شاعیر: ئەخۆل
کتێب: دیوانی ئەخۆل
سەرناو: ئەزانی من کێم؟

کە چاوم کردەوە ڕوانیم بە دەوری خۆم و دنیادا
چلۆن خۆم دی لە لافاو و شەپۆل و گوژمی دەریادا؟ 


چە لافاوێک سەراسەر پڕ لە ناسۆر و لە ناکامی
لە ئەشکەنجە و کڵۆڵی و نەگبەتی پڕ بوو لە سەرسامی


نە باوکێک بوو دەستم بگرێ بە ڕێگەی ڕاستیا بمبا
لەژێر سایەی جگەرسۆزی و حنانیدا بەخێوم کا


نە کۆشی گەرمی دایکێک وەکوو دایکی هەڤاڵانم... .! 
کە تیایا بسرەوم ساتێک پشوویەک بێتە بەرگیانم


کەساس و بێنەوا هەردەم لە ماڵی خۆم و خوێشانم
بەڵێ ئەژیام وەکوو ئینسان بەڵام پڕدڵ بوو گریانم


لە ڕوخسار و لە سیماما نیشانەی نەگبەتی و ماتەم
وەکوو ڕۆژ ئاشکرا و دیار بوو ئەگەر چی لێو بوو پڕ خەندەم


بەڵێ ئەو نوتفەیەی گیانی منی هێناوەتە بەرهەم
سەراسەر چین و بنچینە هەموو دەرد و پەژارە و خەم


وەها بەمجۆرە بوو ژینم لە ئاسۆیەکی ماتەمدا
نەهاتییەک بەدووی یەکدا لە دنیایەکی پر خەمدا


ئەوا ئێستاش کە ئەمبینی کە وا زیندووم و هەرماوم
بەڵام مردم لە تافی لاوییاو هێشتا نەنێژراوم

++++++++++++++++++++++