شاعیر: سەعدی عەباسی کتێب: شیعرەکان سەرناو: نەورۆز سەبارەت: ١٠ ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ - نووسین: سەعدی عەباسی بکەن شایی کە شای جێژنانە نەورۆز هەوای ماچ و وەفا و جێژوانە نەورۆز کچ و کوڕ ڕاپەڕن داوەت بگێڕن کە چەقڵی چاوی نامەردانە نەورۆز مناڵ و میر مناڵ شاد و بەکەیفن بە ڕۆژ کۆڵان و شەو سەربانە نەورۆز بڵێسەی ئاگری دوژمن بەزێنە گڕی گڕکانی بێ ئامانە نەورۆز لە پاش مەرگی ڕەشەمێ هاتە مەیدان ڕەقیب و دوژمنی زستانە نەورۆز بە بەرگی زەرد و سوور و شین و سەوزی هەرای سۆزی چیاو کوێستانە نەورۆز دە پشکوێ گوڵ دەڕازێ دەشت و پێدەشت نشانەی جەننەتی یەزدانە نەورۆز سەراپا بۆنی ئازادی و ئەوینە سەراسەر شادیە و سەیرانە نەورۆز هەتا کوردێک بژی نەورۆز دەمێنێ کە کورد قەت نامرێ و هەرمانە نەورۆز ++++++++++++++++++++++