شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: ئەزموون و خەتا سەبارەت: نووسین: کارزان زێدە ئازیزێ، لەگەڵ من ئەم شەڕە بەر پامەکە کێ لەسەر سەبرە، لەسەرخێرانە، تو خوا وامەکە دیت چلۆن پەروانە بۆ تیشکێ پەڕوباڵی وەراند مەردی ئەڵڵابە لەژیندا، کاری بێ پەروا مەکە تێگەیشتن بەرهەمی ئەزمون وتاوانە کەســم ئەم بەهەشتە خاکی خۆتە تۆ وە کوو حەووا مەکە ئادەمی ئەم قەڕنە قەدری خاکی خۆی هەر ڕانەگرت خاکفرۆشی شوومە گەورەم نامەکە، نانا مەکە باب ودایە بۆ دەمی پیری مناڵیان کرد بەخێو تائەوان موحتاجی تۆبن، کاری خەلکی چامەکە چەند بەهار هات وگوڵانمان بوونە پێشلی جەفا گوڵ دەبێ نازی بکێشی، خاک بەسەر گوڵدا مەکە من لەسەر ماچێ لەخاچیان دام لەمەیدان دەر نەچووم تۆ کە ئازادیت دەوێ کای کۆن ئەدی بەربا مەکە با فریشتەی ئاشتیی لێمان نەتۆرێ، ئەز بەنی هاوەڵیی شێتانی پارەو دێوی ئیستیغنا مەکە هەرکەسێ دەستی بەگەرمی گرتی، لێی ساردۆ مەبە ئەوکەسەی بۆ یاوەرییشت دێ لەدەستی ڕامەکە زۆر زەمانی پێدەوێ، تا دژبەرێکت بێتە دۆست دۆستەکەت زۆر زوو دەڕەنجێ، قەت لەوی حاشامەکە شیعری ئاسۆ دەرسی تێڕمی شەستەمە، گوێ شلکە بۆی قەت بەخەندەی دوژمنان و ئەسڵەحەی بڕوا مەکە! ++++++++++++++++++++++