شاعیر: شاھۆ کتێب: دیوانی شاهۆ سەرناو: ناچنە سەر دینی مولحید کورد موسڵمانن ھەموو ناچنە سەر دینی مولحید، کورد موسڵمانن ھەموو خاوەنی ئایینی پاک و دین و ئیمانن ھەموو گەر لە سەد نیوەی بکەونە شوێنی بیری لار و چەوت خۆ ئەوانی کەی موتیعی حوکمی قورئانن ھەموو خۆ بە عەبدی خوا ئەزانن ئوممەتی فەخری ئەنام موخلیسی پێغەمبەران و ئەنبیایانن ھەموو چاکترینی ئوممەتن ئەمڕۆ لەگەڵ ئیسلامی ڕاس موئمینێکی ڕێک و ڕاستی زاتی یەزدانن ھەموو ھەوڵ ئەدەن بۆ سەربەخۆیی بۆ ژیانێکی شەریف بۆ سنووری موڵکی خۆیان پاسەوانانن ھەموو پیاو و ژن، گەورە و بچوک، بۆ تۆڵە سەندن حازرن دەس بە تیر و خەنجەر و شمشێر و قەڵغانن ھەموو مستە خۆڵێکی وەتەن نادەن بە دوژمن بیشمرن بۆ دیفاعی مافی خۆیان قۆچی قوربانن ھەموو تۆڵەسێنی خوێنی پاکی ئەو شەھیدانەن کە وا ئێستەکەش زیندوون و گیانی پاکی کوردانن ھەموو کارەساتی وەحشیانەی دەرسم و دیاربەکر و وان نەقشی ناوجەرگ و دڵی سووتاو و بوریانن ھەموو کردەوەی پیسی گەماڵ وای کرد لە کورد، شاھۆ کە وا ئێستە تینووی ھەڵ مژینی خوێنی توورانن ھەموو ++++++++++++++++++++++