شاعیر: هێژا کتێب: شەوچرای شەوێکی بێ زەوق سەرناو: شەوچراى شەوێكى بێ زەوق سەبارەت: نووسین: محەممەد ئازەرى من لە ناو گێژاوی خەمێکی تەماوی تا ماوى تەواوى ئەم ئەسپە شەكەتە لە ناو تريوەى تەنياييە غاو بدە و بڕۆ... من لە نێوەڕاستی نيوەى ڕاستى زەوييەكى نيوە ڕاست و نيوە درۆى شەوچرای شەوێکی بێ زەوق لە دايك بووم من لە ناو دڵی تاریکییەوە هاتووم و تۆیش لەو پەڕی جوانییەوە... لە بێ تۆیی ترین شەو بێتوو بوونت لە لا لێوی ئەم خەونەوە هەڵوەرێ ئیتر من عاشقێکی گەڕیدە دەبم لە هەسارەى مەمکەکانت و بە دەور زەوی سووڕ دەخۆم و بە ناو خۆماوى‌ترین هەناسە وەرزەکان دەنکە دەنکە دا دەکەنم و لە سەرما سڕ دەکەم دەتکەمە پەیکەرەی ئازادی لە سەرما من و تۆ سێبەری سێ کەس بووین کە یەکیان لە ناو کەلێنی ددانی زەوی دوا نیگای گرتبووه ئاسمان و مانگ زەلیلتر لە چاوی من و تۆ خەرمانەی دابوو... بایەکی کەمەرە شل لە تاڵ تاڵی قژت دەنکە گەنمی هەڵدەوەراند و شین دەبوو برسێتی من لە ناو تۆ دا باش بزانە لە قامووسی مندا نییە لە بیر چوونەوەی با لە دێڕە ئاوانگاڕدەكانى پرسیاردا درۆت لەگەڵ من و باران کرد و دای لە شەقەی باڵ و داى كرد و دایکم دابارییە سەر عەرز ‌ شین، شین ‌ ڕۆ، ڕۆ ڕووە ڕۆتینەکانی ئەم نەبزی ئازادییە بە ئارامی توخمی باوەڕێکی ڕێک و پێکی پێکنا و پەیک پەیک هەڵیدا و دای لە شەقەی باڵ کاڵ بووەوە ڕەنگەکانت لە سەر تابڵۆی نیشتمانم ڕۆۆۆ سێ لە چاوانما قەتيس ما لە ناو گەرووما ڕژا ھەرچى ئۆيە زيندە بۆ گۆڕ بوو ھەرچى مێيە ئايەتى شكاندنى خوێند ھەرچى ئايە ئەرێ ئيتر باست ناكەم باسی ئەوانە ناکەم کە ئەلف بێی باران هێشتا دانەباریوەتە ڕۆحیان لە دێڕە تەنگە بەرەكانى باراندا ئازاريان نەنووسيوەتەوە من باسی ئەوانە دەکەم كە درۆ لەگەڵ و من و باران ناكەن من باسی ئەوانە دەکەم کە لە برسێتی ئەولاتر دوو ھەنگاوى تر شك نابەن باسى خۆشى بكەن من باسی ئەوانە دەکەم کە لە گەڵا ئەولاتر خەونیان بە هیچ بەهارێکەوە نەدیوە... من باسی ئەوانە دەکەم کە لە ڕەش ئەولاتر هیچ ڕەنگێکیان نەنووسیوەتەوە هەر بۆیە خەونەکانی خودا بە چنگ لە ناو زلکاوی ئەم هۆشیاریە دەر دێنمەوە و لەسەر خەمێکی خۆماوییەوە باوەشێک پێلوی هەناسەی ساردت دەدەمێ و لە لێواری مەرگ بە کۆڵ و بە کوڵی گریانەوە هەناسەت دەکێشم و دەیکێشمەوە و دەيكێشم و دەیپچڕێنم سنووری نێوان كێشى نیگاهت... ئيستعارەى مەرگ لە میسرەعی کۆتایی دوایین جەغزی پساوی هەناسەت لەسێدارە دەدەم و دەیدەم بە دەم 'با'وە و دەڕۆم... ئەم جادە لەعنەتییە تا ئەو پەڕی مەودا هیلاکی دەنووسێتەوە دەڕۆم و ئەندێشەم تا ئەو پەڕی ئاوا بوون سێبەر دەنوێنێ دەڕۆم و من لە تراویلکەی ئەم جادە لەعنەتييە ئەولاتر هیچ وەهمێک شک نابەم تێیدا کاول بم دەڕۆم و دە پێ دەنێرمە