شاعیر: خەمۆ کتێب: شیعرەکان سەرناو: باغەوان سەبارەت: نووسین: حاسڵ عومەری خۆشبەحاڵی ئەو کەسەی قەت باغەوانی باغ نەبوو وەرزی باغی بۆ غەنیم و دڵنز و ناساغ نەبوو باغەوانی ئاشبەتاڵ ژیانی دەدا بۆ دارەکەی ویشکە داری کردە دارێک پڕ لەبەر بوو بارەکەی هەر بەحەسڕەت بوو بگاتێ وەرزی خەرمان و چنین تا غەریبێک هاتە جێگای وەرز و بەهرەی هەڵڕنین هەر بە حەسڕەت ما و دەمێنێ عاشقان هەر ڕەنجەڕۆن هەر کە چاندبیان تۆوی ڕاستی تا ئەبەد هەر بێ چرۆن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو و یادت وەکوو هەون و سەنیرن سەبارەت: نووسین: خەمۆ شەو و یادت وەکوو هەون و سەنیرن سەنیر و خەو بە بێ یەکتر فەقیرن ئەتۆ دایک و هەوێنی هزر و وازی حەز و تاسەم بە بێ یادت سەغیرن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووگەی عەشق سەبارەت: نووسین: خەمۆ سەر لە ڕوگەی ئەشقی پاکت شەرتە یەک دەم لانەدەم ئاشقی قوبڵەی بەرۆکت، کوا لە دینت لادەدەم؟ کانیاوی لیوەکانت شادەیان هێنا بە من کاتێ شادەم کانیاوتە چۆنی بەرد پێدادەدەم؟ سینگی بەفرینت پیرۆزن ڕاسترین سوێندی منن چاوەڕێم سوێندم بدەن تا دەس بە سینگت دابدەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شۆڕشی ئەشق سەبارەت: نووسین: خەمۆ چەشنی جامی دەستی مەستان خۆشە بەرزم ڕاگری نیمە بۆ مۆڕەی بە تەوست گیانە گیانی بەرگری شۆڕشی ئەشقت بە کێ دەکرێ لە جەرگەی ئاشقی من فەدایی بێ چەک و تۆش، ئەرتەشی خۆڕاگری خۆزگە وەک بەختم نەچوبای هێندە ڕۆیشتن کەچی؟ هەر لەمن دووری و لە دووری سوری و پێداگری ئێستە دیلی ئەشقی یەک لام حەقمە ئازادیم بوێ من لە سۆی ئەشقت دەسوتێم تۆش بڵێسەی ئاگری خۆر و مانگیش ئاشقی تۆن زۆر دەترسم پێت نەگەم خۆر لە سەر کوڵمەت دەبینم هێندە خۆش و دڵگری مانگی شەوگار گەر شەوانە دێتە کۆڵان و شەقام چاوەڕێیە تاقە جارێکی لە باوەشتی گری خۆ دەزانم ڕۆژ بە سرتە دێتە بن گوێت و دەڵێ هێندە شلکی چۆن دەتوانێ جوتە مەمکت هەڵگری بەر لە هێوارێک لە باوەشتم گرە بەشقم هەتاو من لە باوەشت ببینێ دەس لە بەژنت هەڵگری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوتیان لەیەک ڕستەدا بنووسە نیشتمان کوێیە؟ سەبارەت: نووسین: خەمۆ کوتیان لەیەک ڕستەدا بنووسە نیشتمان کوێیە؟ بە پێنووس دەستم هەڵدڕی ئەو هەمۆ شاخ و دەشت و شارە پڕ شەهیدەم بۆ لەڕستەیەک دا نەدەنووسرا هەر بۆیە بە خوێنی دەستم هەموو لاپەڕم خوێناوی کرد و کوتم ئەو لاپەڕە خوێناوییە نیشتمانە ++++++++++++++++++++++