شاعیر: ئالان ڕەحمانی کتێب: شیعرەکان سەرناو: شاڵاوی ئێوارە سەبارەت: نووسین: ئالان ڕەحمانی ئێوارەیەکە هەوا بە توونی تەماکۆی نەکێشراوە و دیمەن بە ڕەنگی چاییەکی ڕەش و تۆخ -بێ جگەرە و لە جیاتی چایی، قاوە- لە کافەیەکی ئەدەبی... : بیرت ئەکەم. نازانم ناونیشانی ڕێکی مەستم ڕەنگە نازانم زیندووم یان مردوو شیکاڵی ئەوینێکی خەستم ڕەنگە نازانم نا! بەس ئەبینم، ئەبیسم، ئەزانم ئەم ئەدەبیاتە کەلاوە لێت! هەر هەنگاوێکم و هەر هەناسەیەک هەر شەوێکم و هەر شێعرێک هەر خەوتنێکم و هەر خەونێک تۆی تیا نەبووبێ، ئیمزای (فشقیات)ـم لەسەر کردووە و وەکوو (گۆران) منیش: (گیانم بۆ تەڵێ وەنەوشە پەرۆشە) بەڵام لێرەدا بەهار تۆیت باران تۆیت باخ تۆیت سەوزایی تۆیت وەنەوشەکەش.. هەر تۆی. ** ڕەگەکانم هەموو بدڕی دڵۆپێکیتر شێعر نادۆزیتەوە توێکڵی ئەم شێعرەش بگریتەوە، بەشی ماچێکیتر خوێن نابینیتەوە هەمووم..لەسەر ئەوینێ دۆڕاند... هەموو شتەکانیشم گۆڕاند بادی شەلی (سەبا)م –کاتی گەنجیی شەل نەبوو- خانەنشین کرد و دایرێکتم کردەوە مۆمم کوژاندەوە و پەروانەم خەواند فڵانە دڵداری بیابانی و فڵانە ئاشقی کوێستانی‌م خستە گەنجەوە و شەرابەکەم ڕژاند و جگەرەم داگرساند بەڵام سۆفییانەتر لە سەگ ئاشقانەتر لە سۆفی موئمینانەتر لە ئاشق هەرگیز لاچاوێکیشم.. -ئەستەغفرەڵڵا! - تۆم لابردایە، نەعوزوبیللا شێعرییەت چی لێئەما... ؟ ! بۆ خۆشویستنت چیم نەکرد پەنام بۆ چە وشەیە نەبرد ڕەخنەم لە چە زمانێ نەگرت! -کوردی نەبێ! ویستم بیگرم بە کوردییەوە بڵێم: بۆچی بۆ هەر دەنگێ ناوێ هەیە و بۆ خۆشویستنت فعلێ... بیرم کەوتەوە، من، هەڵای بە هەورامی هەوارگەکانە وەشم نەسیانی و هێشتا وە جافی لە ڕەشماڵەکانا خۆشم گەرەک نەوگی و هەتا نها ب کورمانجی ژ تە حەز نەکرییە و وە کەڵهوڕی دوسد نەیاشتمە ** لە گوێما ئاوازی سەرەفرازی بخوێنە لە گوێما بجریوێنە بسریوێنە من شاعیری شاری شەڵاڵی شەڕم! شەوانە نە دەنگی جیڕە جیڕی جیرجیڕک گوێم ئەلاوێنێ دەنگی کامیۆنە بارییەکان گوێم ئەژاکێنێ ڕۆژانە نە دەنگی چۆلەکە و قاڵاو دەنگی ژەنگ‌هێناوی درۆزنان گوێم ئەخنکێنێ من شاعیری شاری شەڵاڵی شەڕم ئەمەوێ خۆم لەم شارە خاوێن کەمەوە، لە کڵێسەی ئەوینتدا بە بڵێسەی وجوودت غوسڵی تەعمید بگرم و بڵێم بۆ من ئیتر ڕۆژ هەڵاتنی خۆر و، تیشک و گزنگ و پرشنگی نییە ڕۆژ قووڵایی تاریکترین تاڵەکانی پرچتە ئیتر شەو نیشتنی خۆر و، شاڵاوی تاریکی و بارانی تریفە نییە شەو خەوی ناو باوەشتە ئیتر غوربەتیش، دووری لەو نیشتمانە نییە وا هەڵیانبژارد بۆم غوربەت دووری لەو نیشتمانەیە وا خۆم هەڵمبژارد بۆ خۆم... ++++++++++++++++++++++