شاعیر: سەعدی عەباسی کتێب: شیعرەکان سەرناو: چاوەڕێ سەبارەت: ٣٠ی پوشپەڕی ١٤٠٠ - نووسین: سەعدی عەباسی سەردەمێکی چاوەڕێ بووم یاری جارانم نەهات گوێ لەمستی دەنگی پێ بووم ڕاحەتی گیانم نەهات من هەموو ڕۆژێ میجازی عیشقەکەم نوێ کردەوە ئەو هەموو جارێ شکاندی و پێ بە پەیمانم نەهات پێم کەگووت ئارامی گیانم تۆی شفای ئازاری دڵ ئەو بزەی هاتێ و گوزەر بوو، دەرد و دەرمانم نەهات سیس ببوو غونچەی ژیانم، سێسنم نەیدا چرۆ تێپەڕی گوڵزاری عومرم، مێرگ و خەرمانم نەهات کوون کوونە جەرگ و هەناوی من لەدووری دیدەمەست چەشنی زوڵف و بسکی خاوی حاڵ پەرێشانم نەهات من کە دائیم هەر خەیاڵی ماچی یاری خۆم ئەکرد بێ لوتف بوو یارەکەم قەت شەو لەجێژوانم نەهات وەک «وەفایی» سەعدیا تۆش هەر بناڵێنە و بڵێ (ئەلئەمان سەرتاقەدەم سووتام و جانانم نەهات) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باوەش سەبارەت: ٢٦ ی سەرماوزی ٢٧٢١ ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی ڕۆژ بە تاسەی باوەشێکی پڕ ئەوین و بێ درۆم شەو لەدوای ئەو خوازە شیرینەم هەدا نادەم بەخۆم گەرچی زۆریان باسی عەشقی بێ سەرەنجام کرد لەلات دێم بە نێوی خوای ئەوین سوێندی ئەوینداری دەخۆم کێ دەڵێی دین دوژمنی هیوا و حەز و دڵدارییە من بە ئاوی کەوسەریش دەسنوێژی دڵداری دەشۆم ئەو دەمەی بێ یارو هاو دەم تێپەرێ لەو ژوانگەیە کاولەیەو بۆن و بەرامی مەرگی لێ دەتکێ لە بۆم زۆر حەزی سامانی دونیا و ژینی شاهانەم نییە باوەشت کۆشک و تەلارە و خۆم لەوێ خاوەن شکۆم تیری زۆردار زۆری زۆر و زوڵمی دەوران دا نیشان بۆیە ئێستاش هەر لەزوڵمی زوڵمەتی شەو ڕەنجەڕۆم تۆش کە نەمزانی حەبیبی، دڵبەری یا قاتڵی ئێستە من بۆچی نیشانەی تیری برژانگ و برۆم؟ باوەش و نەرمی لەش و ماچێکی سەر کوڵمی گەشت بوونە هەڵقە و من لەناویدا وەکوو مەل دەستەمۆم شەوچەلەی یەڵدایە بۆنی مێخەک و سێوی کەوات جەننەتی یەزدانە باغت بۆیە خولیای هاموشۆم دەم بە دەم 'سەعدی' بەقوربانی دەمت بێ گوڵ بەدەم ئەی کە نازانی چەنێ بۆ ماچی ناو دەم دڵ بەسۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بزەی لێو سەبارەت: نووسین: سەعدی عەباسی بزەی لێوت بەزاندوویە خەم و ناسۆر لەناخم شنەی قاقات وەراندوویە بەری تاڵی لەباخم سپای چاوت دەشێوێنێ پلانی بەد ڕەقیبان نگای نازت دەنەخشێنێ دەر و کۆشک و وەجاخم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرزی جوانی سەبارەت: ٢١ ی پووشپەڕی ٢٧٢١ ی کورد - نووسین: سەعدی عەباسی ئەی دو چاوت وەرزی جوانی، ئەی هەوێنی ژین و مان زایەڵەی دەنگت لەناخم کەڕ دەکا گوێچکەی خەمان بەژنی بەرزت وەک ئەلەم، پرچت لەوێ لێ لێی سەمان پەت کراوی تاڵێ زوڵفم مەمخەبەر داوی نەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەسڕەتی ماچ سەبارەت: نووسین: سەعدی عەباسی لەمن ڕا سووچ و تاوانێ نە کریاوە و نە دەکرێ لەتۆ ڕا وەعدەیی ماچێ نە دریاوە و نە دەدرێ دەسا مەیلت لەمەیلم لادەدا قەستەم