باڵات و دووپێیەک دەگەڕێتەوە... بە خۆشیت بە خۆشیمان ئااای نیشتمان تۆم هەر لە بیرە ئەو کاتانەی بیرە دەخۆمەوە ئای کە نی، کەنی گیان، نیت و ئاھـ! بنوو خەون بە شاعیرێکەوە ببینە لەسەر ئەم شێعرە بڕيارە بە قژى خاوى ئەوەى درۆى لەگەڵ من و باران كرد لە سێدارە بدرێ! و شەپۆل کز کز مات دەخوێنێ لە دێڕەکانی ئەم کەنارە مەناڵە بۆ مردنى من درۆزن! مەناڵێ بۆ مردنی من ئەی لە بێدەنگی سامناکتر... ئەى لە تراويلكە درۆزنتر ئەی لە تەنیایی جوانتر... ئەی شەکەتترین ڕۆحی زیندوو... من سەرم لە چاخە تاریکەکانی عەقڵمدا و دەستم لە جەنگەکانی حەقیقەت دا ڕەش بووە پێی بڵێن بمبوورێ من دەڕۆم بەرەو گۆڕستان و ئاوڕ لە هیچ مردوویەک نادەمەوە بە مردوویی چەکێک هەڵدەگرم و دەڕشێمەوە بە سەر ئااای نیشتمان بەسەر کاسم بە کاسیت قەسەم بەسەر لەگەڵتم و بە دڵ لەگەڵ ئێوارانت پیاسەی غەریبی دەپێوم دەڕۆم و لە هەرچی پێچا پێچ دەخۆم و هەرز دەبم و هزرەکانم ئەم ڕێیە دەپێون... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو لە تاریکی کاڵترە سەبارەت: نووسین: محەممەد ئازەری بێدەنگی شەو لە شەڕی کەڵەشێرەکان ناتوانێ خۆی بپارێزێ دۆلار بێ بەزەییانە چاڵی چاومان پڕ ئاو دەکات شێعر لە توێی ددانی پیرە پیاوان گیان ئەسپێرێ لە نێو چاوی دایکەکانمان فرمێسکی وشە دێتە خوار و ناڵەی شێعر، مناڵێکی سەرشەقامەکان دەکاتە کۆڵ شار لە فرمێسکی نەڕژاودا نوقم دەبێ؟ وڕەی سەگ شار دەکاتە خەو چاوەکانم لە ئەشکی شار بریقەی دێت بۆنی باران شار ئەخاتە جموجووڵی خۆشەویستییەکی نا ئاکام ماشێنەکان لە بێکاری نەخوازراودا بەخێرایی بۆ ئاسمان نەوی دەبن! چرا لایتەکان بێڕەحم و بۆ هەتا هەتایە سەوزن هەورەکان لە تاو ترافیک گیرۆدەی خەمۆکی بوون کورسی باخچەکانی گەڕەک ژەنگیان گرتووە مۆسیقای نێو ئاودەستخانە لە تەک دەنگی سیفوونەکان لێک ئاڵاون ئێرە شارە کە خەڵکەکەی بۆ سەر زامی یەکتر، خوێی خوڵک دەپڕژێنن تەوەری دارینی درەخت کە تاقەتیان لێبڕاوە بۆ پاڵپشتێکی گەچڵاوی نێو پارکەکان گیانیان ئەدەن ئاخ شاری من پێم بڵێ کێ تاوانبارە کە دەنگی مۆسیقای زیندوو تەنها لە سەر ڕێرەوەکان دەبیسترێن من، تۆ، ئەو، ئێمە و ئێوە و ئەوان و ئەوانیش هەر هەمان ئێوەن کە بە شوێن کەسێکی وەک ئەو وەها وێڵن وا منیش سەردەمانێکە هەم تۆ و هەم ئەوی گڕ داوە وا سەربازێک لە بەرزایی تاوەرێکەوە دەگری لە سەر لوولەی تفەنگەکەی گوڵێکی سوور دەپشکوێ هەر فیشەکێک دەبێتە دەنکە گەنمێک و نیوەی ئەم شارە تێر ئەکا خۆ «حەسەن زیرەک» نەماوە بە دەنگەکەی زامی کرم هەڵێناوی پیرەپیاوێک ساغ کاتەوە زامێکی قووڵ لە سەر شانی ئەم شارەوە لێم ئەپرسێ: کوێی عەداڵەت لە لەشماندا گیری کردووە شێتی و شەیدایی و خەمۆکی دارودەستەی خراپکاری چوارڕێکانن دەبێ لە