شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: هیوا سەبارەت: نووسین: کارزان من بە هیوای تۆو پەیامت ئەم شەوەم کردە بەیان داخەکەم تۆ هەر نەبووی حاڵی لە ڕازی عاشقان هێندە تامەزرۆم لە بۆ تاقە نیگاهێ دڵڕفێن وەختە وەک مەجنوونی عاشق ڕوو بکەمە شاخ و کەژان نازی مانگ ناتوانێ دەرکی کا کەسێ شاعیر نەبێ ناز بەسەر مانگدا فرۆشتن خۆشە تا ئاخر ژیان ئارەزوومە ڕۆژێ ئەمن و تۆ لەسەر دوندی چیا بەزمی ئازادی بگێڕین بۆ بەڕێزی نیشتمان زێڕ و زێو بێ قیمەتن تا گەردنی زەرد دەرکەوێ باغی سێو ناچم ئەگەر لێم دەرکەوێ سینەو مەمان کامە دڵ بێ ڕەحم و ڕەق بێ و عیشقی لا ئەفسانە بێ هەر بەحاڵ تۆ بیدوێنی وەک هەویر نەرمەو نیان وەک ئەمن کەم کەس دەزانێ شەرحی ڕەمزی عاشقی وەک ئەمن کەم شاعیرە شیعرێک بڵێ بۆ چاوی جوان هەر بەتەنیا من لە نێو پیرانی شاعیر عاشقم نامەوێ پۆست و مەقام و سروەت وفەرمانی خان یا بە ماچێ جایزەی مدحییەکەی ئاسۆ بدە یا لەکۆڵ شاعیر بەوە باداکەوێ بەستەزمان ++++++++++++++++++++++