شاعیر: سەیوان نیک پەی کتێب: ببوورن، هەینی ئەکاتە چەن شەممەی ئەم شێعرە؟ سەرناو: ببوورن، هەینی ئەکاتە چەن شەممەی ئەم شێعرە؟ سەبارەت: نووسین: هانیتا ڕەحمانی ماریا مار یا ئەزانی ئەم سەر ئێشە لەعنەتییە خەریکە سەرانسەری ئەم شێعرەم پێ بڕشێتەوە سەرانسەری ئەم خیابانە بە دوکان و پاساژ و هەرچی گەن و گوویەوە ئەوەتای هێڵنجم داوەتەوە ئەوەتای چۆڵم لە تەقویم و ئەو ڕۆژمێرانەی منداڵیم پێیدا سەر کەوتبوو ماریا مار یا ئەزانی چەترەکانمان درۆزنن لانیکەم فیزەکانت لانیکەم قیزەکانت بە من و کووچە هەڕاج کە ٭٭٭٭ ئەم ڕۆژانە بەتەنافی تاقەتمانا ئاوێزانە چاییەک بوو یەخی کرد جگەرەیەک بوو نەمانکێشا شانۆ نامەیەک بوو من قەت نەمنووسی و تۆیش نەبوویتە ئەو فاحشەی بڕیار بوو لە سکانسی دووەمیدا کەشفت بکەم ٭٭٭٭ کاتژمێریش لە مەدارێکی بێ مانادا وەیلانە هەر با وەیلان بێ قەرارە حەجمی زەمەن لە کاولییەکانی کام قیامەتا حەشر بکرێت؟ سادەتر بڵێم: لە وەیلانییەکانی باران و ئەلکول بەملاوە جگەرەیەک پەلی هاتنەوەم ئەگرێت و هێندسەی ئەم ئێوارەیە مەخمەسەیەکە تامی دووشەممە و ڕێواس و باخەڵت ئەدا ٭٭٭٭٭ بێ مروەت، سەبووریم سێبەرێکە بە دوای خۆمدا کێشی ئەکەم. قەوڵم دابوو بە کراسە خان خانە کەتانییەکەم، قەوڵم دابوو بەو تەمەنەی لە کەوشەکانما هیلاکە، بەو سەرئێشەی لە سینووزەکانما هەمارە، سەیوان نیک پەی لە بەهاری ٦٦ دا بنێژم. کەچی کەسێک، سێبەرێک، تەوەهومێک لە ناسنامەکەمەوە، لە مەملەکەتی کراسە خان خانە کەتانییەکەمەوە، ڕێئەکەوێت و ئەڵێ درێژەی سەیوانم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە وەیلانییەکانی باران و ئەلکول بە ملاوە سەبارەت: نووسین: هانیتا ڕەحمانی لە وەیلانییەکانی باران و ئەلکول بە ملاوە جگەرەیەک پەلی هاتنەوەم ئەگرێت و هێندسەی ئەم ئێوارە لەعنەتییە مەخمەسەیەکە تامی دووشەممە و ڕێواس و باخەڵت ئەدا ++++++++++++++++++++++