شاعیر: موفتی کتێب: دیوانی موفتی پێنجوێنی سەرناو: ڕۆژێ بە ڕێکەوت لە بازاڕ گەڕام ڕۆژێ بە ڕێکەوت لە بازاڕ گەڕام تووشی کوڕێ بووم خاوەن ئەقڵ و فام شیرین گفتوگۆ و باڵا نەونەمام بەبێ ئیختیار لەلای هەڵوەستام *** نزیکی کەوتم زۆر بە چالاکی چوومە تەماشای ڕوخساری پاکی دیققەتم لێ کرد زۆر بەبێ باکی دیم لە گوێچکەیا نیشانەی چاکی *** ئەڵقەی گوارەی شێوە تەڵا بوو لای گەردن بە گوێی هەڵواسرابوو نەقش بوو داوی نەقش و ئیملا بوو سەد هەزار دڵی بۆ موبتەلا بوو *** پێم نا بە جەرگی خۆما دەستوبرد لە ئەڵقەی گوێیەی سوئالم لێ کرد وتم پێم بڵێ ڕۆڵەی بێچوە کورد سەد کەسی وەک من لە مەراقا مرد *** کوڕم نەدیوە گوارە لە گوێ بێ ئەم قاعیدەیە ئاخۆ لەکوێ بێ تایەفەی ئێوە ڕەنگە کە جوێ بێ یا ئەم ئوسووڵە ئوسووڵی نوێ بێ *** زۆر بە نەزاکەت هات بە لامەوە بە لوتفی شیرین جوابی دامەوە کەوتە گفتوگۆ بە ئارامەوە ئەباری شەکر بە کەلامەوە *** وتی باوکی من وەجاخی کوێر بوو لە پارە و موڵک و سەروەتا تێر بوو ڕۆژ و شەو دایم خەریکی خێر بوو شەوقی هەر لەسەر ئەولادی نێر بوو *** دایکم چۆتە سەر شێخێکی مەشهوور زۆر گەورەترە ئەو لە پیر مەسوور وەختێ تەوافی ئەکا لە حوزوور ئەگەڕێتەوە بە کەیف و سروور *** ئیتر ئەو شەوە من چوومە حەرەم هیچ درۆی نییە بەبێ زیاد و کەم هەڵقەی غوڵامی ئەو چۆتە گوێچکەم نابێ لایبەرم یا خود گومی کەم *** بۆ شەخسی زیندووش ئەگەر وەها بین خاوەنی شەرت و عەهد و وەفا بین زەحمەتە تووشی دەرد و بەڵا بین بۆ گەورە بەندە و بۆ بچووک چا بین *** پیاوی گەورەمان نایەتە بەردڵ تاکوو ئەو ڕۆژەی ئەچێتە ژێر گڵ ئینجا بۆی ئەگرین بە جۆش و بە کوڵ گۆڕەکەی ئەکەین بە باخچە و بە گوڵ *** موفتی قسەی تۆ ساغە و ڕووبەڕوو حورمەتی زیندووش بگرە نەک مردوو بازێ کە بەربوو لە دەستت دەرچوو بۆ مردوو مەگری بگری بۆ زیندوو ++++++++++++++++++++++