شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: دوایین وتەی دایە سەبارەت: نووسین: کارزان مناڵێکی سەربزێو بووم عاشقی چۆم و دار و کێو بووم وەک ئێستاش دیارە ڕەشتاڵە پێخواس و یەخە ئاواڵە چاوم پشکووت بەشای مەردان خانووی کۆنە، ئاسمانی جوان بە کۆڵەکەی دووکەڵی ڕەش هەڵدەچووم تا هەتاوی گەش لەگەڵ گەڵای تازەی چنار هەر سەوز دەبووم پاییز و بەهار بە هاڕەی ئاوی سەر شەتاو عاشق تر دەبووم لە لاولاو لەگەڵ کاڕەی مێگەلی مەڕ دەمنایە چاڵ دزێوی و شەڕ هاوین دەهاتەوە مێگەل فەرقم دەخست چالاک و شەل ئەرخەوان سووری جەغەتوو دەستە خوشکەکەی تەتەهوو لێویان فێرکردم بەهەڵبەست داسی قەڵەمیان دامە دەست خەرمانان بۆ خەرمان لۆغە کون کون دەبوو داوێن، چۆغە ئێواران ماندوو و تۆزاوی بە قژی ڕەش و ئاڵۆزکاوی دەهاتمەوە بەرەو نێو ماڵ بۆ کایە و بازی سەر هەرزاڵ تاقە خوشکێک و دوو برا بووین بەڕۆح یەک بووین بەلەش جیا بووین لەباوەش دایکێکی دڵسۆز بابمان مەلایێکی بێ پۆز دەمانخوێند دەرسی نیشتمان ئەم بەلایە لایە ئەو بەقوڕئان کاتێ چاو لێڵ دەبوو بۆ خەو گوێم دەدایە چیرۆکی شەو شەڕی بانە و کۆلکەسووتان شۆڕشی حەمەڕەشید خان نانی وشک و شۆڕش و چەک دەوری شەڕی بەران و شەک دەبوونە یەک دژی و خۆیی ئاوارەیی تیلەکۆیی دیسان گەورەو گەورەتر بووم هەر بۆ سەر و هەر بۆ سەر چووم نێرامە نێو قوتابخانە مەدرەسەمان دیوی خانە دایکی یەکجار میهرەبانم دەسرەیێکی نا گیرفانم کوڕم دەبێتە قورئان خوێن میرزا دەبێ و قەت نادا جوێن هەتا پێنج ساڵ بەم ئاکارە خوێندنم دەکرد ئەژمارە ئیدی دەرسم لەوێ نەما غەریبی بۆی کردم سەما دوور لە دێ لە باب و دایە ئێستاش داخەو لە دڵمایە دوور لە هاڕەی ئاوی شەتاو دوور لە گوڵی هێرۆ و لاو لاو دوور لە دەنگی مەشکەی گاوس دوور لە مێزەر و پێ خاوس دوور لە چۆمی، پلەوبەردە دوور لە باخ و شاخە زەردە دوور لەهەرچی خۆشم دەویست بێگانە بوو هەرچی دەمبیست لەسەر هەر کانیاوێ چۆڕێ لەسەر هەر گوێ چۆمێ کۆڕێ ژەکی دایکیان لێ کردمە شیر مندناڵیمیان بردۆ لەبیر بەڵام ئاخ هەر دووری دایە خورپەیەکەو لە دڵمایە هەتا وەرزی هاوین دەهات وەرزی ئارەق و تین دەهات دەهاتمەوە داوێنی ئەو لای قلیج قایە و قاسپەی کەو مۆرەی دڵ ئەودەم زیز دەهات دیسانەوە پاییز دەهات دەبوا جێ بێڵم ئەوشوێنە کەهەر خشتی وەک ئاوێنە جوانی کردگار دەنوێنێ ڕەت نابێ کێ لێی بخوێنێ دەبوا ئەم زانستگا گەورە جێ بێڵم و بکڕم دەورە تا لە مەکتەبی بوو عەلی سەرکەوتوو بم نەک بەشەلی گوێ نەگرم لە مەشکەی گاوس بچمە نێو شار وەک پێی تاوس سەقز هەرچەند پێش کەوتوو بوو بیرم هەرلای جەغەتوو بوو چی چێشتی خۆشی تێدایە نەدەبوە دەستاوی دایە وردە وردە ئەم ئەوینە کە بەقەد ڕۆحم شیرینە لای دا لەسەر ڕەیڵی جاران کردمیە غەریبی شاران سەقز، بۆکان، سنە ئەمجار ورمێ و تەورێز و سەبزەوار فێریان کردم ئەوین چۆنە چۆن بۆ خوێندن ببمە سۆنە عیشقی نیشتمان و دایە بۆ ڕۆحم ببنە سەرمایە سی و شەش پاییزم وا ڕابورد هەتا بوومە شاعیری کورد بەڵام ئەم پاییزەی ئەمساڵ بەڕەنگی زەرد و تامی تاڵ ئەو یەکجاری منی جێ هێشت تامی هەتیویمی پێ چێشت دوا وتەی بۆم یەک بزە بوو کە بەناحی ڕۆحما ڕۆ چوو پیاو لەهەر تەمەنێک دا بێ دایکی بمێنێ پیر نابێ تەمەنم گەییە هەشت و چل چاوی بێ دایکیم کردی گل بەڵام لەم ماوەی ژینم دا لەم ژینە پڕ ئەوینەم دا زۆر ئەوینی دیم گۆڕاوە کەوتووم بەڵام لەسەر ڕاوە دایە گیان گوێ گرە بۆ ئاسۆ قەسەم بەو گڵکۆ تازەی تۆ ئیدی من تازە سەغیر نیم چاوەڕێ لایە لایە و شیر نیم هەرکەس دایکی شەهیدێ بێ دایە وەک تۆ خۆشم دەوێ تەواوی کانی ئەم خاکە ئاویان وەک شیری تۆ پاکە سەرگۆی مەمکی هەر کانیاوێک وەک تۆ ئەملاوێنن تاوێک هەر کەس بە زمانی تۆ بدوێ دایە وەک تۆ خۆشم دەوێ لە ئاسۆی فیکریم بڕوانن تێدەگەن دایکی من دوانن! دایکێکم وا لەوقەبرانە دایکی دیکەم کوردستانە ++++++++++++++++++++++