شاعیر: ئاوات
کتێب: شاری دڵ
سەرناو: لەشکری ئەگریجە
سەبارەت: (گەردیگلان، ١٣٢٠ ی هەتاوی) - لاپەڕە ٩٤ ی چاپی جەعفەر و ٩٨ و ٩٩ ی چاپی ئەنیسی.

دەستە دەستە بە سەفن١ لەشکری ئەگریجە بەڕێز
عیشق و عەقڵم لەگەڵ ئەو دەستە دەکەن جەنگ و گورێز

قەدی ئاڵایە کە هاڵاوەتە ڕوخسار و برۆ
شێر و خورشیدە عەلامەت، چ جوانە، چ بەڕێز

ئەفسەری لەشکری ئەگریجە دوو چاوی جەنگین
هەر دەوەنگێوێ٢ بە تیری موژە، هەردوو خوێنڕێژ

سەنگەری غەمزە دەبەستن لە کەمینگای چاوان
وەکوو ڕاوچین و دەبەن بۆ دڵی زارم پارێز

خوسرەوی سەڵتەنەتی موڵکی وجوودە عیشقی
عەقڵەکەم مەرکەبی خۆشرەویەتی، چەشنی شەودێز


١. هەردوو دەقی ئەنیسی و جەعفەر وەک 'بە سەفی' تۆماریان کردووە. 
٢. لام وا نییە ئەم وشەیە لەشوێنی خۆیدا بێت.

++++++++++++++++++++++