شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: کەسی ئاسۆ سەبارەت: نووسین: کارزان گڕووی شیعرم کە لێدەگرێ، خەیاڵی بێ نەشەو هەستم غەمێ دێ و وەک کەلەبچە توند دەبەستێ پەنجەکەی دەستم دەڵێی بەندیم وبێکەس، چاوەڕێی دەستێکی ئاسمانیم دەڵێی گۆڵزاری تینووم چاوەڕێی بارانی هەڵبەستم چ چاوە ڕوانیێکم بێ لەئەو پەنجێرە داخراوە لەکاتێکدا بەغەیرەز خۆشەویستیی، هیچ نیە قەستم وەرە! باهەر ئەسیری دەست و پەنجەی ناسکی تۆبم ئەمن خۆ هەر ئەسیری حوکمی وشکی حاکمی پەستم ئەوەندەم دیوە زەجر و دەردی بێدەرمانی ژێر دەستیی لە گەڵ ئازادی بێگانەم، مەگەر ئەو کاتە گەر مەستم ئەتۆ لێم دامەخە درگای بەهەشتی باغی سینەی خۆت لەمێژە وەک پەپوولە هەڵوەدای گوڵزاری نەو ڕەستم کە چاوم لێدەکەی نایمێنێ غەم، دەنکێکی بۆ دەرمان برۆم لێ تێک مەنێ من شێتی ئەبرۆی قاشی پەیوەستم هەزار هێندە لەبەر سەرما، دەس و پەنجەم نەنووسێ هیچ ئەمن پەیمان دەبەستم تا دەمی ڕزگاریی ناوەستم دەزانی شاعیرانی کورد، هەژارن، قانعن، بێ کەس دەبا ئاسۆی دڵم ڕوون بێ بفەرموو ئاسۆ من کەستم ++++++++++++++++++++++