شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: ئەمساڵ لە پڕ هات ڕەشەبای خەزان سەبارەت: شینی شێخ مەحموودی حەفید ئەمساڵ لە پڕ هات ڕەشەبای خەزان لە بەدبەختیی من هەڵیکەند ڕیشە گوڵی کوردستان لە بێخ و لە بن *** کام گوڵ ئەو گوڵەی ئەحمەدی کاکی قوتبی ڕەببانی ناشتی و ئاوی دا بە دەستی پاکی بۆ کامەرانی *** سەربەست بوو دلێر ڕەشید و لاوچاک واریع و بە دین شێخ مەحموود یەعنی حەفید زادەی پاک ئەولادی حسین *** مەشهووری عالەم خۆش خولق و خۆش ڕوو بێ کیبر و عینوان بە جۆرێ هەڵکەوت مانەندی نەبوو لەسەر ڕووی جیهان *** سوپا شکێن بوو خاوەنی حەشەم ئازا و قارەمان لە ڕۆژی جەژنا مانەندی ڕۆستەم لە جەرگەی مەیدان *** یا شێخ کۆچت کرد ئەمما وەکوو تۆ مەردی هونەروەر کوانێ کە بێت و بڵێ من ئەمڕۆ ئازام و سەروەر *** داخت بە جەرگی هەموو کوردا نا کاتێ کۆچت کرد شین و واوەیلا بە جارێ هەڵسا لە ناو گەلی کورد *** یا شێخ تەشریفت برد تۆ بۆ جەننەت بە شادمانی ئێمە ماینەوە بۆ دەرد و مەینەت لە دونیای فانی *** تەئریخی ساڵی وەفاتت لە دڵ کە پرسیم من زوو وتی: بنووسە ئەی پیری عاقڵ غەرقی ڕەحمەت بوو ++++++++++++++++++++++