ژێر داروپەردووی شێتییەکی خوێناویدا شار پەیدا کەین ئەرێ ئەرێ شار هاڕیاوە ئای شاری من خەڵکی لە بەتاڵی خۆیان گرفتاری ئەوین ئەبن لە سەر قاتی دوازدەهەمی بینای شەقامی باکووردا کریکارێ لە ئاسمانەوە بۆ زەوی کەوتە خوارێ بۆگەنێکی پیسی بن باڵ سەر چوارڕاکانی پڕ کردووە و منداڵێکیش بە کۆکەکۆک فاڵی حافز دەگرێتەوە ڕێگا بە بەرزی شار ببڕە لە سەر لووتکەی کێوەکاندا دەستگیری دەرگای خۆر بگرە و بڕۆ ژوورێ زۆر دەمێکە لەم وڵاتە گیا ناڕوێ لە تەواوی نیوە شەودا و لە لا سەرووی چرای کزدا ئاودەستخانە گشتییەکان شەو نەخوونیان کێشاوە تا بەر بەیان شۆرتی چەکدارە خانەنشینەکان له شاری نوێ(سۆزانییەکان) ڕێژە دەڕۆن خەڵکی سەر دەکەنە ژێر خۆڵ سەر گۆڕەکان بنگوس(قولانج) ئەکەن بە ئەشقەوە زەوی ئەکێڵن وەکوو بڵێی دڵیان لە ژێر خۆڵ نێژرا بێ بە شوێن مشتێک هیوادا وێڵن سا ڕۆژێک دێ پشتی دەرگا بدەن لە عەرز ئای شاری من هەر لەو ڕۆژەدا چنگ ئەکوتی لە تاو ژانی لە دایک بوونی برسییەتی کلیلی دەرکەی مردنێکی خوێناوی بە یادگاری لە چاڵی عەرزدا جێدێڵی موهرەی کایە بۆ هەمیشە ڕەش ئەنوێنن لە گۆڕەپانی شەترەنجدا کیش و ماتی یەک سەیر ئەکەن بۆچی ئیتر ساقەتی هیچ عەداڵەتێک لە زایشگاهی شاردا لە دایک نابێ؟ لە بەر ئەوەی زایشگاکانیش سیاسین بۆچی ئیتر لە کۆتایی فرمێسکی منداڵەکاندا پێکەنینێک لە دایک نابێ؟ لە بەر ئەوەی کەرەستەی کایەی منداڵانیش سیاسین بۆچی ئیتر مۆسیقایەک دیسانەوە لە دایک نابێ؟ لە بەر ئەوەی ئامێرەکانی مۆسیقاش هەر سیاسین لە بەر چییە ئیدی شۆڕش لە دایک نابێ؟ لەبەر ئەوەی ئێسپێڕمەکانی حەقیقەتیش هەر سیاسین لە بەر چییە هەور نابارێ؟ لەبەر ئەوەی پشکوتنی گوڵی سووریش سیاسییە لایتەکان بۆ هەردەم سەوزن؟ لەبەر ئەوەی ڕەنگی سووریش سیاسییە ئێرە هەر هەمان شارە وا بە دەستی قەڵەش بردوو بە کۆکەکۆک کەوایەکی ڕەش لە بەریدا لە زیندانی ژان ئەڕزا ئێمەیش هێشتا لە سەر مەزاری مردووەکان هەنگاو ئەنێین وا سێبەری برسیەتییە دووکەڵی کارگاکان هەڵدەکا تەواوی شەو ئەم ئەستێرە گەڕۆڵە چاو لە کچانی ڕەنگ پەڕیو دەقرتێنێ ئەوانەی وا داتەپیون برسی و بێتاقەت و ماندوو دڵ خەمینن. هاوارم کرد: مەرگ و نەمان بۆ ئامریکا... بێجگە لە ئازیزێک بە ناوی واڵت ویتمەن! ئەوانەی کە ساکەکانیان دزرا بە دەستی فریشتەی ئاسمان ئەوانەی بە هەر حەیرانێک کەوتنە گریان کەوتنە قلکە لە ژێر ژەهری پیسی ئاسمان لە سەر زەوی خەماویدا ژینیان داچەند من ئەزانم کە ئەمشەویش پێغەمبەرێک هاوار دەکات؛ کێ کوشتوویەتی خوداکەی من؟ من؟ نا ئاشقی ئەوم لە تەنیشتیدا ڕێگە ئەبڕم لە گەل تۆدا پێدەکەنم لەگەڵ تۆدا میز دەکەم فرمێسک ئەڕێژم لە گەل تۆدا ڕامووسان دەکەم تووڕە دەبم لە گەل تۆدا خەمۆکی داگیرم دەکا شێت ئەبم و لاواز ئەبم لە گەل تۆدا ڕێگە دەبڕم جیا دەبمەوە لەگەڵ تۆدا تەنیا ئەڕۆم تەنیا ئەبم تەنیا ئەمرم لەگەڵ تۆدا لەم شارەدا لەوێ کە بیست و شەش هاوڕێی شێت لە کۆی یەک دائەنیشتن پرژەی هۆنراوەی دڵداری بە ڕووی یەکدا ئاوڕشێن دەکەن! لەوێ نە من هەم و نە تۆ چەند لەتێک هەن لە نێو درزی دیانی شاردا گیریان کردووە و بیرەوەریان پڕتووکاند لەولاوەتر پشیلەیەک دەیلستەوە ئێسکەکانی پیر و نوستوو منیش لە نێوان ئێوەدام لە شارێکدا کە دایک و باوکی لە شەڕدا شەهید بوون بۆری پیسایی لەشی من دڵۆپ دڵۆپ لێی ئەتکێ شووشەی پپسی لە تەنیشتما پاڵ ئەکەوێ ژوورەکەی من لە هەوری دووکەڵ نوقم ئەبێ بارانی چاوم دەبارێ کاغەزی دەور بابۆڵەکەم دەفتەرچەی نووسینی منە دڵۆپ دڵۆپ لە بۆری ئاو خوێن دەڕژێ چرکەچرکی کاتژمێرەکەم هەر ساتێکی لەگەڵ ڕۆیشتنی تۆ خەوی قورسی لێ ئەکەوێ دێوەزمە داگیری کردووم دەنگی هەواڵەکان کز کە! مردن لێرە هەناسەکانی سوار ئەبێ دەنگی پێشکەشکار گڕ ئەبێ ئەو کاتەی تۆ سەردەردێنی ئابووری چین ئفلیج ئەبێ! مانگ بە تاریکی و بێدەنگی دڵ ئەسپێرێ تڕامپ هاوسەری ئازیزی بەجێدێڵێ و لە ئەلکولدا نوقم ئەبێ! هەموو ڕێگا بەستراوەکان دەر ئەکەون هیتلێر سمێڵی دەتاشێ زەوی غەرقی زەریا ئەبێ و مەسیحیش بە خاچێکەوە لە دایک ئەبێ تۆ خۆتت کوشت هەر بەو هۆیەی کە نەتدەزانی کە ناتوانی ڕووبەری سێگۆشەیەکی سەر بەرەوخوار حسێب بکەی! تفەنگچی سێبەرم بخە و ئازارم بدە گیرفانی چۆڵی ڕزگارکەر دێوەزمەی من داگیر ئەکات ئۆهۆی گەواد دەنگی هەواڵەکان کز کە! ئەسپەکان ڕەش هەموو ئاژەڵەکان ڕەش و مێژووی نەتەوەکان ڕەش ڕوانینەکانی تۆ ڕەش پێکەنیکانت ڕەش و ئەوینداری ڕاستەقینە ڕەنگی ڕەش و سیپەلاکەکانی من ڕەش خۆشویستنەکانیش ڕەشن ئێمە ڕەشیمان لێ ئەتکێ مێشکی ڕووناکی ژەنگاوی ڕەشی گرتوووە باوبۆرانی پۆلێک باڵندەی ڕەش بەڕێوەیە ڕووناکی تیشک لە کون پەیکەری ئازادی ئەمریکادا قەتیس ماوە ئەمریکا ڕەش ئەورووپا ڕەش ئاسیا ڕەشترە لە هەموویان تازەلاوان چنگ لە چنگی ئەهریمەنی بێکاریدا دەستەویەخەن پیرەکان هەوریتر دەبن مردووەکان هەردەم دەبارن ئۆهۆی گەواد دێوەزمە داگیری کردووم دەنگی هەواڵەکان کز کە! ئەی پیاسەچی نێو گۆڕەپان دەڵە سەگی پیری نووستوو ئەی ڕووناکبیری تاریکی قوڕ و لیتەی زەریای هۆنەر دڵڕفێنی لە دڵ تەڕی ئەی فێمێنیستی ئاشقی سێسووچێکی پێچەوانە ئەی ڕێبەرانی ڕێبوار فیلسووفانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕێگەم بدەن هیچ گەڕەکێک لە مندا قەرەباڵغ نەبێ ئیجازەم بەن تاقە شێعرێکی دڵداری بنووسمەوە منی شێتی بیست و یەک ساڵ چل و دوو ساڵە ئاشقم! زۆر دەمێکە ئا لەم شارە بزەی باوکێکم نەدیوە ئەڵێن من کێم؟ لە ترپەی تاریکی پرسن هۆکار ئەمەیە و بەو بۆنەیە شەو لە تاریکی کاڵترە. ++++++++++++++++++++++