بەلێوت ئەوین و حەسڕەتی ماچت نە کوژراوە و نە دەمرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز سەبارەت: ١٠ ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ - نووسین: سەعدی عەباسی بکەن شایی کە شای جێژنانە نەورۆز هەوای ماچ و وەفا و جێژوانە نەورۆز کچ و کوڕ ڕاپەڕن داوەت بگێڕن کە چەقڵی چاوی نامەردانە نەورۆز مناڵ و میر مناڵ شاد و بەکەیفن بە ڕۆژ کۆڵان و شەو سەربانە نەورۆز بڵێسەی ئاگری دوژمن بەزێنە گڕی گڕکانی بێ ئامانە نەورۆز لە پاش مەرگی ڕەشەمێ هاتە مەیدان ڕەقیب و دوژمنی زستانە نەورۆز بە بەرگی زەرد و سوور و شین و سەوزی هەرای سۆزی چیاو کوێستانە نەورۆز دە پشکوێ گوڵ دەڕازێ دەشت و پێدەشت نشانەی جەننەتی یەزدانە نەورۆز سەراپا بۆنی ئازادی و ئەوینە سەراسەر شادیە و سەیرانە نەورۆز هەتا کوردێک بژی نەورۆز دەمێنێ کە کورد قەت نامرێ و هەرمانە نەورۆز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵفڕین سەبارەت: ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢١ ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی حەتا ئەمڕۆ کەسێک ژیاوە بەژینت؟ کەدڵخۆش بێ بەقاقاو پێکەنینت؟ حەتا ئێستا چ کەس دڵخۆشی کردی؟ لەکاتی ماتەم و گریان و شینت؟ کەسێک بووە ئەگەر چارەی خەمت بێ؟ لەئێش و زام و ناسۆر هەڵمژینت؟ پەنات بۆ بردبێ کاتێ کە لەنگی؟ بەخوێ نەیکردبێ ساڕێژ برینت؟ حەتا کەنگێ بەم و بەو دڵ دەبەستی؟ ئەبێ کێ ببتە هۆی فرمێسک سڕینت؟ لەگەڵ خۆت ئاشت بەوە ئەو جا دەزانی نەبوو کەس لایەقی ئەشق و ئەوینت دڵی خۆت بگرە باوەش ئۆقرە دەگری بە دڵ ئاسوودە سەر نێیە سەرینت شەقەی باڵت بەرەو ئاسۆ تەیار کە کەست پێویست نییە بۆ هەڵفڕینت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاقە داری هیوا سەبارەت: ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢١ کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی یاری بێ مەیلم لەکوێی هەر چاوەڕێی بادانەوەم چاوەنۆڕی تۆم ئەزیزم تۆی هومێدی ژیانەوەم سەیری ڕوخساری جەوانیم کە و بەهاوارم وەرە پڕ چرووک و سەرکزم پڕ لە کپ وپاڕانەوەم بگرە دەستی پڕ لە لەرز و پڕلە بێ هێزیم بەدڵ تاکوو بنوارم لەدەستت وەک قەڵای هەستانەوەم والە لە دارستانی ژین هەر بێ چڵ وبن مامەوە دەی وەرە ئەی تاقەداری ژین و هیواو مانەوەم یان لەخەونێکی پەشێو دام یا ئەخر سەیرە لەلام چۆن بەدائیم هەر خەریکی ڕۆژ و شەو هەڵدانەوەم خۆ بەبێ چاوی ڕەشت خۆشم وەبیر نایەتەوە یەک نیگات کافییە گوڵم بۆ خۆ وەبیر هێنانەوەم وردە خاڵی کاڵ و ئاڵت هێن لەبەر چاوە کەمن خۆزگە دەمدی گەر خەتێکم بەو خەت و خاڵانەوەم سەیرە «سەعدی»ش هەڵکشانی هەر بەلایتۆیە کەچی هەر نەماوە کەس بەلام بۆ نازکەشی و حاوانەوەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕاوێژ سەبارەت: ۱۲ی ڕەزبەری ۲۷۲۲ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی دڵم گەرچی خەفەتبار و سەرم هەرچەند سڕ و گێژە لە سووچی قوژبنی ژوورم، قەڵەم مەیلی لە خۆوێژە بەیانیان کاتێ خۆر هەڵدێ بەدڵ دەڕوانمە ئاسۆ بڵێی ڕۆژێ لە کورتی دا؟ کە چون تا موڵکی تیرێژە بە شەو ئەمما لە ناو دوو ڕێ پیاسەی بێ قەراریمە دەمم بۆنی شەڕابی نوێ و دەسم هەروا بە دەستنوێژە کە ڕام وا بوو شەڕاب و دین گەلێک ساڵە لەیەک زیزن خودای من هاتە گوفتار و وتی چی قینە بینێژە بڕێ شاگەشکە بووم بەینی شەڕاب و دین کە چا بۆوە کەچی دیتم خەمێکی تر لە نێو ناخم سەرەوڕێژە وتم خوا گیان کە پاشا و عالمی هەر دوو جیهان خۆتی نگای ڕوحمێ بە رەو خاک و گەلی کوردیش بهاوێژە وتی یانی  لە تۆ وایە دەسم بەرداوە لەم کوردە؟ وتم ئەی چۆن کەدەیبینم هەموو لام زاڵم و خوێنڕێژە کە فەرمووی سەیری چوار لا کە خەتای کورد خۆیەتی چبکەم ئەوەندەی ئێوە خۆخۆرن سەری خۆشم لەڕاوێژە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچ و خاچ سەبارەت: شەوکاری - ٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی ئاخ ئەگەر ڕۆژێ دەمی شێعرم وە کوڵمەت دەکەوت وەکوو 'ماچ'ێکی لە جێژوانی دڵم دەردەکەوت گەر شەوێک نووکی قەڵەم لە قوڵکی گەرنت دەخەوت وەکوو 'خاچ'ێکی لە دیوانی دڵم دەردەکەوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاڵا سەبارەت: ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی شەقام شەقام و شار بە شار دێمەوە لات! گڵۆپ گڵۆپ دادەگیرسێم بۆ ڕووناکی دڵی ساوات! کانی کانی، ڕووبار ڕووبار دێمەوە لات! دڵۆپ دڵۆپ دەبمە شەپۆلێکی بەدفەڕ بۆ گەمارۆی نەیارانی دەوری باڵات! هەور هەور، گەواڵ گەواڵ دێمەوە لات! کولو کولو دادەبارێم بۆ ساڵیادی بەرزی کۆمار لە گشت وڵات! فیشەک فیشەک، برین برین دێمەوە لات! تک تک، سوور سوور دەبمە خوێن و دادەچۆڕێم، لەبەژنی شۆڕە لاوێکی جەرگەی خەبات! نەمام نەمام، چەپک چەپک دێمەوە لات! دەبمە گوڵ و دەبمە شینکە بۆ ڕەنگاڵەی کێو و چیات! تیرێژ تیرێژ وەک خۆرەتاو دێمەوە لات! کزە کزە دەبمە ئاسۆ بۆ گەشایی لە هەر چوار لات! دەبمە خوێن و دەبمە بەفر و دەبمە خۆر و دەبمە شینکە و دێمەوە لات! بەرز بەرز دەشنێمەوە قیت قیت، قۆز قۆز دەبمە ئاڵات. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئابڕوو سەبارەت: ٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٢ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی منیش دەشیا بەهارێکی ڕەنگاڵە بام! لەمەی ئێستام قیت و قۆز تر، گورگەمێشی چەند ساڵە بام، دڵ پڕ لە قین، دڕ و بۆز تر!! منیش دەشیا بووکەڵە بام! لەدەستی سووکەڵەی دەوران، هەتیوێکی ڕووتەڵە بام، چاو لەدەستی ماڵی گەوران منیش دەشیا قاڵاوێک بام دەم لە کەلاک! لەسەر دار و درەختی شار، ئەو چڵ ئەو چڵ ماندوو و هیلاک، بۆ فرۆشی یار بە نەیار! بەڵام کوردە وا نەزانی! بۆ نەیارم کڕنۆش دەبەم، بەنەفامی و بەنەزانی، ئابڕووی خۆم و تۆش دەبەم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتی دڵ سەبارەت: ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢١ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی خەوتەرەی چاوی کزم شەرتی لەدەست چووتە گوڵم شەوچەرەی شەو بێکەسیم دوو لێوی قەندووتە گوڵم وێرەگا بێ یان سەحەر، مانگ و هەسارە و خۆر ئەتۆی کەشکەڵان، زریا، فەلەک دوو چاوی جادووتە گوڵم وانەزانی زۆر هەوەس بازم، سکاڵای دڵ دەکەم ئەو پەڕی ئاواتی دڵ ماچێ لەسەر ڕووتە گوڵم سەیری لەنجەو لارەکەت دەمباتە نێو بەحری خەیاڵ نەوسە، کوێر نابێتەوە و چاوی لەپەردووتە گوڵم تێنەگەی شاعیر ئەوینی تۆی لەسەر پێ دەردەچێ عاشقە و سەوداسەری ڕەش خاڵی زێرووتە گوڵم نەک بڵێی هەر جوان پەرەست بێ ئەو دڵە دێوانەیەم شێتی ئەخلاق و ڕەوشت و کردەوە و خووتە گوڵم یان نەترسی هەر بەماچێ دەست لەعیشقت کاتەوە موو بە موو بەستراوی پرچ و تاڵەکەی مووتە گوڵم گوڵبەدەم خرخاڵ لەپێ چاوی بەکل گوارەش لەگوێ قۆڵ بە بازن سینە پڕ مەرجان و یاقووتە گوڵم دەفتەری دیوانی «سەعدی» ناوی تۆی لێ دەربچێ لارەمل هەپڕوون و پێخواس تابڵێی ڕووتە گوڵم قەندوو: «قەندان» وێرەگا: «کاتی خۆر ئاوا بوون» پەردوو: «حجلە» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرگی ئەوینداری سەبارەت: نووسین: سەعدی عەباسی وەرە با تۆوی دڵداری بچێنین لەگەڵ یەکتر وەفاداری بنوێنین بەرەو ڕووی قیبلەگای بێ مروەتاندا دەبا نوێژی ئەوینداری بخۆێنین بێ وەرە با تێبگەین لەو ڕەمز و ڕازە بزانین دڵ بە سازی کێوە سازە ئەگەر دارای، ئەگەر بێ ماڵ و جێگەی کە دڵ ماڵی ئەوین بێ، بێ نیازە دڵت ڕابێنە دەرگای ئاوەڵا بێ بوێر و ژیر و گەشبین و قەڵا بێ ئەویندارانە ڕێگەی ژین بپێوێ نەبێ ترسی لەوەی کۆسپ و بەڵا بێ بەژیری بیری ڕابردوو بەدەر کە هەوای سازی ژیان ئاوماڵی سەر کە فڕێی هەڵدە و بەجێ بێڵە ڕەشایی جل و بەرگی ئەوینداری لەبەر کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئازادی سەبارەت: ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی تۆ چیت؟ هەرچی دەکەم و دەگەڕێم؛ نات دۆزمەوە. تۆ دڵۆپی کام بارانی نەباریوی؟ یا شەپۆلی کام ڕووباری وشکەڵاتووی؟ شنەبای کامە زاویتەی قەت نەهاتووی؟ تەنکە پێستی گۆنای خوشکی کام شەهیدی، بە نینووکی داماڵاوی؟ بزەی سەر لێوی کام دایکی نیشتمانی، کپ کراوی؟ وای بۆدەچم؛ تۆ هەنیسکی دڵدارێکی بێ باوەش بی! ئااای دەترسم؛ کزەی ئاسۆی وڵاتێکی دوورە بەخت و چارە ڕەش بی!! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەمی خەمۆ سەبارەت: نووسین: سەعدی عەباسی سەیری گۆمی پڕ لە خوێنی ڕۆژھەڵاتم کە و مەڕۆ ڕوو لە ئاسۆی دڵ بلاوێنی وڵاتم کە و مەڕۆ چاو لە لاوی حەق ستێنی نێو خەباتم کە و مەڕۆ ڕوحمێ بەم شین و شەپۆڕە و کارەساتم کە و مەڕۆ سەیرە چۆن ناوی نەمانت دێتە سەر زار بەم خەمە خۆ دەزانی چەڕخی گەردوون سێ کەسی وەک تۆی کەمە پێش قیامەت ناحەزی گەل دێنە جواب و مەحکەمە دوژمنم بن بڕ کە جا پڕ دەستەڵاتم کەو و مەڕۆ شۆڕشێک هاتۆتە ئارا حەیفە نەیبی برا تۆ کە خۆت هەوڵی خەباتت بوو بە هەر جۆرێ کرا