شاعیر: سامان سەنگاوی کتێب: تەنیام لێرە سەرناو: شەیدای ژوانم بۆ حەسانەوەی ڕێی ماندووی ژیان باوەشت نەبێ هیچ شوێن شك نابەم وا گومان دەكەم لەگەڵ تۆدابم ڕێ بەكەناری دەریای خەم نابەم ئێستا و هەمیشە هەر خۆشم ئەوێی وەك یەكەم جارت و یەكەم دیدارت لای من هەر گوڵ و ڕێحانەی جوانە پێدەشتی وشك و پڕ خۆڵ و خارت ئیتر ئەو خەڵكە چۆن حاڵی دەبێ من گوێ نادەمی و بەبێ دەربەربەستم گرنگ ئەوەیە تۆ پێ بزانی لە دنیای ڕۆشن تۆی خۆشەوسیتم دڵم وەك گوڵ و تاجی پاشایی لەسەرت ئەنێم هەتا بمێنم قەت لێت تێر نابم گەر سەد هێندەی تر لەسیما و جوانی تۆ ڕا بمێنم من عاشقی تۆ و تۆ شەمعی ڕێم بە با خەڵکی شاریش گشت پێ بزانن هەتاكو مێژوو بینوسێتەوە لە سایەی عەشقا دوان کامەرانن هەوری ئاسمانیش لە جیاتی باران تۆی بارانۆتە سەر كێڵگەی دڵم بۆیە بۆ عەشق و دڵداریت گیانە هێند بێ ئارام و وا لەسەر كوڵم وەكو كۆرپەلە شەیدای دایكی بێ من وەها شەیدای دیدار و ژوانم كاتێ تۆم هەبی بەبێ خەم ئەڕوا شەمەندەفەری وێستگەی ژیانم ++++++++++++++++++++++