شاعیر: موختار
کتێب: دیوانی ئەحمەد موختار جاف
سەرناو: بێوەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە
سەبارەت: بۆ میرزا مارفی شاعیرە

بێ وەفا مارف بەجارێ بۆچ لەبیرت چوومەوە
بۆ چی نازانی ئەمە چەن ڕۆژە من هاتوومەوە؟ 


ئەی نەفام چۆن شێر ئەسیری پەنجەیی ڕێوی ئەبێ؟ ! 
شاهبازت دیوە تا ئەمڕۆ بە چنگی بوومەوە؟ ! 


هاتمەوە بەڵکوو کە چەن وەقتێ لە غەم فارغ ببم
چاوی فەتتانیم کە دی دیسان لەسەر خۆ چوومەوە


ئەهلی ئەم شارە لە وەقتێکۆ کە تۆ ون بووی لە من
مات و بێ دەنگن بە شێخ و جوولەکە و مالوومەوە


زۆر ئەترسم تۆ نەبینم یا بڕۆمۆ چاوەکەم
ناموراد و دەربەدەر بم بەم دڵەی مەحروومەوە


پێی وتم ئەحمەد لەبەر چی قامەتت وا خەم بووە
بۆ چی ئێستاش وای بە داخی تاقەکەی ئەبروومەوە؟

++++++++++++++++++++++