شاعیر: ناری
کتێب: دیوانی ناری
سەرناو: قەومینە وەرن لازمە ئەوڕۆ کە عەیانە

قەومینە وەرن، لازمە ئەوڕۆ کە عەیانە
دیققەت لە ئەساسی هونەری ئەهلی زەمانە


هەر نوکتە لە بۆ ئێوە، کەوا بێتە بەیانۆ
شەرحێکی لەتیفە، بە پڕ و پووچی مەزانە


ئەسنافی بەنی نەوعی بەشەر سەیری لە هەر لا
ئاساری زەکا و عەمەل و عیلمی بەیانە


سینفێکی بە تەییارەوە مەربووتە خەیاڵی
دایم لە هەوار و لە فەلەک کەسبی گەڕانە! 


سینفێکی بە تەل مایلە، سینفێ بە مەعادین
سینفێکی لە بۆ تۆپ و تفەنگ فیکری ڕەوانە


ئەم نوکتەیە سەربەستە نەبێ چاکە بە کوردی
هەر کوردە کە وا غافڵ و بێ -- نەزانە


هەر کوردە لە هەر دەوڵەت و هەر بەگلگ و هەرجێ
پەیوەستە بەبێ ---- ویردی زەمانە


هەر یەک بە سەر و سوورەت و هەیئەت وەکوو شێرە
ئەمما لە هونەر خاڵی و لایەق بە نەمانە! 


یا مەدح و سەنای پینەچی و دۆم و خەڕاتە! 
یا باسی گەز و شایەن و تەعریفی قەپانە


یا سرتە لە سمت و کەفەلی لووسی هەتیوە! 
یا بەحسی خەت و خاڵ و سەر و زوڵفی ژنانە! 


ئیسمێ کە نەبێ جیسمی بە زەرفی دوڕ و دانە! 
وەک سواڵەت و وەک کاشییە کۆنی هەمەدانە


قەومینە بەسە غەفڵەت و بەدبەختی هەتا کەی؟ 
زۆر حەیفە لەگەڵ قەسری ئیرەم بەحسی کولانە! 


بێدار و تەلەب کاری جیهان پاکی ئەزانێ! 
سوعبەت نییە دڵسۆزییە ئەم مەوعیزەمانە

++++++++++++++++++++++