شاعیر: کاکەی فەلاح کتێب: دیوانی کاکەی فەلاح سەرناو: کلوە بەفرەکان ئەی کلوی بەفری سپی! چەن بێ دەنگ و چەن کپی کە لەو ئاسمانە بەرزە ڕوو ئەکەیتە ئەم ئەرزە چین چین زەوی داپۆشە دڵی من بەوە خۆشە زۆر حەز ئەکەم تاماوم هەتا بڕ ئەکا چاوم دەشت و دەر و شار و دێ بەرگی بەفری سپی بێ سپی ڕەنگێکی چاکە بەفربێ گەرد و پاکە ئای چەندە بێزارم من لە پەڵەی ڕەش و چڵکن خۆزگە دەروون و هەناو وەکوو بەفری بەرهەتاو بێ گەرد و ڕووناک ئەبوو سپی و جوان و پاک ئەبوو ئەوسا ئەتدی ئەم ژینە: چەن دڵگیر و شیرینە ++++++++++++++++++++++