شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: دەردی دووری سەبارەت: لاپەڕە ٦٦ ی دیوانی چاپی ئەنیسی - قاقڵاوا، ١٣٤٢ ی هەتاوی تۆ چوویە وڵاتێ کە نەبینم ئەسەری تۆ دوور کەوتی لە من تاکوو نەبیسم خەبەری تۆ ئەی نووری دڵ و قووەتی ئەژنۆم! بە سەری تۆ ڕۆحم وەکو پەروانە گەڕا دەوروبەری تۆ ئەو حاڵەت و هۆش و هونەرەی ئەودەمە من بووم ئێستێ نییە تاقی، هەموو قوربانی سەری تۆ دڵ هەر وەکوو عەوداڵە لە دووت، تاڵە ژیانی چاوم وەکوو ئاوپاشە لە ڕێگە و گوزەری تۆ ڕەحمێ بکە بەم ڕیشە سپی و چاوە پڕئاوە نەتزانی لەدڵ حەستەمە ئاخر سەفەری تۆ؟ ئەی من بە فیدای ڕۆیین و کۆچ و سەفەرت بم! چت کردبوو ئاخر کە وەها دەربەدەری تۆ؟ هەستە، وەرەوە گیانە، وەباڵت بە ملی من وەستۆ دەگرم شەرتە هەموو خێر وشەڕی تۆ! ++++++++++++++++++++++