شاعیر: خۆشناو کتێب: شیعرەکانی خۆشناو سەرناو: بۆ خەم نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم له ‌وەڵاتم، جحێڵه‌کان به‌بێکاری ده‌پێون شه‌قامی شاری - بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم باوکی ماندوو، ده‌ڕژێنێ فرمێسکی خوێنی ناتوانێ به‌منداڵ بخوێنی - بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم خه‌ڵکی هه‌ژار، له‌باوه‌شی گرانی دایه‌ به‌زگی برسی قسه‌ی بۆنایه‌ - بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم خێڵی کۆڵبه‌ر، له‌و ڕێگای ئاسته‌موو باریک ده‌کوژرێ به‌شه‌وی تاریک - بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم جگه‌ر سووتاو، ته‌رمی ئازیزی هاته‌وه‌ وێنەی گۆچان داهاته‌وه‌ - بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم تازیه‌ی داران، هه‌ر له‌ده‌وری شارستانم دەسووتێنن دارستانم – بۆ خه‌م نابێ؟ گه‌ر ده‌بینم به‌من ده‌ڵێن: بۆخه‌م نابێ لێره‌ بڕۆ خاڵه‌خه‌مه‌ خه‌مان مه‌خۆ - بۆ خه‌م نابێ؟ ++++++++++++++++++++++