شاعیر: بێخود کتێب: دیوانی بێخود سەرناو: فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو بەراتی بۆ هەموو شێخ و مەلا ڕەنج و مەرارەت بوو بەشی خەڵقی «بەهارە»ی بێ «مرۆر»ی سیححەت و شادی بەشی ئێمەش هەموو «حاجی بەیان»ی دەرد و میحنەت بوو ڕەفیقێکمان هەبوو ئێمەی غەریقی بەحری زەحمەت کرد بەڵام خۆی وەک دوڕڕی یەکتا سەدەف بەرداری ڕەحمەت بوو ئیمام و واعیزی مزگەوتی پاشا شێخ عومەر یەعنی خەلیفەی نەقشبەندی، خادیمی شەرع و دیانەت بوو کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە مامۆستای خیرەد، فەرمووی: ئیمامێ بازی ڕۆحی ئاشیان ئارای جەننەت بوو وەلی عەهدی لەپاش خۆی شێخ محەممەد بوو بِحَمدِ اللّه لە عەسری خۆشیا هەر ئیشی تەدریس و ئیمامەت بوو خودا کوێری نەکەی ئەو خانەدانی عیلم و عیرفانە هەتا عالەم بمێنێ، چونکە هەر یانەی فەزیلەت بوو ++++++++++++++++++++++