شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: بۆ پەری سەبارەت: نووسین: کارزان من بە عیشقی چاوی تۆ زستان و پاییز وەک بەهار بۆ شکۆفەی ڕوومەتت شێعرم دەخوێنێ وەک هەزار خەندەیێ لەو لێوە تادەشنێتەوە دڵ دێتەوە سەردەمانی لاوەتی و لای تۆ نەبێ، ناگرێ قەرار ڕاستە پێشینیان ئەوەی دەیڵێن هەمووی جوانە بەڵام منکە ئەمساڵ تۆم هەیە حاشا لە خۆشی ساڵی پار دار ئەگەر ڕیشەی لە ئاودا بێ وشک نابێ لقی دڵ کە تەڕ بوو، با سەر و ڕیش بێتە بەفری کۆهسار تا لە تۆ دوورم تەمەن ساڵی لەشەستیش زۆرترە دێمە لات هەر، دەچمەوە دورانی عومری بیست و چوار پەرچەمت ئاڵام وە بیردێنێتەوە و دوو کوڵم و چاو چوارچرایێکن بە ئەشعارم دەدەن سەد ئیفتیخار چۆلەکەی دڵ هەر تەپەی دێ تا دەبینێ چاوی تۆ چاوەکەم، چاوت دەڵێی بازە و بزەت چنگی تەوار تۆ لە زانکۆی نیشتمان دەرسی ئەوینت پێکوتووم ئیدی حاشابێ لە تەورێز و لە ورمێ و سەبزەوار خۆم فیدای ئەو حەوزە گەورەی تۆ لەوێ پەروەردە بووی چون لەوێ سەرداری زۆرمان چوونە ژێر داری نەیار لادە چارشێوت کە شەو چارشێوی شەرمی سۆفیە دایدەپۆشێ ڕازی ئێمە و فەلسەفەی بووس وکەنار من خەیاڵی تۆم دەوێ حاشا لە پیری و لاوەتی من کە برسی عیشقی تۆم فەرقی چیە شام و نەهار؟ کێت وەکوو ئاسۆ بەحەڵقەی زولفەکەت خستۆتە بەند ئافەرین بۆ تۆ کە سەوزت هەڵگەڕاندوون پیرەدار ++++++++++++++++++++++