شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: کتێبی ژین سەبارەت: نووسین: ڕاژۆر گەر پێم بڵێن کتێبی ژینت بنووسە کەلوپەلی زۆرم نابێت تەنیا بە قەد ڕۆژانی تەمەنم بۆ تەواوی ئەو کاتانەی نوقمی خەیاڵ و خەفەت بووم لاپەڕەی ڕەش وێنەی بەختم پێنوسێک بۆ نەشتەرگەری یەک بە یەک بیرەوەرییەکان پڕ بێت لە جەوهەری گەشی خوێنی دڵم دەست پێدەکەم پڕی دەکەم لە سکاڵا لە خوا و لە خۆم و لە مرۆڤ لە جوگرافیا و لە سرووشت لە سواڵکەر و لە سەرۆک لە پاساری و لە پەپویۆک له جوانی و له خراپی بەڵام بۆ دوایین لاپەڕەی ئەم کتێبە خەماوییە لە سەر کاغەزێکی سپی سپی وێنەی باڵ فریشتە بە پێنووسی شینی ئەوین تەنیا یەک وشە دەنووسم خۆشەویستی... ! ++++++++++++++++++++++