شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: کاتێک سەبارەت: نووسین: کارزان کاتێ هەستی شاعیریت بەندە بەدەست و پاتەوە کاتێ شمشاڵی گەرووت بینی خەفەت دەخواتەوە کاتێ گوڵ ویشک و خەزانی و مات و بێ ئۆقرەو کزە بولبولی خنکاوی دوکەڵ خەونی غەم دەیباتەوە کاتێ هاژەی بای شەماڵ نایەو ڕەشی بای مەینەتی تۆزی ترس و ڕەنج و فەقری کرد بەسەر سیماتەوە تۆ تەمایاری چ خدرێکی وەفریامان کەوێ حاکمێ عەدڵی نەبێ ڕەببی خودا بیباتەوە شادمانی بۆتە سیمورغ لە دوندی کێوی قاف غەیری تیپی گوێ لە مستان لا لە کەس ناکاتەوە بۆ دەوێری پەیکێ هەڵباوی و بە ئازادی بڵێی: ئەو سپی سوارەی درۆزن جوابی کەس ناداتەوە کار بەدەست و دار بەدەستی وات دەبێتە بەرهەڵست کێ دەوێرێ پاش لەتۆ ئەم ڕستە تیکرار کاتەوە خوایە گەر گۆشەی سەراوێک و دڵۆپێ مەی نەبا کوانێ هەل بۆ کەس دەما بەم هەموە کیش و ماتەوە جا کەسێکیش عومری تۆزێ هەڵکشابێ بۆ سەرێ هیچ کەسێ لای خوارەوەش تۆزقاڵێ جێی ناکاتەوە وەی کە یاڕەب چی لێهات ئەم وڵاتە جوانەمان چی بنووسێ ئیدی ئاسۆ بەو هەموە ئاواتەوە ++++++++++++++++++++++