شاعیر: تاهیر بەگ کتێب: دیوانی تاهیر بەگی جاف سەرناو: تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟ تا بە کەی قوربان بناڵم من بە ئێش و دەردەوە؟ دەس بە ئەژنۆ، قوڕ بەسەر، دایم بە ئاهی سەردەوە ڕۆژی ئەووەڵ بوو کە زانیم من ئەبێ دێوانە بم ئاشقی تۆ، نەوعی مەجنوون، وا بە کێو و هەردەوە مەرحەمەت کە زوو بڕۆ قاسید بڵێ دەردی دڵم نازی پاپۆچت ئەکێشم من بە تۆز و گەردەوە من کە خۆم پشتوانی باڵا و بۆسەچینی کوڵمەتم چی دەکەم ئاخر لە سەیری باخ و بەی، بەم دەردەوە هەر وەکوو قەوس و قەزەح با دەس لە گەردن دانیشین تۆ بە سوخمەی ئاڵ و سەوز و من بە ڕەنگی زەردەوە یەک نەفەس چاکی نەهێنا کەعبەتەینی بەختەکەم شەش دەرم گیراوە داماوم بە دەستی نەردەوە ئیلتیماسی تاهیری بێچارە قەد سوودی نییە تۆ کە دایم شەڕفرۆشی بەو دڵەی وەک بەردەوە ++++++++++++++++++++++