شاعیر: ڕازی کتێب: هۆنراوەکانی وەلی دێوانە (شەم و پەروانە) سەرناو: ئەی نائومێدی ئەی نائومێدی، ئەی نائومێدی ئەی ڕەنجەڕۆیی، ئەی نائومێدی یاران ڕۆژڕەشی وەک من کوا؟ کێ دی؟ دەردی مەجنونم هێناوەتە دی شاخ و هەرد و چۆڵ گەڕام سەرانسەر لە توناوتونی (بابا) چوومەدەر هەردی (نجد) گەڕام جێی (قەیس)ی داماو وێنەی (پەروانە)ی پەڕوباڵ سوتاو هاتمە ئەو شوێنەی ماوام قیبلەم بوو ئەو جێگەی کە زوو! جێ و ڕێی (شەم) بوو چیم دی؟ هەواری چۆڵ و وێرانە بایەقوش تیایا کردبوی لانە نەمابو دەنگی هەیاهوی جاران بێ خشپەو سامناک وێنەی موغاران پرسیم بایەقوش هاودەردی دەردم دۆستی هاوڕاز و هەناسەی سەردم من (پەروانە)کەی وێڵ و (دێوانە)م جێ گیری (قەیس)ی ڕیسوای زەمانەم پەڕوپۆ سوتاو لەخێڵ جێ ماوم تیری عەشقی (شەم) لە جەرگی داوم بایەقوش وتی شێتی سەوداسەر ڕیسوای زەمانە، وێڵی دەشت و دەر خێڵ پێچایەوە چووۆ بۆ (لەیلاخ) بۆ من جێی چۆڵ ما، بۆ تۆش ئاخ و داخ لە شومی چارەم من واماومەوە بە نائومێدی بەسەودامەوە ئاخ! چی بکەم لەدەس چەوتی زەمانە ڕوو لە هەرکوێ کەم بۆتە وێرانە ++++++++++++++++++++++