شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: زانکۆی نیشتمان سەبارەت: نووسین: کارزان یا ڕەبی خوا مەیلی عیشقی تۆ لە دڵما دەر نەکا چیم بەسەر دێنێ بهێنێ، کاری ئاوا هەر نەکا چاوی تۆم تیشکی هومێدە و سینەشت باغی بەهەشت یا ڕەبی خوا باغی سێوی هیچکەسێ بێبەر نەکا هێندە بێزارم لە ژینی ژێر دەسی ئەم سەردەمە دەستە کورتە و پێ شەلە و کەس ئیدی باسی سەر نەکا شەو نییە دڵ تا خەیاڵی پاکی تۆی تیا ڕابژێ ڕۆژ نییە شێعرێکی تازە واریدی دەفتەر نەکا ئەو وشانەی بۆ ڕەقیبی دڵڕەقی تیا تیژ دەکەم بێ وەفا بن دانە دانەی، کاری سەد خەنجەر نەکا نێوی خۆشت تا لە گوێم دەنگداتەوە چاو ڕوونترە چاوی ئاشق چۆن دەبێ شەو شەڕ لە گەڵ ئەختەر نەکا؟ لێی گەڕێ باهەر لە فێڵێ بن گەلی خۆخۆرەکان دڵ کە ڕەش بوو، تازە با قەت ئارەزووی دڵبەر نەکا بێ سەمەر سەر مەستە بادە کوا حەریفی چاوتە؟ پێی بڵێ ساقی ڕەقەی چاوت بە دو ساغەر نەکا هیچ دەزانی بۆچی هێندمان سەوزە بێژ تێدا هەیە؟ تا ئورووپی هێندە مەنعی چاوڕەشی ئەسمەر نەکا ئەو کەسەی لەم ساردەبا ڕۆیی بەرەو گەرمێن ئەدی پێی بڵێ کاتێ حەساوە قەت زەمی ئەم بەر نەکا خاک ئەوەندە خۆشەویستە وەرزی شەختەش گوڵ دەبێ قەیدی ناکا با لە ڕێبەندان، چرۆ و پەل دەر نەکا تاکوو زانکۆی خۆشەویستی نیشتمانی شک بەرێ حەقیە ئاسۆ قەت خەیاڵی جامع الازهر نەکا ++++++++++++++++++++++