هاکە دیتت خەڵکی کوردیش مافی خۆی پێ بەخشرا جا بە ئاڵای بەرزی کوردستان خەڵاتم کە و مەڕۆ بابە بابەی جوانی ″هێژا″ بێنە پێش چاو و مەڕۆ جەرگی دایک و نیشتمان دوور کە لە خوێناو و مەڕۆ قەت بە بێ تەکبیر مەدە بڕیاری پڕتاو و مەڕۆ من بەرەو هەر دەست بە دامانی ″خودا″تم کەو مەڕۆ کەس نەزانێ من دەزانم چەند بەهێزی ڕۆژی خۆی نووکی خامەت شایەدە و دەیکا خەباتی بێ درۆی لای هەمان سەیرە چلۆن هەم خەم ڕەوێنی هەم ″خەمۆی″ خۆت ڕەوانەی ڕێگەکەی پردی سیڕاتم کە و مەڕۆ چوارشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ ی کوردی بۆ خوالێخۆشبوو مامۆستا خەمۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دار سەبارەت: ١ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ی کوردی - نووسین: سەعدی عەباسی هاوڕێی شیرین وەرە ئەمجار ببین بەدار... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... . هەر کامەی کە تۆ پێت خۆشە... چەندی خۆمان کرد بە گوڵ و بە نەرمە زریان هەڵوەراین... یا بەدەستی هەرزەکارێک هەڵپساین و بووین بە پێشەکی ماچێکی تامەزرۆیی لەپای جێژوان... چیمان لێ هات؟ سیس و ژاکاو، پەلکی بێ گیان دوای ئارەزوو پێشێل کراین... هاوڕێم بەسە..! وەرە ئەمجار ببین بەدار... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... هەرکامەی کە تۆ پێت خۆشە... تەنیا وەرە ببین بەدار... چەندی خۆمان کرد بە گوڵ و بووین بە دیاری بۆ کاتێکی دیاری کراو... چیمان لێ هات؟ هەندێکمان بووین بە پێخوستی کتێبە پیر و لەبیر کراوەکان، هەندێکیشمان؛ بووین بە ئاودەنگی گۆڕستان... ! ئاودەنگییەک بۆ گۆڕستان... ! بێ ئەوەی کەس بمان بینێت، بە بێ ئەوەی بۆنمان بکەن... چەندی ئێمە خۆمان ڕەخساند، جوانیمان بە سرووشت بەخشی، دڵی بولبولی دڵداری خۆش ئاوازمان لە خۆ ڕەنجاند... چیمان لێ هات... ؟ لە ئاکامدا گوڵە نایلۆنە هاتنە دی و بەعەتری ئێمە خۆش کران و خۆیان نواند..! ماندووم هاوڕێم... ! لەوەی لە لق جیا ببمەوە و لەجیاتی ئاونگی جوانی وەخۆ بگرم بچمە ئامێزی ئاوێکی وەک خۆم دیلی ناو شووشەیەک... لەجیاتی ئاونگی جوانی وەخۆ بگرم... ! وەرە ئەمجار ببین بەدار... هەردارێکی تۆ پێت خۆشە... بەڕوو، بی، شۆڕەتوو، چنار... . وەرە با ببین بە دار و بە ناخی عەردا ڕۆ بچین... سەقام گیر بین، لق و پۆ لە خۆمان دەرکەین پەل ئەستوور کەین... بژین و بژێنینەوە... ئێمە دەتوانین هەزاران گوڵی وەک خۆم و خۆت دەرکەین سرووشت بڕازێنینەوە... دەتۆانین ببین بە جێژوان، یاری بکەین لەگەڵ زریان... دەکرێ هاوڕێم ئێمە ببین بە کتێبێک بۆ باسی مان، باسی ژیان... ! ڕەنگە بکرێ ببین بە کێلی گۆڕی گوڵێکی سیس و لە بیرکراو؛ بەڵام با سەو ز بڕوانین... هەر وەرزەی جۆرێ بنوێنین... پڕ گوڵ و بۆنی ئاشنای ئەوینداری هێلانەی سەدان باڵندەی دەرکراوی بێ دەرەتان دەتوانین ببین بە جێژوان یاری بکەین لەگەل زریان وەرە هاوڕێم ببین بەدار... هەر دارێکی تۆ پێت خۆشە... ++++++++++++++++++++++