شاعیر: موختار کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف سەرناو: سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە سەر و ماڵم فیدای ئەو چاوە کاڵە دڵم پڕ خوێنە بۆ ئەو لێوە ئاڵە کە ئەو شۆخە لە حەق من میهرەبانە ڕەقیب حیلە و دەسیسەی تۆ بەتاڵە لە ئولکەی دڵبەریدا یارم ئەمڕۆ شوکور شاهەنشەهی حوسن و جەماڵە بە شمشێری برۆت ئەی یاری بەدخوو دەخیلە بمکوژە خوێنم حەڵاڵە لەلام بێ قەدرە نەسرین و وەنەوشە ئەگەر دەستم کەون ئەو زوڵف و خاڵە بە دنیا دڵ مەبەستن ئەی ڕەفیقان گەلێ دامادی دی ئەم پیرەزاڵە وەفا و خووبان و سەبر و عاشقی زار نەبینراوە ئەمە ئەمری مەحاڵە فیدات بم چۆن بنووسم شەرحی حوسنت لە تەعریفی، زوبانی خامە لاڵە لە دنیا هاتن و دەرچوون لە لای من بەڕاستی ئەحمەدا هەر وەک خەیاڵە ++++++++++++++++++++++