شاعیر: شەهلا نوری کتێب: شیعرەکان سەرناو: ئەمڕۆ سەبارەت: نووسین: کۆچەر وەرگێڕانی لە فارسییەوە شەهلا نوری شاعیر عیماد خۆراسانی غەزەل: ئەمڕۆ ئەمڕۆ چەندە جوان و شۆخ و شەنگ و دڵ ئارا بووی ونبووی دڵی ئێمە بووی، وەک مانگی شەو پەیدا بووی شمشادێکی لاو، نیلۆفەرێ تەڕ و گەشی باخ تەواو جۆش و خرۆش و شەوقی تەمەننا بووی سێحری بەیان و نەشئەی مەی و عەتری گوڵ؟ نا.. شتێکی تر، تۆ لەوان زۆر خۆشتر و بێ‌هاوتا بووی بەو دەنگە بەسۆزە و بە کەراسی سوور و ئاڵ بۆ دەردی دڵ و ساڕێژی برینم، دەوا بووی بەو نیگا گەرمە و بەو دوو چاوە مەست و ڕەشانە مەیخانەی سەد شەیدای وەک منی ڕیسوا بووی خەیامت بۆ دەخوێندم، غافڵ لەوەی کە خۆت لە لوتفی شیعر و غەزەل، حافز و مەلا بووی هەمیشە ڕووی تۆ قیبلەی ڕاز و نیگای من بوو ئەمڕۆ سەروویەک و سەد باخی تەماشا بووی گوتم، دڵ دەپارێزم لەو چاوە بازانە بەڵام بێ سوود بۆ تاڵانی دڵم، وەک کاروانێ ڕەها بووی سەراپای بوونت داوی ڕاوکردنی دڵ بوو، هەرچەندە بە ڕاز و ڕوخسار هەر خەریکی حاشا بووی ئەوەی بۆم نووسیوی بەسە، یان دیسان بڵێمەوە؟ کە تۆ شیعر و گوڵ و هەرا و غەوغا بووی سەرەتا ڕێگری دڵ بووی و دواتر بە شێت و مەستی بۆ دەردی دڵان، هەم حەکیم و زانا بووی ئەی مانگ. گەر مەرامت لە بردنی دڵی ڕەندان نەبوو! ئەی بۆچی ئەمڕۆ ئاوا بێوێنە و دڵڕەبا بووی؟ وەک شیعری “عیماد” لە خەمی تەنیایی و بێبەشی بۆ جەرگی سووتاوم هەم سەفا و هەم جەفا بووی ++++++++++++++++++++++