵکی هەڵبسێ ئەودەمەی پیاوم دەوێ بۆشێرە کوردان دەرکەوێ ڕەش دیعایەی ئیمپڕاتۆڕی هەبی زەردی دەکەم سوور بەرم بگرێ بە یەک هەل دەیگەیێنمە مەسکەوێ کوردم و لەم تۆپە خۆڵینەی خودا مافم هەیە خۆڕەجەب جەردەی ترک نیم! من حەقی خۆمم دەوێ واوەرە ئەی کیژی شێخزادە دەسێ هەڵبێنەوە وەی قەزای سرتەت لە هەرچی زاڵمی عەسرە کەوێ تۆبزانە تائەوین مابێ خەباتیش هەر دەبێ ڕۆژ لە ئاسۆدێتە دەر، ڕۆشن دەکا تاریی شەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبەدی کاڵا سەبارەت: نووسین: کارزان تێپەڕ دەبێ وەک خەونی خۆش، ئەم عومرە، ساڵی وەک سەعات ئەسکەندەریش بەوقودرەتە، هەر نەیدیەوە ئاوی حەیات زۆر بێ عەقڵ بوو والەبەر قودرەت هەموو عالەم گەڕا لەو ئاتن و ئیسپاڕتی خۆی عاشقی کچێک با، لێو نەبات سەدکۆشک وکاخ وکەوکەبەی قوربانیی ماچێ لەو لەبەی کوا شا ئەوەندەن شادمان؟ کاتێ کەیار، بانگت دەکات تا چل دەڵێی مردن نیە، پەنجا دەلەرزێنێ دڵت پیاڵەی تەمەن خواربێتەوە، ئەوکاتە حیسان تێدەگات ئاشتی لەشەڕ زۆرخۆشترە تار باشترە تاکو تفەنگ بێ زەڕترە ئەوشایەرەی حەیران دەبێژێ بۆ جەمات ئەو فەلسەفەو عەقڵ وگزەو فێڵ و سیاسەت بازیە وەک داب ویاسای جەنگەڵە، زایف بی، هێزدار دەتخوات ماڵ و پلەوپووڵ و پڵاو، هەر بۆئەوان، ئەو خەڵکە هیچ قەرتاڵەیە کالا دەدەن، تاخەڵکی ئابڕووی خۆی ببات ساقی وەرە لەم بەحسەدا من گێژی سیحری یەک نەمم موترب! لەتارت پەنجەیێ، مەیخانەچی! ڕوون بێ چرات تۆ بەستەیەک، من یەک غەزەل، بایارەکەی پارم ئەدی لەجیاتی ئەو قەرتاڵەیە، ماچێ بەئاسۆی خۆی بدات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵپڕ سەبارەت: نووسین: کارزان هێندە لەم ئازاری ژینی نالەبارە دڵپڕم هەر دەڵێی تەیرێکی تەنیای سەر کەلێ سارد وسڕم کوا؟ لەکوێی؟ ئەی تینی تاوی نیوەڕۆژی ئاشقیم ساردە، سەرمامە، نەماوە لەم کەلە تین وگوڕم هێزی باڵم پێ بدە ئەی شاپەڕی ئاسمانی پاک تا هەڵۆ ئاسا بەرەو بەرزایی کوێستان هەڵفڕم شیعری من خنجێری بەر پشتێندی لاوی پێشترە دڵنیابن تاهەبم قەت دەسکەکەی خۆم نابڕم ساقیا! تیغی خەیانەت تیژە جامێ تێکە بۆم با لەزارم بێتەدەر پشکۆی کەلیمەی وەک گڕم تا بڵێم ئەی خوایە کەعبەو جەننەتت حەڕڕاج کرا کەربەلا تەنگی بەحەج توندکردوە هیچیان ناکڕم کوانێ واژەی کاک و دادەی ساڵی ساڵان بەرخی بام کەی هەمیسان دەبنە یەک جاف و گەورک و کەڵوڕم؟ لاوەکان دەستان دەنە قەبزەی قەڵەمم، نەک تیروشیر! ڕوو لە ئاسۆ وەر مەگێڕن چاوەڕێی یەک ئاوڕم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیامی ڕووناک سەبارەت: نووسین: کارزان تۆخودا ماندوو مەبە ئەی دڵ لەڕێگەی ماڵی یار فیکری ئەوساڵت هەبێ، بەسیە ئەدی خۆزگەم بە پار کەم لەدەستی دۆستی نامەرد ژاری مارت چەشتوە؟ ئەوشتەی نورت ئەداتێ، چاوی یارە، چاوی یار عاشیرەی ڕووناکە واپێی تەی دەبێ کات و مەکان دووی کەوە، ئەممابەشەرتێ، چۆمی ڕێ هەیبێ بووار گەرلەنێو سارای ئەوین، لاقت بلۆقی کردوە بەڵگەیە بۆسەختیی ڕێگا، لێیگەڕێ بۆ یادگار گەر ویسالت دەسکەوێ روتبەو تەرازت بۆچیە؟ ژین هەمووی هەر ئیمتحانە، کواهەرێمی ئیختیار تۆ لە ئەووەڵ جەبرەنی هاتوویە ئەم وێرانەوە مەسڵەحەت بینی چیە؟ گوێ مەگرە ئیخبار ونەوار زۆرکەسان خەوتن بەیانی بچنەسەر تەختی بەخت بێ ئەوەی ڕۆژبێتەوە خستیانە قەبری تەنگ وتار زۆرکەسان بۆ ڕێی حەجێ ڕێکەوتن و لەو ڕمڵەدا پێچەکەی سەریان لەبەر دڕکی موغیلان بوو بە بار ڕۆژی ڕوون هەرچاوی ڕووناکە لە ئاسۆ دەرکەوێ تاقە ماچێکی لەبەردی کابە دەردێنێ دەمار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم خۆش بوو سەبارەت: نووسین: کارزان دڵم خۆش بوو دەمەو نەورۆزە، باڵندانی کۆچکردوو بەرەو هێلانەیان دێنۆ بەپۆل پۆل یەک یەک و دوو دوو تەوژمی سەخڵەتیی زستان و ڕێبەندانی تاراوگە لەلەشیان دەردەچێ کاتێ کەماچ کەن دۆستی ڕابردوو بەڵام سەدحەیف وسەد ئەفسووس سنوور گشت بوونە دیوارێک مەلیش ڕێگەی نیە بفڕێ، بەهاریش ڕەنگی خۆی تێکچوو بەهاری چی؟ گەزیزەم دی لەسەرکێو یەک بەخۆی دەیکوت ئەرێ کوا شوانێ چەپکەم کا لەبۆ دڵداری چاو ماندوو؟ بەڵێ، دڵدار و دڵ ئێستاکە پاکی وەک گولی بەسری گوڵیش وەرناگرن حەتتا، لەماچیش وەر دەگێڕن ڕوو خودایا کوائەوەش حوکمە؟ دە ڕەببی وەرگەڕێ تەختێ کەکاتێ ڕووئەدا دەردێ، خەڵک بێدارو ئەو نووستوو بەهاری چی؟ لەبولبول گەربپرسی کوانێ ڕێی گوڵزار؟ لەنێو وێرانەیێ کوندێ بەسەوتی خۆی دەڵێ هەیهووووو بڕۆ ئێستا نەماوە دەنگی تارو بەزمی ساقی ومەی زەمانێ شیعری تۆ نوقڵی مەحافیل بوو ئەدی دەرچوو فەلەک دەردێکی عالەمگیری داوە بەم کورەی خاکە هەموو دەرگیری دەردێکن! فەلەو تازی و عورووس وجوو لە ڕۆمیشدا گلادیاتۆڕ ئەسیری دەستی وایڕۆسن لەچینیش کۆنەدیواری لەعومری خۆیەتی ماندوو بەڵام من دڵنێام ئەم دەردە هێندەی وەحشەتیش ناوێ لەعیلمی کیمیادا گەر بمێنێ یەک نەفەر بۆ توو دەکا چارەی خەمی ئەم خەڵکەوا داماو و حەیرانن قەتارەی تەیری گەرمێن دێنەوە بێ وەحشەتی باشوو برینی خەم دەبێ ساڕێژ و شادی دێتەوە کایە ئەدا دەق تەبعی کیژ و کوڕ بەوێنەی شانە تاری موو بەچاوی تۆ قەسەم ئاسۆ، ئەوەی ناوێ، ئەمەش دەڕوات ئەوەی ڕۆیی ئەدی ڕۆیی، ئەوەی دێ دێ ئەوەی بوو بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەختی سولەیمان سەبارەت: نووسین: کارزان کوندەبوویێ پێی کوتم، گوێت لەم قسەم پەنهانی بێ پەندی کوندیش گوێگرە، لازم نیە شاهانی بێ تۆ بڵێی خەسرەو کە دەستووری دەدا لەم نێو قەڵا گەر دەبێتە ئەم کەلاوە؟ خۆی ئەمەی پێ زانی بێ دیوتە ئەم کۆشک وقەڵا چۆن بوونە مەئوای ماروموور؟ تا سولەیمان بێ، قەڵای وا ساز نەکا ڕووخانی بێ بەردی بنچینەی هەموو کۆشکی ستەم هەر تێکدەچێ چەشنی فیردەوسی مەگەر کۆشکێ دروس کەی مانی بێ کۆشکی شیعری شاعیرەو نووسراوی سەر بەردی زەمان ناوی هەرمانی هەیە، قەیناکە با کەم نانی بێ چاوکەچۆن مەم زیندە گۆڕبوو، میری زێندین هەرنەما پیاو دەبێ گەر بیشمرێ مانی بەوێنەی خانی بێ ناحەزی وجوانی لەسەر یەک ڕەفحە دانێی بۆ بەشەر جوانیی هەڵدەگرێ، مەگەر هەر پەیڕەوی نادانی بێ ڕاستە شیرین باعیسە خەسرەو وەها کاخی هەبێ کوا سولەیمان؟ تەختەکەی قوربانی چاوی جوانی بێ کامە قودرەت بوو بەرەو پاکیی نەڕویی پیس نەبوو؟ زاڵمیی شەیتانییە، با زاهیرەن ڕەحمانی بێ کاکە ئاسۆ! لەم سەراو و کۆشکە عیبرەت وەرگرە شیعرەکانت بۆ کچ و کوڕ وەک زوڵاڵی کانی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیوا سەبارەت: نووسین: کارزان من بە هیوای تۆو پەیامت ئەم شەوەم کردە بەیان داخەکەم تۆ هەر نەبووی حاڵی لە ڕازی عاشقان هێندە تامەزرۆم لە بۆ تاقە نیگاهێ دڵڕفێن وەختە وەک مەجنوونی عاشق ڕوو بکەمە شاخ و کەژان نازی مانگ ناتوانێ دەرکی کا کەسێ شاعیر نەبێ ناز بەسەر مانگدا فرۆشتن خۆشە تا ئاخر ژیان ئارەزوومە ڕۆژێ ئەمن و تۆ لەسەر دوندی چیا بەزمی ئازادی بگێڕین بۆ بەڕێزی نیشتمان زێڕ و زێو بێ قیمەتن تا گەردنی زەرد دەرکەوێ باغی سێو ناچم ئەگەر لێم دەرکەوێ سینەو مەمان کامە دڵ بێ ڕەحم و ڕەق بێ و عیشقی لا ئەفسانە بێ هەر بەحاڵ تۆ بیدوێنی وەک هەویر نەرمەو نیان وەک ئەمن کەم کەس دەزانێ شەرحی ڕەمزی عاشقی وەک ئەمن کەم شاعیرە شیعرێک بڵێ بۆ چاوی جوان هەر بەتەنیا من لە نێو پیرانی شاعیر عاشقم نامەوێ پۆست و مەقام و سروەت وفەرمانی خان یا بە ماچێ جایزەی مدحییەکەی ئاسۆ بدە یا لەکۆڵ شاعیر بەوە باداکەوێ بەستەزمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناکرێ سەبارەت: نووسین: کارزان غەیری پیری ومەرگ، ئەرێ کام دەردە دەر مان ناکرێ؟ کامە ڕێگا ڕژد وناهەموارە، ئاسان ناکرێ؟ ئەی بەشەر تۆ بۆ لەسەر ڕێی ڕاستییا لاڕێ دەرۆی تاجەوانی چارەیێ بۆخۆت، لەپاشان ناکرێ کامە دەوڵەتمەردە حەز ناکا خەڵک بێ جووڵەبن ئەم قەرەنتینە درۆیە، قەت بەدەرمان ناکرێ نۆکەریی بێگانە کردن سوودی هەر نەبوەو نیە بۆچی تەگبیرێ دروست بۆ ڕەنجی ئینسان ناکرێ! ؟ ئەی گەلانی دژ بەکوردان! عاقبەت ڕیسوا دەبن کامە زوڵمە گەر لەخاکی پاکی کوردان ناکرێ کاکی قازی بۆ چی حەق پێشێل دەکەی بۆ ڕیشوەیێ حەق بەناحەق ناکرێ کاکە بەقورعان ناکرێ تورک وتاجیک و فەلەو تازی سجیلی خۆی هەیە گەنمی چێنراوی گەلی من بۆ بەخرمان ناکرێ کاربەدەستێ داربەدەس بێ وای بەحاڵی میللەتی گورگی باران دیدە گەورەم ئاخە بەشوان ناکرێ دەچیەهەر دەزگایێ دەوڵەت، دۆستەکەت دۆژمن ترە وات لەگەڵ بەرخورد دەکا قەت قەت بەشەیتان ناکرێ شارەداری ماڵ بڕووخێنێ وچەتەیشی چەک بەدەست قەت بەڕۆستەم پووری ئەم شارە بە بوکان ناکرێ گشت ددانم کەوت بەڵام هیچکەس لەمن حاڵی نەبوو نەسحەتی قازی ومەلا، ئاسۆ! بەئاسان ناکرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەیاڵی خاو سەبارەت: نووسین: کارزان خۆزگە دەتزانی کە چەن مەجزووبی ئەو دوو چاوەتم چەندە ماخولیا و کزی ئەو بسکە تێك ئاڵاوەتم خۆ دەزانم چەند خەیاڵی خاوە عەشقی تۆ، بەڵام چونکە خاوم عاشقی ئەو بسکە لولو و خاوەتم ئەو دەمەی ماندووی لە ڕێی مەکتەب دەشێوێ شێوەکەت من پتر سەوداسەری ئەو شێوە ئاڵۆزکاوەتم هەر دەڵێی ئاسکی لە دوور ڕا مەشقی دەشتی دڵ دەکەی کەم بە ناز هەنگاو هەڵێنە شێتی ئەو هەنگاوەتم بۆ قوماری عیشقی تۆ هیچکەس نەبوو بیباتەوە؟ تۆ لەمن گۆڕاوی و من ئەو شێتە ژین دۆڕاوەتم ڕووت هەتاوی خۆشەویستی و بەژنەکەت داری شێعر زۆر لەمێژە شاعیرێ بێبەش لە ڕووی ئەو تاوەتم من خەتابارم لە تۆی بەرگی غەزەل جێ ناگری هێندە ناوت بەرزە ناگونجێ فیدای ئەو ناوەتم ڕەو دەکەن تەیری وشە ئیمشەو لە هەڵپەرکێی خەیاڵ تاکوو واشەی چاوەکانت ببنە دۆی نێو داوەتم گەر بە چاو نەتدیوە بەرخی بێکەسی جێماو لەڕان خۆ منت دیوە من ئەو بەرخی لەگەڵ جێ ماوەتم تا بە شاباڵی خەیاڵت سینگی ئاسۆت دادڕی مات و هەڵکوورماوی دەست ئەو هێرشی شەو ڕاوەتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەون سەبارەت: نووسین: کارزان خۆزگە ئەمشەو، شەو بەیانی هەر نەدیبا بێ وچان قەد لە ئامێزی نەگرتبا هەیکەلی کیژی بەیان خۆزگە ئەمشەو من لەگەڵ دڵ هەر لەبیری خۆ دەماین خۆزگە پاش ئەو خەونە ئیدی نەمدیایێ ڕووی ژیان دوێ شەوێ ساقی ئەمەل پەی پەی لە کووپەی ئارەزوو جورعە جورعە مەی دەگێڕا بۆ جەمیعی عاشقان بەڕبەت و عوود و کەمان وچەنگ و سەنتوورو ڕووباب گش لە سینەی عاشقان کۆک بوون لە مایەی ئیسفەهان بای سەبای عەتری بەهاری فووی لە پۆلووی هەست دەکرد دەی گەشاند هەستی خەمۆش و ژیلەمۆی خەوتووی زەمان کۆترە باریکەی فریوی دژ بەحەق و ڕاستی کردبوی ئەمشەو لەسەر داری نیشاتم ئاشیان ساردەبای سیخواری تاڵیم ببوە لێ سۆزەی شەماڵ وەک بەهەشتی عەنبەرین بوو دەشت و سەحرای نیشتمان لەو شەوەی یا خۆ بڵێم لەو خەوەی دا دیم بەچاو تەرمی ئەسفەندو دەی و بەهمەن لە ژێر پێی نا گوڵان وەی خودایە چۆن خەوێ بوو وا منی بووژاندەوە هەر نەبێ جارێ بەخەونیش دیم دڵی خۆم شادمان دەردی هیجران گەستە ئاسۆ، بۆیە بۆ یەک خەونەڵێ خۆزگە ئەمشەو، شەو بەیانی هەر نەدیبا بێ وچان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاییز سەبارەت: نووسین: کارزان پاییز، دڵتەنگ، پاییز ڕەنگ زەرد من بە فرمێسک تۆ ئاهی سەرد با هاوارمان بگرێ ئاسمان تۆ بۆ گوڵ و من هاوڕێکان تۆ بۆ باغی زەرد هەڵگەڕاو من بۆ شیعری پەنجە پەڕاو تۆ بۆ گەڵای ویشک و بێ تین من بۆ لێوی ویشکی بێ ئەوین تۆ بۆ جۆگەی قەوزە گرتوو منیش بۆ هاوڕێی لەدەس چوو تۆ بۆ کانی ویشکی بێ ئاو من بۆ زنەی فرمێسکی چاو وەرە تۆ شینگێڕبە بۆخۆت با ئەمنیش بیسێنمەوە بۆت پاییز دڵتەنگ، پاییز ڕەنگ زەرد من بە فرمێسک تۆ ئاهی سەرد با هاوڕێ بین بڕژێ بەلا لە من فرمێسک و لە تۆ گەڵا پاییز من هاوڕێی خەمانم ئاخم، ئۆفم، دەردم، ژانم زەردەم لێ بوو بە زەردی تۆ لێوم سڕەو نایەتەگۆ پاییز منیش وەک باغێ بووم بەدەس خەزانێ زووڕەس چووم هەر بەسەوزی گەڵام وەرین زەلکەم لێ بوە بەحرین بەرین تاڵی بادەی سووڕی دەوران خەمی ئاواتی نێو هەوران هەر بەلاوی پیریان کردم تین و تاوی شەوقیان بردم ئێستا منم و ئازاری شەو ئێستا منم و چاوی بێ خەو دڵ گۆڕستانی ئەوینە نامۆی نیگاو پێکەنینە پێکەنینی لێوێکی ئاڵ هەودای نیگای دوو چاوی کاڵ هەر چەن ئەوین قەت نامرێ ژەنگی لەبیر چوون ناگرێ پاییز ڕەنگ زەرد، پاییز هاودەرد من شیعرم هەن، تۆ ڕەنگی زەرد بگری بگری، نم نم، تۆ تۆ تووند کە هەوری دەمەو ئاسۆ مەگری بۆ من بگری بۆخۆت با ئەمنیش بیسێنمەوە بۆت بگرین بۆ مەرگی پێکەنین بۆ چاوی سووری دەریای شین بۆ سازی بێ نەوا و ئاهەنگ بۆ گۆرانی بێژی دڵتەنگ بۆ شاعیری بێ دەسەڵات ئەوینداری جوانی و خەبات بۆ زەوقی لە دڵاندا مردوو بۆ ژیلەمۆی چاوەڕێی فوو پاییز پاییز، ڕەنگ زەرد، دڵتەنگ بگری دڵ پڕ ئازارو ژەنگ مەگری بۆ من بگری بۆخۆت با ئەمنیش بیسێنمەوە بۆت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەرمان سەبارەت: نووسین: کارزان تالەدەردێ نەگوزەرێی، دەرمانێ دیکەت نادەنێ ڕێگەخوی ڕێنوێنە بۆ ڕێبوار، کەچۆن سەرپێوە نێ تۆ ئەگەر ڕابی و لە ڕێگا شارەزا، ترست نەبێ یەک نەسیحەت بگرە گوێ، قەت قەت مەڕۆ تاقی تەنێ یار خەیاڵیشی لەڕێدا هەروەکوو هاوڕێی دڵە ئاوی فێنکی ڕێگەیە ئەو ئاوی قووڵکی گەردەنێ ئاوی قوڵکی گەردنی یارە کە لێوێ تەڕ بکات تاهەبێ بار نایگرێ دایمەدەبێ هەر پێبکەنێ گەرسەری زولفێ ببێتە باوەشێنی عاشقێ حەقیەتی هەر دایمە کۆرپەی خۆشەویستی ڕاژەنێ ئاگەداربە! بازی چاوبەسراوی شات تێبەر نەبێ خۆ لەخۆڕا ئەوهەموو گۆشت وپڵاوەی نادەنێ ماڵی خۆت بافەڕشی کاشانی نەبێ قەیدی نیە خۆشترە لەو شوققەساز دەکرێ بەوامی مەسکەنێ زاڵمان گەرتیکەیێ نانت دەنێ دوانت دەخۆن خۆش بەحاڵ ئەوشەخسە وا کەڵپەی تەماحی هەڵکەنێ زۆری واهەن دێن پلەوپایەی ئەویندار سووک دەکەن کوانێ دەریا پیس دەبێ گەر سەگ دەمێکی پێوەنێ؟ ! دەردی ئاسۆ زامی ئەو سوارەن لەقامی کۆنەدا ژانی زامی ناشکێ ئیللا بەماچی ژێر چەنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاری تۆزاوی سەبارەت: نووسین: کارزان لە گۆشەی ماڵە چۆڵێکدا وەکوو تارێکی تۆزاوی بە تەنیا هەڵسپێراوم بەبێ ڕێزی بە داماوی هومێدی پەنجەیێ نەخشین بەدی ناکەم لەسەر سیمێ هەتا بگریم بەیانی کەم مەقامی شیوەنی لاوی مەلێکی لانەشێواوم نیە ڕێی هەڵفڕینیشم لەسەر لوتکەی چنارێکی وشکبووی زوڵمی بێ ئاوی ئەوەی هەستی هەبێ نەمدی گەش و ڕووخۆش وڕازی بێ مەگەر ئەو شەخسە وا بەستی لەکن مەردایەتی چاوی لە نێو چاوێ وەکوو دەریا بزەی لێو و گەشەی شادی لە گێژی گێژەوی دەردا لەسەر ئاون بە خنکاوی وەرە سەیری کە شاری دڵ وڵاتی چۆڵ و خامۆشە مەگەر تۆ بەو بزەی لێوت جمووجۆڵێکی تێ باوی ئەتۆی ڕێبواری ئەم شارە ئەتۆی قیبلەی من ئەمجارە خەیاڵی خاوەکەم خۆشکە، کە خێوی پەرچەمی خاوی وەرە ئاسۆی خەیاڵی من، شەمی شەوگاری تاڵی من مەگەر عەشقت بلەرزێنێ تەلی تارێکی تۆزاوی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوایین وتەی دایە سەبارەت: نووسین: کارزان مناڵێکی سەربزێو بووم عاشقی چۆم و دار و کێو بووم وەک ئێستاش دیارە ڕەشتاڵە پێخواس و یەخە ئاواڵە چاوم پشکووت بەشای مەردان خانووی کۆنە، ئاسمانی جوان بە کۆڵەکەی دووکەڵی ڕەش هەڵدەچووم تا هەتاوی گەش لەگەڵ گەڵای تازەی چنار هەر سەوز دەبووم پاییز و بەهار بە هاڕەی ئاوی سەر شەتاو عاشق تر دەبووم لە لاولاو لەگەڵ کاڕەی مێگەلی مەڕ دەمنایە چاڵ دزێوی و شەڕ هاوین دەهاتەوە مێگەل فەرقم دەخست چالاک و شەل ئەرخەوان سووری جەغەتوو دەستە خوشکەکەی تەتەهوو لێویان فێرکردم بەهەڵبەست داسی قەڵەمیان دامە دەست خەرمانان بۆ خەرمان لۆغە کون کون دەبوو داوێن، چۆغە ئێواران ماندوو و تۆزاوی بە قژی ڕەش و ئاڵۆزکاوی دەهاتمەوە بەرەو نێو ماڵ بۆ کایە و بازی سەر هەرزاڵ تاقە خوشکێک و دوو برا بووین بەڕۆح یەک بووین بەلەش جیا بووین لەباوەش دایکێکی دڵسۆز بابمان مەلایێکی بێ پۆز دەمانخوێند دەرسی نیشتمان ئەم بەلایە لایە ئەو بەقوڕئان کاتێ چاو لێڵ دەبوو بۆ خەو گوێم دەدایە چیرۆکی شەو شەڕی بانە و کۆلکەسووتان شۆڕشی حەمەڕەشید خان نانی وشک و شۆڕش و چەک دەوری شەڕی بەران و شەک دەبوونە یەک دژی و خۆیی ئاوارەیی تیلەکۆیی دیسان گەورەو گەورەتر بووم هەر بۆ سەر و هەر بۆ سەر چووم نێرامە نێو قوتابخانە مەدرەسەمان دیوی خانە دایکی یەکجار میهرەبانم دەسرەیێکی نا گیرفانم کوڕم دەبێتە قورئان خوێن میرزا دەبێ و قەت نادا جوێن هەتا پێنج ساڵ بەم ئاکارە خوێندنم دەکرد ئەژمارە ئیدی دەرسم لەوێ نەما غەریبی بۆی کردم سەما دوور لە دێ لە باب و دایە ئێستاش داخەو لە دڵمایە دوور لە هاڕەی ئاوی شەتاو دوور لە گوڵی هێرۆ و لاو لاو دوور لە دەنگی مەشکەی گاوس دوور لە مێزەر و پێ خاوس دوور لە چۆمی، پلەوبەردە دوور لە باخ و شاخە زەردە دوور لەهەرچی خۆشم دەویست بێگانە بوو هەرچی دەمبیست لەسەر هەر کانیاوێ چۆڕێ لەسەر هەر گوێ چۆمێ کۆڕێ ژەکی دایکیان لێ کردمە شیر مندناڵیمیان بردۆ لەبیر بەڵام ئاخ هەر دووری دایە خورپەیەکەو لە دڵمایە هەتا وەرزی هاوین دەهات وەرزی ئارەق و تین دەهات دەهاتمەوە داوێنی ئەو لای قلیج قایە و قاسپەی کەو مۆرەی دڵ ئەودەم زیز دەهات دیسانەوە پاییز دەهات دەبوا جێ بێڵم ئەوشوێنە کەهەر خشتی وەک ئاوێنە جوانی کردگار دەنوێنێ ڕەت نابێ کێ لێی بخوێنێ دەبوا ئەم زانستگا گەورە جێ بێڵم و بکڕم دەورە تا لە مەکتەبی بوو عەلی سەرکەوتوو بم نەک بەشەلی گوێ نەگرم لە مەشکەی گاوس بچمە نێو شار وەک پێی تاوس سەقز هەرچەند پێش کەوتوو بوو بیرم هەرلای جەغەتوو بوو چی چێشتی خۆشی تێدایە نەدەبوە دەستاوی دایە وردە وردە ئەم ئەوینە کە بەقەد ڕۆحم شیرینە لای دا لەسەر ڕەیڵی جاران کردمیە غەریبی شاران سەقز، بۆکان، سنە ئەمجار ورمێ و تەورێز و سەبزەوار فێریان کردم ئەوین چۆنە چۆن بۆ خوێندن ببمە سۆنە عیشقی نیشتمان و دایە بۆ ڕۆحم ببنە سەرمایە سی و شەش پاییزم وا ڕابورد هەتا بوومە شاعیری کورد بەڵام ئەم پاییزەی ئەمساڵ بەڕەنگی زەرد و تامی تاڵ ئەو یەکجاری منی جێ هێشت تامی هەتیویمی پێ چێشت دوا وتەی بۆم یەک بزە بوو کە بەناحی ڕۆحما ڕۆ چوو پیاو لەهەر تەمەنێک دا بێ دایکی بمێنێ پیر نابێ تەمەنم گەییە هەشت و چل چاوی بێ دایکیم کردی گل بەڵام لەم ماوەی ژینم دا لەم ژینە پڕ ئەوینەم دا زۆر ئەوینی دیم گۆڕاوە کەوتووم بەڵام لەسەر ڕاوە دایە گیان گوێ گرە بۆ ئاسۆ قەسەم بەو گڵکۆ تازەی تۆ ئیدی من تازە سەغیر نیم چاوەڕێ لایە لایە و شیر نیم هەرکەس دایکی شەهیدێ بێ دایە وەک تۆ خۆشم دەوێ تەواوی کانی ئەم خاکە ئاویان وەک شیری تۆ پاکە سەرگۆی مەمکی هەر کانیاوێک وەک تۆ ئەملاوێنن تاوێک هەر کەس بە زمانی تۆ بدوێ دایە وەک تۆ خۆشم دەوێ لە ئاسۆی فیکریم بڕوانن تێدەگەن دایکی من دوانن! دایکێکم وا لەوقەبرانە دایکی دیکەم کوردستانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەریقەی حەزرەتی پەروانە سەبارەت: نووسین: کارزان لەسەر ڕێی حەزرەتی پەروانە سووتا گەر پەرو باڵت ئەدی ئەودەم نیە بۆت فەرقی ڕۆژ و سانیە و ساڵت زەمان پووچە، مەکان هیچە، ئەدی ئەودەم ئەتۆ نووری شتان ڕەنگی دەبینن چاو و بیرو حاڵ و ئەحواڵت بەیەک چرکە هەتا لای بێ مەکان دەفڕی دەمەو دۆعا وەکوو هەنگوینی لێدێ چاوەکانم هەر قسەی تاڵت گوڵم! ڕۆژێکی و دادێ ئەوەی وا نزمە لات بەرزە قەزای ماچێک دەخەی یەکسەر لە پووڵ و سەروەت و ماڵت لە ئەندێشەی مەکان دەرچووی زەمان هیچ قوتبی نامێنێ کە تەنهاییت درا بەش، جا دەکەویە بیری هاواڵت هەوەس یەک قەترەیە ئەمما ئەوین دەریایێکە بێ بن لە قەوزەی سەوزی دەریاکان دەبەستی ڕووسەری و شاڵت بە پیری کەوتیە بیری ئەو قسە، واژە بەشی ناکا دەزانی جا بە منداڵی چ بوو مانای گڕو گاڵت بە منداڵی گڕوو بە پیری دڕوو، لاوی سڕی کاکە ئەدی کەی لادەدەی پەردە لەسەر بیرۆکە کەی کاڵت! وەرە بکوڵێ بە تینی مەعنەوی و لەززەت لە ژین بردن لە پۆڵاش بن تەمەن دەدڕێنێ کەوش و لەت دەکا ناڵت وەکوو ئاسۆ نەچی پیری بە چۆکت دا بهێنێ چون دەبێ دایم گوڵستان بێ کتێب و تاق و هەرزاڵت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاوچی بێ نەچیر سەبارەت: نووسین: کارزان تاقەجارێ لێم بپرسی وەک چەلان لاودەبمەوە ڕووم ئەگەر لێوەر بگێڕی، وەک نەوار خاو دەبمەوە هەر نەڕەخسا قەت لە ڕاوا تووشی یەک نێچیرببم تاکوودانێ ڕۆدەکەم من، تووشی سەد داو دەبمەوە ناسکێ ئاسک ڕەوش ڕۆژێ بەشیعرم پێکەنی نەیدەزانی بەوبزەی من وەک چەلان لاو دەبمەوە یار ئەگەر مەیلی هەبێ خێڵی نەیار چاویان دەرێ چون زیاتر ڕووبەڕووی ئاواتی فەوتاو دەبمەوە ئەی پەری، چاوم وەکوو چاوەی سەراوی هەوڵیە چاوی تۆماچ کەم ئەدی زوو خاوەنی چاو دەبمەوە حەمدی ئەوخوا چۆن نەکەم واتۆی بەمن کرد ئاشنا چونکە تۆم بێ خاوەنی شیعرو وتەی باو دەبمەوە من لەسەر دوندی ئەویندا پەرچەمی شەوقم چەقاند چش بەوێنەی پیرەڕاوچی، ئێستە بێ ڕاو دەبمەوە دەردی من ڕەنجی گەلە خەڵکی دەڵێن پێم ئاشقە چون بەپیریش ئاشقی خاک و گوڵ و ئاو دەبمەوە یاری دڵسۆزم ئەمن ئاسۆی گەلی ژێر دەستە نیم تابمێنم یاوەری مەزڵووم و داماو دەبمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ یار سەبارەت: نووسین: کارزان دەڵێم شیعرێ بڵێم بۆ تۆ، کەوەک لێوت تەڕ وجوان بێ بەچەشنی نیونیگایێکت، دەوای دەردوغەم وژان بێ بریقەی هەستی مەعناکەی، وەکوو ئەو کوڵمە سوورەی تۆ گوڵاو پڕژێنی ئەندامی کزو لاوازی دەوران بێ وەکوو جووڵەی خەیاڵم بێ لەکاتێکدا کە دەمدوێنی لەدڵدا شوێنی وەک بەرقی تریشقەی هەوری باران بێ غەزەل بێ قەتعەبێ یاخۆ موسەممەت بێت و دوو بەیتی لەشەرحی چاوەکەی تۆدا وشەی سەرزار ولێوان بێ بەوێنەی زولفی کاڵی تۆ بەوێنەی ڕیزی خاڵی تۆ ئەگەرچی کاڵ وسادەش بێ بەڵام جێی ڕێزی لاوان بێ وەکوو لەنجەت لەرەی سینەت تەکان دا هەستی پیروجوان لەڕاستیدا تەوژم و تین لەبۆ سووتاوو بریان بێ لەبێ ڕەحمی جەفا پیشان شکایەت باتە بەر یەزدان بڵێسەی ئاگری میحنەت لەهەر دێڕی نەمایان بێ وەکوو ملوێنکی مل نەخشی مڵ و سینەومەمی ڕووتە بەپیتی جوانی کوردی ئەم قەڵەم بێ و لێی هەراسان بێ کزەی وەک جەرگی ئاشق بێ لەکاتی دیتنی دڵبەر شنەی وەگ فێنکی نێوداران لەکاتی بەر بەیانان بێ بەڵام هەرچەندەکەم تەبعم بدەم هان بۆ وەها شیعرێ لەبۆم نایێ مەگەر تەبعم لەڕیزی تەبعی گۆران بێ بەشی تۆی دا خودا جوانی و جەفاکاری و دڵ ئەستێنی بەشی ئاسۆش دەبا هەر وا وتار و شیعر وپەخشان بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەمی هیوا سەبارەت: نووسین: کارزان شەو شەمی هیوا نەبێ ڕێگا لەڕێبوار ون دەبێ هێندە سەخت و ڕژدە ڕێگا، کاڵەی ئاسن کون دەبێ سووتنی پەروانە بۆ تۆزکاڵێ شەوقی نێو گڕە من گڕی شەوقم لەدڵدا، ئاشقی وەک من دەبێ با هەژاریش بم ئەوینێکی حەقیقم گەر هەبێ هێدی هێدی دەردی سەختی بێکەسیم هێمن دەبێ چون هەواری خۆشەویستی تۆی خەزاڵم هەڵبژارد تازەکەی باکم لەژاری تیری چاو چڵکن دەبێ گەر بزەی پەریانەکەی غەم لابەری لێوت نەبێ کەی لەگۆشەی شاعیرانەی ژین دڵم ساکن دەبێ؟ من لەسەر باڵی فریشتەی سەوزە پۆشا جێم هەبێ کوانێ ترسی وەم هەیە هەستم جەغاراژن دەبێ شەرمێ پێناوێ ئەگەر چاوێکی ڕەش ڕەش دڵ بەرێت دڵ نیشانەی تیری ئەبرۆی چاوڕەشی شەرمن دەبێ هەر کەسێ هات و کوتی ئاسۆ ئەوین سووکت دەکا تۆبڵێ تا سووک نەبێ مەل کوا لەهەوران ون دەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هومێدی ژین سەبارەت: نووسین: کارزان نامەوێ شیعرێ کەبۆنی خۆشەویستیی تیا نەبێ شیعر ئەگەر ڕیز کردنی چەن واژەیە؟ هەر با نەبێ شیعر ئەبێ باسی جودایی و ئاشنایی هەر بکات چەشنی کانی جۆششی ئەو واژە پڕ دەردانە بێ کوانێ ئەو یارانە وا مەرگیان وەپێش مەرگمان کەوت؟ کامەدڵ دەتوانێ یادیان ڕاگرێ؟ دەریا نەبێ دڵ کەدەریاش بێ لەغەم پڕپڕ دەبێ، شادی نەبێ حەیفە دڵ هەر چاو لەدەستی نەرگسی شەهلا نەبێ چاوی یارە هەر بەیەک عاشیرە غەم بەر بادەدا دڵ نیە، گۆشتە دڵێ شۆرێکی تیا بەر پا نەبێ ئەی هومێدی ژین و ئەی هۆی مانەوەی ئادەم ئەوین پێم بڵێ کێ تۆی خەلق کرد؟ خالقی یەکتانەبێ روزها گر رفت گو رو باک نی، هەرتۆ بەسی کێ وەکو من تۆی کەشف کرد ڕۆحی مەولانا نەبێ در نیابد حال پختە هیچ خامی، لێی گەڕێ باسی مەجنوون کوا دەبو تا دڵبەریی لەیلا نەبێ من خەتی چاوی کچانم هەر بە لێو دەخوێندەوە جەزبی دڵ ناکەی هەتاکوو خوێندەواریت وا نەبێ لەیلەکەی بێ مەیلەکەم کەی دێیتەوە ماڵی دڵم کێ لەمێژوو شک دەبەی لەم ڕێگەدا ڕسوا نەبێ؟ یا دەبوو حاڵی دڵی خۆت لای دڵی من باس نەکەی یادەبێ هەر بێیەوە با هێند دڵم شەیدا نەبێ خۆ دەزانم خاکی کوردوستان بەهەشتی ئادەمە من بەهەشتم بۆ چیە؟ گەر هاودەمیی حەووا نەبێ؟ آدمی در عالم خاکی نمی آید پدید حافزا تێکچوو ڕەدیفمان، کوا بە ئاسۆ چادەبێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتێک سەبارەت: نووسین: کارزان کاتێ هەستی شاعیریت بەندە بەدەست و پاتەوە کاتێ شمشاڵی گەرووت بینی خەفەت دەخواتەوە کاتێ گوڵ ویشک و خەزانی و مات و بێ ئۆقرەو کزە بولبولی خنکاوی دوکەڵ خەونی غەم دەیباتەوە کاتێ هاژەی بای شەماڵ نایەو ڕەشی بای مەینەتی تۆزی ترس و ڕەنج و فەقری کرد بەسەر سیماتەوە تۆ تەمایاری چ خدرێکی وەفریامان کەوێ حاکمێ عەدڵی نەبێ ڕەببی خودا بیباتەوە شادمانی بۆتە سیمورغ لە دوندی کێوی قاف غەیری تیپی گوێ لە مستان لا لە کەس ناکاتەوە بۆ دەوێری پەیکێ هەڵباوی و بە ئازادی بڵێی: ئەو سپی سوارەی درۆزن جوابی کەس ناداتەوە کار بەدەست و دار بەدەستی وات دەبێتە بەرهەڵست کێ دەوێرێ پاش لەتۆ ئەم ڕستە تیکرار کاتەوە خوایە گەر گۆشەی سەراوێک و دڵۆپێ مەی نەبا کوانێ هەل بۆ کەس دەما بەم هەموە کیش و ماتەوە جا کەسێکیش عومری تۆزێ هەڵکشابێ بۆ سەرێ هیچ کەسێ لای خوارەوەش تۆزقاڵێ جێی ناکاتەوە وەی کە یاڕەب چی لێهات ئەم وڵاتە جوانەمان چی بنووسێ ئیدی ئاسۆ بەو هەموە ئاواتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕکاتێ شێعر سەبارەت: نووسین: کارزان پێم بڵێ ئاخر لەسەر چی وادەکەی؟ چۆن دڵت دێنێ کەمن ڕیسوا دەکەی؟ دەمکەیە شەوگەردی کوچەی مەیکەدە بۆ کەمێ مەی من لەدۆستیت جیا دەکەی؟ من تکام کرد عاشقم کەی؟ خۆت بڵێ گەر بڵێم خۆم بووم، ئەتۆ بڕوا دەکەی؟ لاقی من لەم ڕێ بلۆقی کـــــــــردوە پێم بڵێ گەورەم چلۆنی چا دەکەی؟ پیاڵە خاڵی و مەستی بادەی ئاشقیم پێ پەتیم ڕێبواری ڕێی سارا دەکەی؟ تۆ بە جێی دەرمانی زامی دەردی ڕێ چاکی ناکەی، خوێشی هەر پێدا دەکەی چونکە (ئا) م کوت ڕۆژەکەی قالووبەلا من بەهاوبیری گورووهی (نا) دەکەی تۆ کە لەملا دەمخەیە چاڵی جەحــــــیم چاوەڕێی بادەم چلۆن لەو لا دەکــــــەی؟ لیس للانســـــــــان الا ما سعــــــــــــی؟ لەوهەموو خوێنەش ڕژا حاشا دەکەی گەر بڵێ گشت کردەوی خۆتە کەسم پێی دەڵێی ئاسۆ ئەدی بێـــــــــجا دەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنەکەت سەبارەت: نووسین: کارزان شەرتەکەم ئیدی لەشیعرا، باسی دەردی دڵ نەکەم گوێ کە ڕانەگرێ کەسێ، با ئیشی بێ حاسڵ نەکەم کانیی ڕوونی شیعری یارە ئاوی ڕووناکەو بەتام با بە بەردی حەرفی بێ جێ، ناوەکەی پۆخڵ نەکەم تاهەناسەی گەرم وئاهی ساردی ئاشق شک بەرم ئارەزووی نەغمەی بەیانیی بولبولی سەر چڵ نەکەم من بەوێنەو شکڵی چاو وکوڵمی جوان مەست مەست ئەبم تاوەکوو عیشقم هەبێ قەت هاوەڵیی عاقڵ نەکەم گەر بەهار هات وگوڵ وغونچەم لەداران دیتەوە غەیری ماچ ومەی لەبنیا، ئارەزووی باتڵ نەکەم من گوڵی ڕووی تۆم دەوێ ئەی ئارەزووی هەر شاعیرێ شەرتە تا جوانیی هەبێ قەت قەت لەوەسفی سڵ نەکەم خاکی بێگانان ئەگەرچی خۆشە، خۆ هی من نیە بۆ شەوێکیش بێ لەنێو بێگانەدا مەنزڵ نەکەم گەرخوداش بم ــ خوایە تەوبە ــ بۆ کەسێ دڵسۆز نەبێ بۆگەل وخاکی بەپاکی، ئایەتێ نازڵ نەکەم تا قوبادی پادشای نەوشیروەوانی شک بەرم ئارەزووی ئاسۆی هومێدی پووشەڵی پاوڵ نەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوڕەی ئاو سەبارەت: نووسین: کارزان دەنگی پێی ئاو دێ لە جەنگەی پایزێکی ماتەما نیوە نووزەی دێ گەڵا، داریش لەبەر سەرما چەما یاڕەبی! زێڕینە چۆمی هاوەڵی منـداڵی من وشکی قەت قەت نەتگرێ نەخزێی لە ژێر باری تەما زەردە ماسیت ئێستەکەش بن زگ سپی و نێو زگ ڕەشن؟ یا بە ژاری دوژمنانت ئاوی بۆن خۆشیش نەما دار چنار بەرزەو خەبەردار جوانە وەستاوە لەدوور خۆت دەزانی شۆڕەبی ناژی لەبەر ئاوی کەما تۆ خودا، بێت چۆمەکەم لرفەت بە وێنەی ئەرخەوان سوور بکا لێوی کچی ئاوهێن کە لەنجەی وەک سەما تاری زۆهرەی کۆک دەکرد، عەرزیش تەشی ڕێس بوو لەبۆی عەرزەکەش جاڕی درۆیە و بۆتە سەیرانگا سەما لێرە لەم سەر ئاو و چۆم و سەردەراو دار بییە شەو خەجاڵەت کێشە ئێستاکە لەبەر نووری شەما ئەو دەلاقەی دەنگی سۆزەی لایەلایەی لێ دەهات تۆخوداکەت پێم بڵێ ئەو دەنگە خۆشە بۆنەما؟ ماچی کچ چەشنی حەجێ بوو، ئەوڕەشە خاڵەی خەجێش بەردی ڕەش بوو دانرا دیواری کابە بۆ نەما کێ دەزانێ چۆنە ئێستا دیدی ئاسۆی بێ سەفا چاوچنۆکە چەشنی مەیخۆرێ بە جامی کەم کەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ پەری سەبارەت: نووسین: کارزان من بە عیشقی چاوی تۆ زستان و پاییز وەک بەهار بۆ شکۆفەی ڕوومەتت شێعرم دەخوێنێ وەک هەزار خەندەیێ لەو لێوە تادەشنێتەوە دڵ دێتەوە سەردەمانی لاوەتی و لای تۆ نەبێ، ناگرێ قەرار ڕاستە پێشینیان ئەوەی دەیڵێن هەمووی جوانە بەڵام منکە ئەمساڵ تۆم هەیە حاشا لە خۆشی ساڵی پار دار ئەگەر ڕیشەی لە ئاودا بێ وشک نابێ لقی دڵ کە تەڕ بوو، با سەر و ڕیش بێتە بەفری کۆهسار تا لە تۆ دوورم تەمەن ساڵی لەشەستیش زۆرترە دێمە لات هەر، دەچمەوە دورانی عومری بیست و چوار پەرچەمت ئاڵام وە بیردێنێتەوە و دوو کوڵم و چاو چوارچرایێکن بە ئەشعارم دەدەن سەد ئیفتیخار چۆلەکەی دڵ هەر تەپەی دێ تا دەبینێ چاوی تۆ چاوەکەم، چاوت دەڵێی بازە و بزەت چنگی تەوار تۆ لە زانکۆی نیشتمان دەرسی ئەوینت پێکوتووم ئیدی حاشابێ لە تەورێز و لە ورمێ و سەبزەوار خۆم فیدای ئەو حەوزە گەورەی تۆ لەوێ پەروەردە بووی چون لەوێ سەرداری زۆرمان چوونە ژێر داری نەیار لادە چارشێوت کە شەو چارشێوی شەرمی سۆفیە دایدەپۆشێ ڕازی ئێمە و فەلسەفەی بووس وکەنار من خەیاڵی تۆم دەوێ حاشا لە پیری و لاوەتی من کە برسی عیشقی تۆم فەرقی چیە شام و نەهار؟ کێت وەکوو ئاسۆ بەحەڵقەی زولفەکەت خستۆتە بەند ئافەرین بۆ تۆ کە سەوزت هەڵگەڕاندوون پیرەدار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وادە سەبارەت: نووسین: کارزان هەر کەبۆم دێ یەک مەسیجی تۆ، لەغەم ئازادەبم باسی دڵداریش نەبێ، هەر هێندە پێی دڵشادەبم دڵگوشایە، باسەفایە، پڕبەڵایە، ڕێی ئەویــــن شەرتەتاماوم لەژیندا، ڕێڕەوی ئەوجادەبم وەک دەڵێن ئیزنت بەمن داوە کەبێمە خزمەتت خۆش بەحاڵم، شەرتە تا بم چاوەڕێی ئەو وادەبم وەرزی ڕێبەندان بەسەر چوو، وا ڕەشەممەو سێ شەشە کەی دەفەرمووی پێم بڵێ بۆ خزمەتت ئامادەبم چون ڕفێقیی جوان و پیر زۆر سووک و بێ قیمەت نیە پێم بڵێ خاڵە منیش بێ ترسی کاک و دادەبم خاڵ فیدای خاڵی ڕوخت مامە فیدای سینەو مەمت خاڵ ومامت کێن؟ هەتا قوربانی ئەو ئەفرادەبم بەو خودا چەند ساڵە دەردێکم لەدڵدا بێ دەوا تاقە ماچێکم دەیەی قەستەم بەقورعان چا دەبم دوێکە دایکی نیشتمان، هاتت و بەسرتە پێی کوتم تۆخەمی ئەمنت نەبێ، من ئاقیبەت ئازادەبم ڕوو لە ئاسۆ وەرمەگێڕن وەک حەجێ خێروو دەگا با ئەدی کەم چاو لەدەستی مەستی دەستی بادەبم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێعری من سەبارەت: نووسین: کارزان داخەکەم ئاکامی ژین ئاوداشتن و جێهێشتنە چاولە ئاواتیش دەکەی، دەریاچەیێکی بێبنە سەدیەکی ئاواتەکانت نایەنە بازنەی وجوود کانی ڕوونی ئارەزووشت وشکەبێ عەینی زنە تا جەوانی، چاوەڕێی ڕۆژێ بگەیتە ویستەکەت گەر وەدەسکەوت، تێدەگەی سەد مەینەتی نێواخنە پێت بڵێم تەنیا تریفەی ڕۆشنی شەوگاری ژین؟ هەروەکوو هێمن دەفەرمێ تیشکی ڕوخساری ژنە ڕاست بڵێ و ڕاست بە لەئاکارت ئەدی خۆت دەوڵەتی گەر کەمێ لار بی زەرەرتە، باری لار بۆ کەوتنە چت دەوێ لەم پێنج ودوو ڕۆژەی ژیانی جەبرەکی؟ تاچرایێ هەڵدەکەی، سەد دیوی دیت ناڕۆشنە بەستە ئیدی ئەی زەروو، کەم خوێنی بێتاوان بخۆ کواڕەشی ڕووت دادەپۆشێ؟ ئەم چەناگەی کوڵکنە ئەمڕۆ باوابێ بەڵام وای وای بەڕۆژێ ڕاپەڕن لاوی بۆکانی و شنۆ و وسەردەشت وسابڵاغ وسنە ئارەزوومە هەرچی ئینسانە بەئازادی بژی بەوخودا قەت بۆشەڕ وشۆر لاوی کورد نادەم دنە هەر کەدیت شیعرێ لە ئاسۆ ڕا بزەی پێبوو بڵێ ئەوهە شیعرە، جامنیش زوو پێت دەڵێم شیعری منە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێتی شار سەبارەت: نووسین: کارزان بەو خودا تۆ پاکترینی، حەقیە ترسی لێت هەبێ بەوخودا تۆ جوانترینی، دەرکەوی وگەر رێت هەبێ هەر منیشم لایقی عیشق وئەوینی پاکی تۆ هەرمنم بۆت شێت بوو وم لەوشارەدا یەک شێت هەبێ من لەسەر تۆ بوومە گەبجاڕی برا وخزم وکەسان بمدەیە تۆزکاڵێ لەو ئینسافە بێت وپێت هەبێ باغەوانی باغی سێوت بووم ویەک سێوم نەدی ئێستاکانەش شەو دەنووسم بۆت پەیامێ نێت هەبێ مانگی ڕێبەندان ئەوا دوویە، بەنووری چوار چرا حەیفەشاعیر بێ ونەکەی یادی لەشیعرا، جێت هەبێ من ئەوینی تۆ و وڵاتم قەت بەزێڕ ناگۆڕمەوە چەشنی قازی بە! ئەگەر سەد موڵکی شار ودێت هەبێ خۆش بەحاڵم من لەنێو دونیای مەجازی تۆم هەیە من کەیاری وەک ئەتۆم هەن، ئەی بڵێی تۆ کێت هەبێ؟ ئێستە ناپرسی لەمن پێت وایە ئا وا چادەکەی؟ عەیبە تا ئەمنت هەیە تۆ مەتڵەبی بێ خوێت هەبێ سێبەرت لادا لەسەرمن، بوویە سایەی ناکەسان یار یەکێ، ئەڵڵا یەکێ، بۆ تۆ مەسیحیت سێت هەبێ؟ شیعری ئاسۆ زەبتی نێو خوێنە لە وۆیس و شت گەڕێ قەت بەگوێ مەیخوێنە وە با دووسەتت کاسێت هەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میوان سەبارەت: نووسین: کارزان خۆش بەحاڵم چون لەماڵم شەخسێ میوانی منە خۆی بەتەنیا بارتەقای گشت شیعرودیوانی منە یارمە، غەمخوارمە، هەم دڵمە هەم دڵدارمە دڵبەرە ڕۆح پەروەرە هەم جانی جانانی منە ئارزوومە خۆی لەلای عالەم بدا جاڕ و بڵێ شاعیرێ شێتم هەیە پیرەو سەناخوانی منە ڕاستە باڵای هەروەکوو داری ئەوین بەرزە بەڵام دەستی من کورتیشە هێشتا شان وهاوشانی منە تووڕەیە دڵسۆزە ئەوجوانە ئەمن پیری ئەوین راستە کۆی زیددەینە ئەمما، مەردی مەیدانی منە کۆترێکە جوان وبێ هێلان لەنێو شاری دڵان خۆی بەدڵما کردوەو خۆش خۆش دەڵێ لانی منە بانی کۆشکی شیعرەکانم گەیوەتە کن لامەکان تاوەکوو ئەم کۆترە، میوانی گوێسوانی منە زولفەکەی سوورەو سەری کوڵمی سپی ودامەن سەوز ڕووی هەتاوەو پەرچەمێ بۆ خاکی کوردانی منە من وڵاتێکم هەیە بێ پەرچەم وحەق نادیار شوانەکەی حەق نادیارم، شیعرە سامانی منە لاپەڕەی مێژووی ئەدەب گەر باسی شیعرم کا دەڵێ شیعری ئاسۆ چون خەمی خۆ و خاکە شایانی منە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەزیزە سەبارەت: نووسین: کارزان ئەی گەزیزەی سێ زمانی بێ زمان تۆپەیام هێنی بەهاری بێ گومان بۆمەگەر خاکی سڕی زستانیی وا بە سەرمایێ ڕەگی گوروانی چونکە وانیتە لە سەرمایێ چ باک؟ سەر لەزستانەوە دەر دێنی لەخاک؟ ڕاستە گەر عاشقی شاخ و دەوەنی بۆیەتۆش چەشنی شەهید کەم تەمەنی نەک پەیام هێنی بەهاری بە تەنێ چی ئەویندارە هەنات بۆ دەبەنێ دەتکەنە پۆستەڕی نەورۆزی نوێ تابپشکوێ گوڵی عەشقیان، لە نوێ زور وتەو ڕازی نەهانیم پێتە تۆ وەها مات و خەیاڵ سەر شێتە دێت ودەمباتەوە بۆ منداڵی دێت ودەمخاتەوە سەر شاباڵی دەچمەوە کۆنە هەواری جاران من و دێ و عەشق و بەهاروباران پیرمحەممەد، قەرەتەکیەی پشت دێ خێڵی تۆ باری دەخستن لە ئەوێ دەنگی مەڕ، سەگوەڕی دەورەی مێگەل هەلووکێن و هەپکی لای بەر غەل پۆلی نازداری بەکۆڵ گێلاخە ئێستەوایادی فەقەت هەر ئاخە هاوەڵانێ کەنەدەژیاین بێ یەک بەبێ یەکتر نەدەچووین بۆ جێیەک کوانێ مەڕ؟ بیری وشیر؟ سەتڵ وجام؟ خۆزگەسەدخۆزگە ئەوێ دەم مردبام جەغەتوو، کەوسەری ژینی لاویم مەزهەری شیعرو وتەی عەشقاویم پۆلی ئاو هێنی دەمەو ئێواران پووڵەکەو سیخمەیی گوێ بەگواران گەڕەلاوژەی شەوەکانی هاوین گوڕوتینی کوڕ و کالیی لاوین کوا چریکەی بەدەنا کورتێ، سەلام؟ چەند لەسەر سەندنەوەی لێیان دام سەی عەلی ئەسغەرێ بوو، بێ نێوبوو بولبولی سەربەبێ تووکی کێو بوو حەیفە گەر باسی نەکەم ئەو چاوەش وەکوو ئەستێرەگەش و ڕەش ڕەش ڕەش ماپەرە بوو بەستوونی عەشقم بۆ شیعر شکڵی ئەون سەر مەشقم هێشتە تا یادی بەدڵما دەگەڕێ چاوی دڵ بۆی وەکووجاران دەپەڕێ ئەی گەزیزەی هەوەڵین پەیکی بەهار سوێند بەکوجکاوری کووژاوی هە وار گڕی ئەویادە لەمن هەر ماوە وا بەهیچ ئاوی غەمێ نە کو ژاوە بۆیە تۆم کردە بە هانەی شینم یادگاری لەگوڵی نەخشینم چونکە تۆ دیاری نەئەو کێوانەی یادگاری شەمی ئەم دێوانەی تۆ بەهانەی کەخەیاڵی دڵپڕ لەوەتەن بێتەوە تەیرێکی نەفڕ لێمگەڕێ، هێندێ تریش بڕوانم یاد بکەم چۆم وخڕ و جێژوانم تۆ بڵێی ئێستە وەکوو ئەو کاتە ئەودەمە ئەوسەرەتە، ئەو ساتە خۆشی مابێ لەدڵی لاوان دا لەدڵی شوان وبەگ و گاوان دا؟ خۆزگە بەو ساتە عەلی تەنیابوو شوانی بەرغەل بوو بەڵام وەک شابوو شەو ئەمن شیعرولەویش گۆرانی تێڕدەبووین هەردوولە نانی شوانی چ بەهەشتێ بوو مناڵی ولاویی غەرەزوکینە نەمابوو باوی باغەوانی یەخە هەر مێخەک بوو دوورلەئێستاکە دەم ودڵ یەک بوون چەند بەبێ دەغدەغەبوو سەر شایی دەس دەگیرا لەمەیان ئاغایی دەنگی کامحەممەدە هەر ماویە تەنین کاتێ دەیکوت، پێکەنین بوو بە گرین چونکە ئەم یادە بەهۆنراوە دە ڵێم دەبێ بۆ قافیە سەت دەر کە هەڵێم مەسنەوی وا دەیەوێ پەڕ بە هەزار یاڕەوان تەبعێ وەکی مامە هەژاز تاخەێاڵێ وەکوو هێمن ناسک تاپەری شیعری هەڵیکا باسک ئەو بەرەو موکری خەیاڵی زین کا ئەم لەدەس دەردی جودایی شین کا چاکە لەوشوێنە بکەم ماڵاوا بچمە لای باوک و نەڕۆم هەر ئاوا چونکە من هەرچی هەمە هەستی ئەوە هەستی من شەتڵی گەشی دەستی ئەوە ئێستە وا ڕاستە کەبۆ خۆم بابم شەرتەبۆی سینە کەبابی چابم تاکوو مووی چەرموو لەچۆکم دەردێ دەنگی قورعان و دەلایل هەر دێ مووی سپی دایکم ئەگەر دەیبینم هەڵدەقرچێ دڵەکەی پڕ تینم ئەی گەزیزە وەرە گوێ بگرە دەمێ بالەئاخر بەشی ئەم شیعرە کەمێ من لەدوور هێندێ ئەویش بدوێنم دایکمە، هی ئەوە گۆشت و خوێنم دایە ئەی تیشکی شەوانی ژینم من لەتۆڕایە هەناوو تینم شیری تۆ خوێنی لەڕەگما وەردا لایەلاێەت گڕێ نوێی تێم بەردا خۆشەویستی وگڕەمشقاڵی ئەوین کەهەوو ئێستە منەتباری ئەوین هەر ئەتۆ کانی ئەوینی دایە ژین بەبێ هەستی ئەتۆ وەک بایە تاکووهەم خۆرگە بەئەوکاتە کەوا تانەخەوتبام، نەدەخەوتی بەشەوا وەک دەوای خەو دەبوو چیڕۆکی شەوێت دەردی ئەو کاتە لە ئێستاکە کەوێت دڵ کەوائێستە بەیادت شادە خۆشترین یادە بژی ئەو یادە هەرچی دەیڵێم بەزمانی تۆیە گوفتی تۆ و شیعر و وتەی ئاسۆیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وامەکە سەبارەت: نووسین: کارزان ئەودەمەی تووڕەی لەمن، جەرگم کەبابە وامەکە مەمکە بەرلۆمەی خەڵک، مەردی خودابە وامەکە دەس بەتاڵی ژینم وبێ هێزی تینی لاوەتیم من گەدام و تۆ غەنی، دەی فەرموو شابە! وامەکە من تەب وتابی ئەوین پێستی سپی ڕەش کردمەوە تۆ شەماڵی فێنکی باغێ دڵگوشابە، وامەکە مەزهەبی عیشق وئەوین ڕەنجاندنی تێدانیە ڕەنجشی دڵ، ناسەوابە، ناسەوابە، وا مەکە تۆبرۆت خۆی کەعبەیە وەک سوجدەگاهی عاشقە کەم برۆت کەج کە، دەڕووخێ ماڵی کابە، وامەکە نیشتمانی قەڵبی من نێو زولفی تۆیە بۆیە وا تاو لە ئەودا قەڵبی من پڕ ئیلتهابە، وا مەکە زولفەکەت بەربادە باخەرمانی خەم شەن کا دڵم مەیخە ژێر ئەو مەقنە پیسە، پیاوی چابە وامەکە جامەگەر سەر مووی نەبێ بیشاریەوە جوانتر دەبی جوابی سۆفی هەرمەدە، کوا مەقنە دابە؟؟وامەکە چاوی ئاسۆت کروەلێڵ وهەر هەنەهاتی تاوەکەم چاوکە چاوی دەشت وساراش نیمە خابە؟ وامەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەشتی مارس سەبارەت: نووسین: کارزان ڕاستە مانای خۆشەویستیی عیشقە، عیشقیش سووتنە هیچ دەزانن مەنبەعی ئەم سۆز وئیحساسه ژنە؟ ژن لە نێو شیعری منا کواجیسمە؟ ڕووحە، پاکیە من بڵێم چی ژن لەنێو چارشێوی ئەنداما، ونە؟ تاکچە، جەرگت دەکا جن جن بەشمشێری برۆ بوو بەدایکیش جەرگی خۆی بۆ ئێشی کۆرپەی کون کونە تا وەکوو غونچە نەپشکووتون دڵان شەیدا دەکەن هەرکە پشکووت ـــ دایکە ئیدی ــ ژین لەلای ئەو شیرنە زۆر لەنیوەی زیاتری کۆمەڵ ئەوانن، داخەکەم مافی ژن پێشێل کرێ، کوا سووچ وتاوانی منە؟ تا بزەی دایکێ نەبێ هیچ قارەمانێ پیاو نیە باوەشی دایەی نەبێ منداڵ لەکام جێ ساکنە؟ تای تەڕازووی ژین هەتا مەحشەر وەها لاسەنگەبێ کچ لەمەکتەب دەر کەی و بیکەیتە مەسئوولی پنە شیعری ئاسۆ عەینی گوڵزارە، هەمووی باسی گوڵە بۆیە پاکی بۆتە لاولاو و گەزیزە و سوێسنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هێلانە سەبارەت: نووسین: کارزان پێم خۆشە لەسەر دار بەڕوو هێلانە درووسکەم لەو دارە لەبۆ زوولفی کچان، شانە درووسکەم وەک پیرە هەجیجی بەگوڵ و مێخەک و قەزوان بۆگەردنی ئەو دانەیێ گەردانە درووسکەم پەیمانێ کەتا ئێستەکە قەت قەت نەپساوە باپەیجێ لەسەر ئەودەم و پەیمانە درووسکەم فرمێسکی دوچاوی منە ژاڵەی دەمی جۆبار بۆ گوارە لەئەو قەترەیە دوڕدانە درووسکەم قاچاخە مەی وچاوی ئەویش پیاڵەشەڕابە لەو چاوەمەگەر مەجلسی مەیخانە درووسکەم لەم شارە ئەوەی دۆستە هەمووی دوژمنی دینە با کولبەیێ لەکێوە غەریبانە درووس کەم دوکتور چەتەیە، قازی لەفێڵبازیە ئێستا چون وەزعی چەپی ئێرە - کەبۆکانە - دروسکەم هێزم دەیە ئەی شاپەڕی ئاواتی ئەوینم با لانەیێ لەوشاخە بڵیندانە درووسکەم چاو پڕنەمە، دڵ خوێنە، دەروون پڕ گڕە ئەی من لەکوێ وەتەنێ بۆ و گوڵە تاقانە درووسکەم؟ عەهدێکە کەکردوومە ئەگەرباسی سەریش بێ هەر پەرچەمێ لەو زولفە پەرێشانە درووسکەم سەردەشت و سەقز هەر وەکوو سابڵاغ لەعەزابان ئاسۆ مەگە هێلانەیێ لای بانە درووسکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەدرەسەی ئازادی سەبارەت: نووسین: کارزان ئەوەچل ساڵە فەلای گەنم و ئەوین وغەزەلم سەیرەهەر کول نەبوە داسی ئەوین وئەمەلم ڕەوتی یەکڕیزی کەوم دی کەبەرەوکانی دەچوو من لەوێڕۆژەوە هەر، دژ بەڕچەی شیعری شەلم شلیی پشتوێندی کچێکی بەشەرم، گرتمی توند بۆیەهەر ئاشقــی چاوباز ودژی ڕەوتی قەلم من لەمیحڕاب وشتا شکڵی برۆم زەمزەمە کرد عاشیرەی چاوبوو لەجێی ڕەمزی تەلەگڕاف وتەلم ئێستەکەش چاو کەلەهەر چاوێ دەکەم تیشکی ئەوین دێتە نێو تاریی خەتی دەفتەری شیعرو مەسەلم داخەکەم قەت نەبوو لەم ڕێگە گوڵێ بگرێ دەسم کەچی لەم وەرزی کڕۆنا کەسێ بۆتە بەدەلم ڕاستەمن پیر وئەتۆ جوانی بەڵام سوێند بەخودا وەکوو چوارساڵە دەڵێ هێستێ کلاسی ئەوەلم تۆم نەبی لەم تەمەنی وشکیە کوا زەوقی تەڕم؟ تۆم نەبی وەک مەڕەکێویێکی لەنێو زونگ وزەلم ئەوە چل ساڵە تەمایارم ئەگەر زەنگی خەبات ڵێدرێ و بچمەوە نێو مەدرەسەی ئازادی گەلم کێ دەڵێ پیری ئەویندار ڕچەکەی خوارو کەچە گەر چلی دیکە بژیم هەر بەتەمای هات و هەلم کە لە ئاسۆوە درەوشاوەبێ ئاڵای گەلەکــــەم دەیپەرەستم وەکوو عارەب، ئەوە کەعبە وهوبەلم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید سەبارەت: نووسین: کارزان تۆ گوڵ ئەستێرەی شەوێکی تاروبێ سووی ئەی شەهید تۆ لەبۆ ڕاوی گزینگێ خێڵی نوورچووی ئەی شەهید چون لەئەستێرەی گەلاوێژ زۆرترت نوور دا بەشەو خێڵی شەو قرمژنی لێکردی و شەهید بووی ئەی شەهید ئەوکەسەی هەڵبێ لەبەر دوژمن شەهید نابێ بەڵێ هەڵنەهاتی، چونکە ئەستێرەی هەڵاتووی ئەی شەهید تاقمێ خوێنی شەهیدیان چەشنی پووڵ لا باختەیە بۆقومارت کرد مەگەر! ؟ ئەڵڵا لە ئەو ڕووی ئەی شەهید تۆهەمیشە حازری، یانی شەهید قەت نامرێ خوێنی تۆ هەر قوڵ ئەدا وەک ئاوی ڕندووی ئەی شەهید ژینی تۆ بەوکورتیە پڕ بوو لەشانازی و شەڕەف گەرچی دوژمن لای وەهابوو ماجەراجووی ئەی شەهید هێندە بەرتەنگ وبچووک بوو تۆپی ئەم خۆڵەت لەچاو پشتی پێت ڵێداو بەجێت هێشتین و دەرچووی ئەی شەهید کاتێ زانیت ژینی ژێر دەستی چەنێ ڕەنجاوەرە خۆت ڕەهاکرد، کێ دەڵێ لەم ژینە ماندووی؟ ئەی شەهید فەرقی بۆ ئاسۆنیە نێوت محەممەد یا عەلی هێندە بەولیباسەوە جوانی کە نووستووی ئەی شەهید ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزموون و خەتا سەبارەت: نووسین: کارزان زێدە ئازیزێ، لەگەڵ من ئەم شەڕە بەر پامەکە کێ لەسەر سەبرە، لەسەرخێرانە، تو خوا وامەکە دیت چلۆن پەروانە بۆ تیشکێ پەڕوباڵی وەراند مەردی ئەڵڵابە لەژیندا، کاری بێ پەروا مەکە تێگەیشتن بەرهەمی ئەزمون وتاوانە کەســم ئەم بەهەشتە خاکی خۆتە تۆ وە کوو حەووا مەکە ئادەمی ئەم قەڕنە قەدری خاکی خۆی هەر ڕانەگرت خاکفرۆشی شوومە گەورەم نامەکە، نانا مەکە باب ودایە بۆ دەمی پیری مناڵیان کرد بەخێو تائەوان موحتاجی تۆبن، کاری خەلکی چامەکە چەند بەهار هات وگوڵانمان بوونە پێشلی جەفا گوڵ دەبێ نازی بکێشی، خاک بەسەر گوڵدا مەکە من لەسەر ماچێ لەخاچیان دام لەمەیدان دەر نەچووم تۆ کە ئازادیت دەوێ کای کۆن ئەدی بەربا مەکە با فریشتەی ئاشتیی لێمان نەتۆرێ، ئەز بەنی هاوەڵیی شێتانی پارەو دێوی ئیستیغنا مەکە هەرکەسێ دەستی بەگەرمی گرتی، لێی ساردۆ مەبە ئەوکەسەی بۆ یاوەرییشت دێ لەدەستی ڕامەکە زۆر زەمانی پێدەوێ، تا دژبەرێکت بێتە دۆست دۆستەکەت زۆر زوو دەڕەنجێ، قەت لەوی حاشامەکە شیعری ئاسۆ دەرسی تێڕمی شەستەمە، گوێ شلکە بۆی قەت بەخەندەی دوژمنان و ئەسڵەحەی بڕوا مەکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێعری بێ نیقاب سەبارەت: نووسین: کارزان دارەمێوی حەوشەتان بۆنی شەڕابی لێوەدێ تاکوو دەیبینم هەناسەم بۆی کەبابی لێوەدێ تۆ خودا ئەوکاتە عاشق نیت بەعومری دامەنێ تەبعی وشکیی هەستی ڕەنجی بێ حەسابی لێوەدێ گەر دەبینم حەوشەتان لاودەبمەوە، چۆن بۆنەکەی پادگانی بابەکی شاری سەرابی لێوەدێ من تەمەن بیست بووم گوڵێ دڵمی ڕفاندو چاوی تۆش تیشکی شیعرێ بۆ منی مەست وخەرابی لێوەدێ گوێ لەواعیز مەگرە لەم وەرزی بەهارە ویشکەدا چون عەزابەو کوا عەزابیش قەت سەوابی لێوەدێ؟ ئەو دەڵێ چاوت لەچاوی جوان مەکەوخاکیش مەبە ئەو ڕچەی ئەو هەر خشەی ئەهلی کتابی لێوەدێ خاکی خۆمان خاڵە بۆکەمتر لەخاکی خەڵکیە؟ عاشقم بەوخاکە بۆنی دایک و بابی لێوەدێ وایە ئاسۆ زۆری واهەن دەرس و دەوریشیان نەدی گوفتەکانیان سەوتی شیعری بێ نیقابی لێوەدێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مێرگی خاشخاشە سەبارەت: نووسین: کارزان چاو لەهەر شوێنێ دەکەی سەد دەردی تازەی پێوەیە دەرکی ئاواتیش دو سەد قوفڵ وقەڕازەی پێوەیە هەرمنو تۆو حەقتەعالابووین کەماچم کرد دەمت ئێستە هەرچی شیعرەبۆنی ئەو نیازەی پێوەیە ڕازی ماچم ڕاگرە خاک زۆر دەمی قورسەوگران خاکپەرەستیش دەرد وژانی بێ ئەنازەی پێوەیە ڕاز عیشق ونیشتمانە خوێن وخاک تێکەڵ دەکا کێو کەوا بێدەنگە زۆر لە باس و ڕازەی پێوەیە بانەمەڕ قەندیل دەبێتە مێرگی خاشخاشەی شەهید ئێستە بەم هاوینە چاوکە چەند جەنازەی پێوەیە ساڵەهایە مام ڕەجەب جێی خووگی وەحشی گرتوە کێوی جودیش جێگەشفرەی ئەوبەرازەی پێوەیە چاو لەمێژووی کارەساتی شۆڕشی کوردان بکەن ساڵەهایە شەوکەتی ئەم ئیعتڕازەی پێوەیە سووتن وسازان لەخاکی به شکراودا هەربوە نیشتمان دۆستی کەسم، ئەو سۆزو سازەی پێوەیە دەفتەری ئەشعاری ئاسۆم دوێ شەوێ چاو لێدەکرد غوربەتیم هەستا کەدیم ئەو شیعرە تازەی پێوەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕچە سەبارەت: نووسین: کارزان فەرقی بۆ ئاشق چیە، زستان وپاییز یابەهار؟ وەرزی ئاشق هەر یەکە، بەوشەرتە دیار بێ چاوی یار با لەسەر بەردو خەتی بزماریی جێ بێڵی ئەسەر قەت ئەوەندەی شوێن نیە، یار بۆت بنێرێ یادگار شوێنەوارێ جێ نەهێڵی، دووکەڵی ئەو ئاگرەی کەوتە مەزرای پێکەنین و تار دەکاتن ڕۆژگار کۆنە نابێ چەرخشی چەرخی فەلەک، تۆی پیر دەبی سەهمی ئاشق هەرپەرێشانین لەزوڵف وتار و مار کۆن دەبێ بەردی بناغەی هەرچی کۆشکی شاهییە با بەزێڕیش هەڵکەنن لێی، ساڵ ومەو شیعرو شیعار کۆنە نابێ یادی ئەوچاوانە وا قــــــرتان لـــەیەک با لەوێ ڕۆژێوە زۆر ڕابووردبێش، شەوگاری تار سێبەری عیشقت لەسەر بێ، تاوی هاوین ناتگەزێ یار پەنات دا، ناتەوێ شوورەو قەڵاو کۆشک وتەلار ئاخ ئەوین! هەرتۆی بەهانە بۆ لەژین دا مانەوە ئەی هومێد! تۆش هەر بمێنی بۆ دڵانی بێقــەرار هەر چی ئەفسوون وچپەی جادووگەرە جێناگرێ خۆت نەخەیتە بەر نیگاهی ڕەحمەتی پەروەردگار دڵ چیە؟ هەر پارچە گۆشتێکە لە سینگدا خۆێنفشان چاوچیە؟ ئەو عامیلە، جوانیی ئەگەر بێنێ فشـــار ئەی جەوان! تالاوەتیت ماوە، بەفیڕۆ دای مەنێ ساغەری خۆت دەس دەیەو گوێ بگرە بۆ ئاوازی تار وا نەکەی؟ دەنگێ لەئاسۆی غەیبەوە دێ و پێت دەڵێ: (تۆش جەوانی؟ ڕامەوەستە! ها بە جێی هێشتی قەتار) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سامفۆنیای بەفراو سەبارەت: نووسین: کارزان بەسیەتی پایین نشینی، ڕووبە قەندیل سەرکەوە گوێ لەبەفراوان گرەو ئاوازی کەو مەعنا کەوە مەدرەسەی کوردن خڕ و زورک تەلان و شیوو دۆڵ خۆت لە ئەودەرسە درۆییانەی دەیانکوت، دوور خەوە بەفرو خاک و خوێن کەتێکەڵ بوو شەقایق شین دەبێ لاپەڕەی مێژووی شەهیدانت بەئەسرین، هەڵدەوە ئەی گوڵی سووری وڵاتی بێ بەشم، دڵتەنگ مەبە عاقیبەت وەرزی بەهاریی تەیری گەرمێن، دێتەوە ڕۆژی ڕوون لەم خاکە هەرسوبحێ سڵاوت لێدەکا تیشکی زێڕینی وەدەرخست، بەسیە نووستن هەستەوە جاویدانی ئاو وگیابەند وگەڵا، شەوبۆو کەژن ماسی نێو دەریایە ئازادیش، هەتا گرتت، نەوە پیاڵەیێ لای شین وکانیاو وخڕی ئەم بەندەنە مەستی هێنەرتر لەجامی کاخەکەی کەیخەسرەوە مەستی بادەی دوندی قەندیل وایە، ئەغیاریی نیە پیاو لەخۆڕا وەرزی ئازادیی گەلی بیر دێتەوە گەرچی پیریش مووت وەکوو قەندیل سپی کا، هیچ نیە کاکە عەسری شادمانیی هەردەمێ بێ هەر هەوە لادەچێ وەرزی نەخۆشی و دەردی بێ ئاوی وڵات چیت دەوێ ئاسۆ لەژینی ساڵی کۆرپە داکەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەیارەی نەجات سەبارەت: نووسین: کارزان ئەومیللەتە وا چاوی لەدەستی نەتەوی بێ گەرهات وبەجێی هێشت، دەبێ هەردایمە کەوی بێ ئەی دڵ وەرەخۆت ڕابەری خۆت و گوڵی خۆت بە ئەشڕەف نیە هەرشەخسێ کەنەختێ غەنەوی بێ قاتڵ نیەباکی لەعەداڵەت، نەلە کوشتـــــــــــار بڕناوی لەکۆڵ بێت و خەرێک نوێژی شەوی بێ ئەفغانیی وەکوو داشقەکە بڕوانێ لەمووشەک ئەو خەڵکە دەبێ دائیمە دیواری نەوی بێ باوەڕمەکەبەوشەخسە بەموڕفین نەشەیی کات گەرسوورە ئەگەر شین و ڕەشەو باسکی قەوی بێ گەر زاڵمێ ڕووی کردە وڵاتت مەکـە باوەڕ عادڵ، کە فەقیریش بوو، هەوات هەر بەئەویی بێ عاقڵ ئەوەیە دۆست ودژ و خۆیی بناسێ ڕامیاریی هەمووی فێڵە کەحەتتا ئەخەوی بێ قودرەت وەکوو سوێراوە، بیخۆی، تینووتری پێی جا با سەنەوی یا عەلەوی، یا بەدەوی بـــــێ زۆر تەنگە دڵم بۆ وەتەنی شیعری خوراسان زۆرحەیفە هەمیسان وەکوو عەهدی سەفەوی بێ بێ دەوڵەتیە ئاسۆ! لەنێو غەزنەو کابول دەوڵەت نەبێ ئەم خەلکە دەبێ هەر فەدەوی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستی مەرحەبا سەبارەت: نووسین: کارزان ئەودەمەی دەستت بەعەزمی مەرحەبا هەڵدێنیەوە هەستی مردوی لاوەتیم، بەو دەستە پێی دەژیێنیەوە وات ڕفاندن ئەودڵم قەت شوێنەکەی نادۆزمەوە خێری خزمانت دەگاتێ گەر شەوێ بۆم بێنیەوە من خەتی چاوت لەسەر سەفحەی نیگا دەخوێنمەوە تۆ پەیامی شیعری نێو کاناڵەکەش ناخـــــوێنیەوە سەدچەلت تۆراندم و یەک تاقە لوتفــــــی تۆم نەدی بۆ قەرارێکی سەعاتیش سەدبەهانەی دێنیەوە ئەم پەتا پیسەش کەدەوڵەت پووڵی پێ پەیدا دەکا لێونەماوە هێزی ماچی دم، بەدەس دەمبێنــیـــەوە دڵ وەکوو کۆرپەی لەداییک دوور، کوڕووی باوەشتیە ڕەببی خواگیربی ئەگەر، لەوباوشە نەی حاوێنـیەوە عاشقان فێڵیان نیە، پێشێلی ناکەن مافی کەس ئەی خودا تۆبڵێی حەقم لە دڵڕەقەی بستێنیەوە؟ خۆزگە ڕۆژێ دەیدی ئاسۆ نامەی ئازادی گەلی دێ لەڕۆژاوا بەنووکی تەیرەکەی گەرمێنیەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادەوەر سەبارەت: نووسین: کارزان زۆر لەمێژە تامی شیعرم بۆنی جارانی نیە ڕووی پیاسەی باغی بەروێ و کۆڕی یارانی نیە چ بکەم ئاخر هاوەڵان ئەهڵی شیعارن زۆربەیان چاو بە دینی گوڵ نەبێ، قەت مەیلی بارانی نیە تا لەسەر لێوی کچێ خۆ دەرنەخا شەوقی بزە شیعری شاعر شەرمی ڕەنگی گوڵ هەنارانی نیە ڕەحمەتی ــ هێمن ـــ بەفیشەکدانی ئەختەر شادەبوو شاعیری ئێستا نەشەی نێوپاڕکی شارانی نیە ناحەقیشیان مەگرەچون ڕەش وا لەدونیا زاڵ بوە سەرچیای شەنگاڵ مەکۆی خێڵ وهەوارانی نیە هەرچی فیکری خۆم فریودا ناحەزیی ون کەم لەچاو دیم وڵاتم پڕغەمەو شادی لە با را نی نیە چۆن سەرم بەفرین نەبێ چەشنی چیای قەندیل برا یاری وێم هەرخۆی دەبینێ و ترسی تارانی نیە هەرکەسێ هەرخۆی لەبەرچاوبێ یەقین ڕێی ون بوە چون یەکەسوار مەیلی دۆستیی تەک سەوارانی نیە؟ زۆری واهەن پێم دەڵێن ئاسۆ لە ڕێگا ماندوە ماندونیم لاقم وزەی خێڵی تەوارانی نیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاییزی چەپگەرد سەبارەت: نووسین: کارزان پاییزو دیسان گەڵا فرمێسکی چاوی دار چنار ئاخ لەبۆ دیداری جارانمان لەقۆپی بەر بنار!! من وەکوو تەیرێکی بێ هێلانە لەونێو باغەدا ئەو وەکوو مەزرایەکی سەرسەوزی بێ هەژگ وبژار سێو لەگەڵ کوڵمی ڕەقابەتیان دەکرد بۆ ناسکیی گوڵ لەبەر ڕوخسارەکەی لێی تێکدەچوو حەوشەو حەسار لەوچنارستانەدا، لەو لێڕەوارەی پاییـــــــــزیی بەژنی وێنەی دارچنار و سینە پێوەی دوو هەنار من سەرم سووڕما لەچەوتیی چەرخی چەپگەردی زەمان چی بەسەرهات ئەوعەیامە؟ توایەوە وەک بەفری پار ئێستە گردی تەپڵی سەرمان، بۆتەقەندیلی چەلان بەفری سەرقەندیلەکەش ئاوی نەما بۆ گورگی هار چەرخی چی هەروەک دەڵێن خودکردە را تدبیرنیست ئاشەکۆنە چەرخی گەردون، ئاشەوانی نادیار دانەدانەی دانەکەی مووی ئێمەبوو ئاشی زەمان کردیەئارد وتەپڵی سەرمان بوو بەبەفری کۆهسار دەورەکەش هێند سەخڵەتە، دەرد پەتای وای پێوەیە فەرقی بۆ عاشق نەماوە دەنگی قەل یا عوودوتار کۆڕی یاران تێکچوە ماسی لەچومدا وشک هەڵات واکسەنیش گیرناکەوێ ولێمان بووە کارتی فشار بۆدڵۆپێک وسورەنگێ وەک سەفی موعتادەکان وێڵ بوو ون خەڵکی جیهان ساغ وبەملوێن دەردەدار ئەم پەتایە، باخ وکاخ وکۆخ وچۆمی کردەیەک ئێستە جێژوان خانەباغەو چۆڵ کرا قەسرو تەلار ژین بەسەربەستیی چ خۆشە، قەت بەشەرداناکەوێ دڵنیام دەژیێتەوە، دەورانی ئازادیی وتار گوڵ لەسەر بەرماڵی خاکی بەشکراو قامەت دەکا ویشکەساڵیی لادەچێ وکانی دەتۆقێن، دەم بەهار ئیدی ئەودەم شیعری ئاسۆ دێتەوە سەر دۆخی خۆی ناحەزان عاقڵ دەبن دەیناسنەوە شیعر و شیعار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گلەیی سەبارەت: نووسین: کارزان ئەوەندەم ڕست وهەڵگێڕاو چنی، کاردار وبێکاریم هەتاکوو نامەبانی، هەر دو چاوی شیعری دڵداریم گەیشتە حەوت وهەشت و نۆ ژومارەی دەفتەری شیعرم کەچی هێشتا دەفەرمی ــ کۆنە شیعرم ــ کاکی هامشاریم بەڵێ ئەو ئاشقی بودلێرو کۆنترگڕاسە ئەمما من موریدی ناڵی وشەیدای وەفایی و مەحوی و ناریم گوڵێ چاوکاڵ وڕوومەت پان لەسەر تەختی نەخۆشانە بەچاو ڕەحمی بەمن هات وبەدڵ کردی پەرەستاریم کەچی یارانی سەدڕەنگم بەتیری تانە لێم دەدوێن ئەگەر بارم کەمێ لار بوو، شتاقیان، نایەنە یاریم خودایا چەندە نامەرد وحەسوودە، ئەوکەسەی وادێ بەسووکی هەڵدەسەنگێنێ، وتاری قورسی ڕامیاریم ئەمن ئەو شایەرەی شەیدای وڵات وخاک و ئێنسانم حەسوودی بۆتە شاباشم، لەگەڵ سووتانە هاوکاریم دەسووتێم ودەسازێم، وایە ڕەویەی عاشقانی پاک ئەمن بۆ خاکپەرەست خاکم، بەڵام هەر زیددی زۆرداریم ئەگەر ئاسۆی خەمی خاکم، لەشیعرا توند وبێباکم بەوەی چاکم کەشاگردی هەژار و هێمن وزاریم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شینی مام هێدی سەبارەت: نووسین: کارزان (وەرە کە وەک پاییزێ زەردە ڕەنگم) گێژم دەڵێی گیرۆدەی داوی بەنگم (وەرەسەیرێ، سەرێ هەڵبێنە تاوێ) هێدی بەوە، هێندەی پەلە پێ ناوێ ئەڕۆژەی وا لەهەوڵێر ماڕاتۆنە دەنگی شین دێ لەو قەڵا بەرزە کۆنە ئەو کاتەی وا لە گەڕەکی ئەفسەران هەواڵێ دێ وەک تەم دەگرێ پەنجەران ئەوکاتەی وا لەشەقامی هۆڵی زەرد کۆچی هێدی نەرم دەکا دڵی بەرد ئەوکاتەی وا نم نم بارانەی پاییز لێم دەبێتە فرمێسکی دووریی ئازیز ئەوکاتەی وا غەزەل شیوەن دەگێڕێ ڕەشپۆش دەبێ وڕەنگی دەگۆڕێ، زێڕێ ئەو کاتەی وا شێخاڵی شینگای خەمە سەری سابڵاغ وێنەی سوڵتان بەتەمە ئەوکاتەی وا ڕۆحی هێمن لەشینە هەژار دەگری لەپەنای خاڵە مینە ئەوکاتەی وا ماملێ ناڵێ قەتارێ شادی دەبێ لە پشت خەم خۆی وەشارێ مەلاغەفوور چاوبە فرمێسک وزیزە مارف دەڵێ وەرن شیینی ئازیزە نازانم من هەرکزەم دێ بەجەرگا؟ یان هێدیە لەنێو تابووتی مەرگا؟ هەرچی وشەن لەپێنووسم دەکەن ڕەو وێنەی ڕاوچی ڕاویان دەکەم کۆنەو نەو لێیان دەچمە پشت بەرد وسیپەو سەنگەر دەچنە بن ئاو وەک گەوهەریان دێنمەدەر یەک یەک وەک تەزبێحی مەکەو مەدینە دەیهۆنمەوە ئەوەی شیاوی شینە تەزبێحی شینی شاعیر؟ ئاخر کێ دی؟ تابیکە مەگەردنی شینگێڕی (هێدی) هێدی بۆخۆی شینگێڕی شەهیدان بوو پاشای شیعری لەتیف و پاک وجوان بوو قەدەم زێڕ بوو قەڵەم زێڕ بوو، ڕێ پتەو نەسرەوتووی ڕێی ڕچەی کوردی ڕۆژ وشەو لە بۆکان ولە کەرەج ولەتاران شیعری جوانی بۆ گەلی کورد دەباران (غەزەل) بەزمانی ئەو تازە کراوە مەسنەوی جوان بە بەژنی ئەوبڕاوە یادگاری دەورەی سەروەری سابڵاغ شیعری میللی هەستی دەکرد گەرم وداغ لەهەر شوێنێ شیعری هێدی دەر کەوێ واژەی سوواو دەبێ سەری دانەوێ حاجی کیمی سەری زەردی نایە قوڕ سووتا جەرگی بە ئاوری بابەگوڕ گوڕ لەسەنگەرداش یەکەیەکە و پەنهانی هەموو دەگرین کوڕەکوڕەی بارزانی دەڵێن نەڵێن مە لە داعیش دەترسین لەسەنگەرداش بۆ شیعری هێدی برسین بەڵام سەدداخ تازە هێدی کۆچی کرد بارگەی شیعری بۆ لای خودای ئەوین برد ئاڵای شیعری دا دەست لاوانی موکری لاوی موکری نەچی بۆ هێدی بگری... شینی ناوێ هێدی فەخری یەک گەلە لەشیعری دا نووح کەوتۆتە پامەلە هێدی نەمرەو لەنێو کاروانی خەیاڵ ئاوێنەکەی ناشکێ ڕوو قەت ناکاتاڵ لەنێو مێژووی کورد وکوردستان زەمین هەرمانیە وەک (واسیلی نیکی تین) هیچ کەس نەڵێ کۆڕی ماتەم دەگرم بۆی ئەوزۆر پێشتر گریا بۆ میللەتی خۆی شینگێڕ بوو بۆ قارەمانی هەندەرێن شاعیرێ وەک هەژار و هێدی لەکوێن هەتا باسی ڕەنجی کوردی ئاوارە بۆ ڕاپەڕین بکەن بە دارە دارە (ئاسۆ)بەستە بۆت ناکرێ پەسنی هێدی باپێت نەڵێن زێدەڕۆییمان لێ دی بۆئەم شینەت جەوهەر دەبڕێ لەقەڵەم هەتا نێوی گەورەکانی گەل دەبەم ئەتۆ شیعری وەک هێدیت لەکوێ دیبوو؟ (هێدی)هێندەی بەسە بڵێن هێدی بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاییز سەبارەت: نووسین: کارزان بووکی پاییز هاتەنێو پەردەی خەیاڵ شاعیرێکی شێت دەسی دایەقەڵەم تابەشانەی شیعری تەڕ دەق بدا زەردی قژی دارێ سەوزی کۆنەساڵ هێشتێ مابووی پرچ ویاڵ یەک بەخۆی فەرمووی بژی شاعیریش بەم واتەیە ئاوی چاوی بوو بەفرمێسکی قەڵەم شاری جێ هێشت ولەگەڵ داربوو بەدۆست دارکوتی هاورێ خەزان تا سەرنیە داخی من ئەو دەردەیە هەندێ هاوڕێمان هەدەفیان بەر نیە ڕەنگی زەردی پاییزیی بێ هۆنیە ڕازی ژینی خۆیەتی ژین بەڕادەی ساڵ و مانگ، دوێ شەو و ئەمڕۆنیە خۆش بەحاڵی ئەوکەسەی چاوەڕێیە بۆ بەهار زار بەخەندەو گوێ بەدەنگی عوودو تار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیار سەبارەت: نووسین: کارزان کۆڕی یاران مات بێدەنگ، کاکە یاران چوونەکوێ؟ ڕێگە بەسراوە لە دێ، ئەی یاری شاران چوونەکوێ دەرس ودەور ومەدرەسە پاکی قەپاتە دەرکەکەی وەرزی جەولەی بێسەوادە، خوێندەوران چوونەکوێ دۆستەکان یەک یەک بەجێ دێڵن ئەوەی خۆشیان دەوێن باشە یاران ترسەنۆکن، ئەی نە یاران، چوونە کوێ دەرسی زانکۆ بۆتە شاد وشات و شووتە وەک چەتە چەت دەکەن ئێستا هەموو، زانین مەداران چونە کوێ دەرکی مەیخانان شکاو، بەد مەستەکانن چەک بەدەست ساقی پیاڵەی لێ ڕژا، ئەی مەیگوساران چوونەکوێ گەل هەتا ڕانی لەباتڵاقی ستەمدا تێ چەقین ئەی جەوانانی غەیووری شاری تاران چوونەکوێ مەدرسەومەکتەب درۆ، ئەخبار و ڕۆژنامان درۆ وەعدە پاکی بێ عەمەل، ئەی ڕاستەکاران چوونەکوێ دەستی نەرمی کیژەکان ناخوونی تیژتیژە و درێژ چنگی شەیتانی حەزە، ئەی گڵ عیزاران چوونەکوێ قاقڕە مەزرای ئەوینداریی، لەوەرزی پارەدا شەق شەقێنی کەوشی پووڵە، ئەی سەواران چونەکوێ وەرزی شیعری شێت و سووکە کێش نەما ئەندێش نەما ئەی تەوژمی هی من و هێمن و هەژاران چوونەکوێ بۆ لەسابڵاغ کاکی دوو ڕەنگ دەنگ و ڕەنگی سوڕەدا کوا؟ نەوی نوێی یاری جاری تاقەداران چوونە کوێ دژبەرانی مام هەژار چوون تاسنەش لێڵاو بکەن باری خاتر بوو بەشاتر، ئەی تەواران چوونە کوێ لێی گەڕێ ئاسۆ برینی کۆن وەبەر تیغان مەدە کوانێ حەفتاکان و کۆڕی سەرمەزاران چوونەکوێ؟؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسی ئاسۆ سەبارەت: نووسین: کارزان گڕووی شیعرم کە لێدەگرێ، خەیاڵی بێ نەشەو هەستم غەمێ دێ و وەک کەلەبچە توند دەبەستێ پەنجەکەی دەستم دەڵێی بەندیم وبێکەس، چاوەڕێی دەستێکی ئاسمانیم دەڵێی گۆڵزاری تینووم چاوەڕێی بارانی هەڵبەستم چ چاوە ڕوانیێکم بێ لەئەو پەنجێرە داخراوە لەکاتێکدا بەغەیرەز خۆشەویستیی، هیچ نیە قەستم وەرە! باهەر ئەسیری دەست و پەنجەی ناسکی تۆبم ئەمن خۆ هەر ئەسیری حوکمی وشکی حاکمی پەستم ئەوەندەم دیوە زەجر و دەردی بێدەرمانی ژێر دەستیی لە گەڵ ئازادی بێگانەم، مەگەر ئەو کاتە گەر مەستم ئەتۆ لێم دامەخە درگای بەهەشتی باغی سینەی خۆت لەمێژە وەک پەپوولە هەڵوەدای گوڵزاری نەو ڕەستم کە چاوم لێدەکەی نایمێنێ غەم، دەنکێکی بۆ دەرمان برۆم لێ تێک مەنێ من شێتی ئەبرۆی قاشی پەیوەستم هەزار هێندە لەبەر سەرما، دەس و پەنجەم نەنووسێ هیچ ئەمن پەیمان دەبەستم تا دەمی ڕزگاریی ناوەستم دەزانی شاعیرانی کورد، هەژارن، قانعن، بێ کەس دەبا ئاسۆی دڵم ڕوون بێ بفەرموو ئاسۆ من کەستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەربازی ون | بۆ هاوڕێی بێ سەر و شوێنم م. جەلیلی سەبارەت: نووسین: کارزان چل ویەک ساڵە بەهیوام چەلێ دیش بێیەوە لام ئەی لە ماڵ دورەکە! توخوا، وەروە، زۆر تەنیام چل ویک ساڵە دەڵێم پێکەو نەورۆزێ تریش بچینەوە کێوی قلیچ قایە، بەر ئەو تاقی بەسام جەغەتوو لێڵ بووە وەک چاوی چەپم تۆ لەکوێی؟ چاو لە ڕێگاتە گەزیزە وگوڵی سەرشار و شەقام ئەو گۆڵانەی کە لەبەرچاوی من و تۆ جوان بوون سیس و پەژموردن و پیر بوون و منیش هەر بەتەمام چەلێ دیش پێکەوە لەو دۆڵ و دەرە و چۆماوە وەک جەوانی، کوڕی شای رووسیە، نەگرین بەغوڵام زۆر لەمێژ ساڵە بەدڵ، پێ نەکەنیوم بە قسەت ئەی قسەت مەرهەمی زام و نەفەست شیعر و مەقام تۆ ئەوینداری چیا وچۆم وتەلان و گرد بووی ڕەببی ڕوو ڕەش بێ ئەوەی، نایەوەبۆت، تەپکەو دام وا بەهارەو گوڵ و دار پاکی هەموو بوونەوە ڕەنگ گیا لەسەر گۆڕی شەهیدان لە ڕکووعەو لەقیام خاکی سەر گۆری شەهید، سورمەیە بۆچاو، بەخودا داخەکەم شوێنی مەزارت نیـــەئاساری، بەڵام!!! تۆکە ڕۆیشتی و لەش ڕۆییەوە نێو خاکی خودا فەرقی بۆ تۆچیە گڵکۆت، گڵە یا بەردی ڕوخام؟ عاقیبەت میترێ لە میتقاڵە جل و بەرگی ئەوێ کێیە بتناسێ لەوێدا، لە خەواس و لەعەوام؟ هەر ئەوە حەسرەتی ئاسۆیە لەعەسری ستەما دایمە بەسراوە زمان و قەڵەمی ئەهلی کەلام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهار سەبارەت: نووسین: کارزان ئەوا دیسان بەهار هات و کەژ وکێو دەنگ و ڕەنگە لەسەرچۆم ودەراو وکێو، ئەوەی دێ، شۆخ وشەنگە هەرایە، دەنگی زەنگی پێش قەتاری مێگەلە دێت لەگوێی مندا دەڵێی زەنگی قوتابخانەی فەڕەنگە سەداو سیما درۆگایە هەموو هەر فێڵ وفەندە لەسیمای کێو کە دەڕوانی، قسەی وان هەر جەفەنگە ئەوان باسی ئەوین ناکەن بە تەفرەی گەل دەنازن پەنایان دارە یا قەمچی، ڕفێقیشیان تفەنگە وەبیرم دێ کچێ جوان بێری بوو، من عاشقی بووم لەسەر شانی چەنێ جوان بوو خودایا، ئەو چەلەنگە! لە حەسرەت چاوی ئەو خێل بوو دوچاوانی حەبیبە کە ناڵی بۆ دەناڵی و ئێستە جێیان قەبری تەنگە من وئەو ئێستە دوو پیرین، کە جوانیمان، چ زوو چوو پڕە گوێی من لە پەندو بەندو گوێی ئەو هەر پەرەنگە مەدە هاوڕێ لەدڵداری وئەوین، تانەت، کەڕە گوێم پەلی ئەسپی خەیانەت هەر لە شیعرا لەنگی لەنگە ڕەقیبم جێی شەوانی بار ودیسکۆی پڕ لەبادەن ئەمن دەنگی کەوم ئێستا لەگوێ وەک تار وچەنگە مەڵێ دۆڕاوە ژین ئاسۆ، جەوانی چوو، بە پیری بە بێ بادە مەژی یەکشەو، کەناو مەحسوولی نەنگە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زانکۆی نیشتمان سەبارەت: نووسین: کارزان یا ڕەبی خوا مەیلی عیشقی تۆ لە دڵما دەر نەکا چیم بەسەر دێنێ بهێنێ، کاری ئاوا هەر نەکا چاوی تۆم تیشکی هومێدە و سینەشت باغی بەهەشت یا ڕەبی خوا باغی سێوی هیچکەسێ بێبەر نەکا هێندە بێزارم لە ژینی ژێر دەسی ئەم سەردەمە دەستە کورتە و پێ شەلە و کەس ئیدی باسی سەر نەکا شەو نییە دڵ تا خەیاڵی پاکی تۆی تیا ڕابژێ ڕۆژ نییە شێعرێکی تازە واریدی دەفتەر نەکا ئەو وشانەی بۆ ڕەقیبی دڵڕەقی تیا تیژ دەکەم بێ وەفا بن دانە دانەی، کاری سەد خەنجەر نەکا نێوی خۆشت تا لە گوێم دەنگداتەوە چاو ڕوونترە چاوی ئاشق چۆن دەبێ شەو شەڕ لە گەڵ ئەختەر نەکا؟ لێی گەڕێ باهەر لە فێڵێ بن گەلی خۆخۆرەکان دڵ کە ڕەش بوو، تازە با قەت ئارەزووی دڵبەر نەکا بێ سەمەر سەر مەستە بادە کوا حەریفی چاوتە؟ پێی بڵێ ساقی ڕەقەی چاوت بە دو ساغەر نەکا هیچ دەزانی بۆچی هێندمان سەوزە بێژ تێدا هەیە؟ تا ئورووپی هێندە مەنعی چاوڕەشی ئەسمەر نەکا ئەو کەسەی لەم ساردەبا ڕۆیی بەرەو گەرمێن ئەدی پێی بڵێ کاتێ حەساوە قەت زەمی ئەم بەر نەکا خاک ئەوەندە خۆشەویستە وەرزی شەختەش گوڵ دەبێ قەیدی ناکا با لە ڕێبەندان، چرۆ و پەل دەر نەکا تاکوو زانکۆی خۆشەویستی نیشتمانی شک بەرێ حەقیە ئاسۆ قەت خەیاڵی جامع الازهر نەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کردە پەشیمان سەبارەت: نووسین: کارزان ئاخ! لەئەم دنیایەدا چۆن عشق و شادیی، باری کرد چۆن فریشتەی خۆشەویستیی، تەرکی لادێ وشاری کرد ئەودەمەی پووڵ وپلە و ماڵ بوونە کابەی عاشـــقان خاکساری و پاکبازیی یەک بە خۆی هاواری کـــــرد هات و هەرچی خۆشەویستی بوو بە کین پاماڵی کرد خۆڵ بەسەرمان بۆ نەزەرمان، ئائمە سۆفی کاری کرد نان و مەسکەن زۆر لەمێژ بوو وێردی زارمان بوو کەچی کاکەسوورەی قەڕنی بیست ویەک بەجارێ تاری کرد خۆزگە قانعمان دەما و دەیدی ئەوەی قەولی دەدا ئێمە هەرهیچ، چۆن لەخاکی پاکی خۆی داشداری کرد چەندە گوڵ لەو باغەدا سیس بوون و بولبولیان نەدی مەرگ بەر ئەو زاڵمەی، وا مەسخەرەی دڵداری کرد ئارەزووی ئەم میللەتە کار بووــ کەبێکاریش نەبوون ــ ئەو لەگەڵ بێکارەکاندا، کوا چەلێ هاوکاریی کرد؟ هەرچی ئازادی وهەچی ئابووری خەڵکی سادەبوو پاکی جوان خڕ کردەوەو لای ماڵی خۆی عەمباری کرد دەستەچیلەی جەرگ و گورچیلەی گەلی چەوساوەکان وەک کەباب برژاند وپاکی هات لەقوڕگ وزاری کرد ڕەش وەها زاڵ بوو بەسەر سپیا، نە سەوزیی ما نەشین بۆیە زەردیی هات و ڕەنگی پێشکەشی گوڵزاری کرد چاوی ئاسۆ نیوەبین بوو ڕۆژی ئازادی نەدی گوێی نەدایێ کەس بە شیعری ئاخ کەچەند هاواری کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی درۆ سەبارەت: نووسین: کارزان نەرمەبارانێ بەوردی، تەڕ دەکا سەربانەکەم کەم دەکا هێندێ خەم و زۆرتر خەیاڵە جوانەکەم گەرچی ڕۆژی جەژنەیەو شادی دەبێ خۆش کاخەیاڵ هێند بەلەز ڕۆیی تەمەن، من ئارەزووی گریانە کەم نان و ئاو هاوڕێی هەناسەن، تابمێنی هەر هەیە چون قوتابی قانعم من دەیگەیێنێ نانە کەم من، سەفای جارانی سەر چۆم و شەتاوم ون بوە کوا بەهیوای پووڵ و پۆست ومەدرەکم؟ باوانەکەم! بەرد هەتا بۆسەر پتر بڕوا کە کەوتە خوارەوە وردی وردی ورد ئەبێ، من ئیشتیبای وا، با نەکەم باڵی موورە، دەوڵەتی زاڵم، نەچی توخنی کەوی سەد هەڵۆ و باشووت لەسەر ڕێن، کاکە ژیر و جوانەکەم گەر دەڵێم جەژنیش درۆی دینە و ئەوانەش مەرکەزین دەیبڕن لێم نانەسەگ، نا نا، کوڕە! یارانە کەم! دەک بە ژەهرم بێ لەژێر ئەو هەموە جەهل و ناهەقە شەرتەئیدی تاهەبم زەمبی زەمانــــــی شا نەکەم خۆ دەزانم عاقیبەت یارم دەنێرێ یەک مەسیج بۆنی ماچ ومەی بدات و وەرگرم جەژنانەکەم پێم بڵێ ئاسۆ مەترسێ دەورە گۆڕانی هەیە دیت چلۆن گوڵ بۆتە پاشای موڵکی ڕێبەندانەکەم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ گوناح سەبارەت: نووسین: کارزان من گوناحم چیە؟ بۆ کایە بە ئەفکارم ئەکەی؟ شێتە، خۆم شێتی ئەوینتم، ئەدی بۆ هارم ئەکەی؟ شێر لە نێو بیشەیی خۆیدا بێ لەهیچ کۆ ناکا کەچی تۆ ئاسکێ سڵی هەر بەنەزەر، تارم ئەکەی شاعیری کۆڵنەدەری ڕۆژی خەبات بووم وکەچی تۆ بە شەونامەیێ قاچاخی شەوی تارم ئەکەی چ خەتایێ لەمنی ملکەچی ماچت دیوە؟ نامەوێ دتدەمەوە، بۆچی خەتا بارم ئەکەی؟ شیعری من ڕۆژێ وەکوو کادۆ لەبۆ یار دەبرا ئێستە بەم پیریە بۆ گاڵتە بە ئەشعارم ئەکەی؟ من وشەو شیعرو شیعاری پوفەکیم پاکی بەزاند تۆ لەسەر تیشکی گەلاوێژێ منەتبارم ئەکەی؟ شایەری ڕەشبەڵەکی هێزی خەبات بووم وکەچی حەیفە لەو پەنجە گوشیانەکە بێزارم ئەکەی جاری وایە لەسنە دەمکەیە شای شیعر وغەزەل جاری واشە لە شنۆ، بێ قەڵەم و زارم ئەکەی ئاڕەشێکم کە لەسەر زۆریی سنوور گیانم ئەدەم بەنیشانەی حەسەدی تیری کەماندارم ئەکەی ئێستە مەیدانی وشەی شیعر و ئەوین پڕ لە ڕیان من کە هەر راستیە ڕێم، تووشی خەتی خوارم ئەکەی هەستی من نوورە لە ئاسۆ وە بەشەو دەردەکەوێ بە نیگای چاوی حەسەد تووشی ڕچەی نارم ئەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: داری میوە سەبارەت: نووسین: کارزان دارەقەیسی کووچەمان ئەوساڵ بەری هێنایەوە گەرچی منداڵ پاکی شینخۆرکرد بەبۆنەی کایەوە داری میوە هەر وەهایە، دارو بەردی بۆ دەخەن باغەوانی ڕژدە پاییز، ڕو ڕەشی بۆ مایەوە هێندەمان دەستی دوعا بۆ ئاسمان بەرز کردەوە خوا، شکور، وێنەی هەمیشە جوابی عەبدی دایەوە تۆ ئەگەر گەرد و لکەی شووشەی دڵت پاکەیتەوە پاک تەماشاکەی، دەبینی، ڕەنگی عالەم تیایەوە کۆدەکەی تۆ ئیشتیبایە خۆ دەنا خوا هەر هەیە میهرەبانی ئەو چ دەخڵی کوا بە باب و دایەوە ئەی ئەوەی تۆرای لەنێو مزگەوتی عشق وعاتیفە کەج مەکە میحڕابی ئەبرۆت، ئاخە بۆچی نایەوە؟ خۆم بەچاو دیتم ئەگەر ئێستاکە پاشای خۆیەتی ئەو کەسەی چەشنی گەدا لەم کوچەدا دەخولایەوە ئەی گوڵی تۆراوی سەرمام بۆ لەگەڵما هەر دژی ئەوشەڕەی ئەمن و ئەتۆ بۆ؟ بۆچی هەر نەبڕایەوە؟ نوری سەر ئاسۆی کەژو کۆساری کوردی لێڵ مەکەن زۆر موسافیر شەو لەبەر ئەو نوورە سەریان نایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەزەر سەبارەت: نووسین: کارزان ڕوونەلێم بەینێکە چاوت ڕووی لەماڵم کردوە کۆتری شادی و شەعەف ماڵی لەحاڵم کردوە تۆم نەبی من چیم دەوارێ شڕ لەبەر زریانی دڕ چاوی تۆیە تیشکی پڕ هۆدەی خەیاڵم کردوە - تۆ بەتینی عیشقی خۆت کاڵت کوڵاندم ڕۆحەکەم - خوت دەزانی چەندە بیری چاوی کاڵم کردوە هێندە تیری چاوی چڵکن هات و ئەنگاوتی نەشەم لاسەشۆڕم شوانکەڵەم، بیری خەزاڵم کردوە گەڕ بەهێور یا بە پێوارێ بەرەو بەروێت خوشیم جەردە نیم ئشتیای دزینیی پرتەقاڵم کردوە لای خودا گوڕڕەو هەڵا قەت قیمەتی ئاهێ نیە من بەکوردی لای خودا، سەد ناڵەناڵم کردوە فێڵ و نووشتەو شاڵ وفاڵم زۆر کەڕەت رەت کردەوە بۆکچی سەیزادە ئێستا بیری شاڵم کردوە پێم مەڵێ ڕابردوو ڕابردو ژیان تێپەڕ بوە سەیری سەد ها مانگی بەدری پاش زەواڵم کردوە تیلەکۆو سەرشیو و کەڵوڕ جوانی وای تیدانیە مەشقی ئەشقم لای کچێکی خزمی خاڵم کردوە نەفسی ئاسۆ وەک سەگێ بوو یانیگر، زۆر کەسیەگرت تا ئەتۆی گرتم بەیاری کوێر و لاڵم کردوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ زیرەکی نەمر سەبارەت: نووسین: کارزان ئەوە بۆمەرگە؟ لەپاش پەنجا ساڵ دەنگەت ماوە لە گوێی پیرو مناڵ لە سەرا و پاڕک و منارە و ڕەزگە ئاوەیەر و تاق و حەوز نەرم و زوڵاڵ پیرەکە سەیرنیە چون نەسڵی ئەوی شۆڕەکچ لاوی بەجەرگ و کوڕوکاڵ کچی وات عاشقە، دەمرێ لەبەرت بەقژی ڕووت و کزیی چاوی کەژاڵ چاوی کچ کز بوو و لەژێردا ڕوانی ئەوەیە سیحری منی کردوە بەتاڵ تاڵی کەزیەی کچە کورد دەستمی بەست خۆ دەنا پێم نەدەوەستا، حەمەتاڵ تا لە ناڵەشکێنەوە، دەنگت دێ بۆ هەموو شاری دەبا بادی شەماڵ ناڵی دەشکێنی لە بۆکان سوارچاک پەڕی دەڕژێنێ لەبانە، پەڕەژاڵ خۆزگەبەوڕۆژە نەمێنێ شەڕ و شۆر دەنگی تۆ و شیعری ئەمن ببنە مەتاڵ هونەر و شیعری غەزەل حاکم بن بێت لەبۆ زاڵمەکان تەوقی زەواڵ ڕۆژ لە ئاسۆوە تیشک باوێژێ ون بکا ناوی ستەم سیحری حەڵاڵ ++++++++++++++++++++++