شاعیر: نالی کتێب: دیوانی نالی سەرناو: شەوی یەلدایە یا دەیجورە ئەمشەو سەبارەت: پێداچوونەوە: ئومید سڵێمانی شەوی یەلدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو کە دیدەم دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو؟ ! دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان! خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان، چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟ ! لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟ هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟ سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ جێگەم سەر دارەکەی مەنسوورە ئەمشەو موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو ++++++++++++++++++++++