شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: پەیامێک بۆ ئاسمان سەبارەت: بەریتانیا - ٢١/٦/٢٠٢٤ - نووسین: سەعید سەدیق نامەیەک بۆ دەریا سڵاو دەریا کۆمەڵێ مرۆڤ کۆتا ڕۆژەکانی مانگی ٦ ی ٢٠٢٤ نازانم ئەکەوێتە چ ڕۆژ و ساتێکی ئێوە؟ ! …. ڕۆژی عارەفەی جەژنی قوربان بوو ئەم ڕۆژە لای زۆرێک لەمرۆڤەکان پیرۆزە و قوربانیەکی زۆریشیان کردبوو، لەو ڕۆژەیە کۆمەڵێ مرۆڤ لە یەختێکی نەشارەزا ڕێگایان کەوتە سەر ڕێڕەوی تۆ تۆش شەڕت پێ فرۆشتن زۆر بێ بەزەیانە بێ ویژدانانە تێکت شکاندن لاشەت شێواندن تا ئێستاش زۆربەیان بێ سەرو شوێنن لای خۆت گلتداونەتەوە تکات لێ ئەکەم بەبێ گیانیش قبوڵمانە ئەو لاشانەمان بۆ بگێڕەوە گەورەکان توانیان کەمێ بەرگری لەخۆیان بکەن مەلە بکەن سەر ئاو بکەون مقاوەمە بکەن بۆ مانەوە ئەی وردیلە و کۆرپەکان ئەوان نەیانتوانی مەلەبکەن نەیانتوانی دەست و قاچ بجوڵێنن تۆ زوڵم و غەدرێکی زۆرت لێکردن ئەوان ئێستا خونچەی نەپشکوتون بۆ کوێت بردن بۆ وونت کردن دەرخواردی کام جڕو جانەوەرەی خۆتت دان؟ ! ئاخر ئەوانە هێشتا چاویان هەڵنەهێنابوو تامی ژیانیان نەکردبوو ئای دەریا چەند بێ بەزەیت؟ ! چەند بێ بەزەییت؟ ! لەئاست ئەو خونچانەدا، هێشا ئەوان لە گڕوگاڵا بوون تێر لەگەڵ دایک و باوکیانا نەژیابوون بەئارەزۆی خۆیان لەگەڵ مناڵانا گاڵتە و گەپیان نەکردبوو ئای دەریا چەند دڵ ڕەقی؟ ! ……ئەمە پیشەی جارێک و دوو جارت نیە دەیان جار ئەم شەڕان گێزیە و ناحەقیەت بەرامبەر ئێمەی مرۆڤ نواندووە ئاخر پێم بڵێ ئەمە لەپای چی؟ لەپای چی؟ ! …. وەڵامی دەریا من مڵکێکم لەمڵکەکانی سەر زەوی لە ئاسمانەوە خاوەنداری ئەکرێم من خاوەن بڕیار نیم من هیچ نازانم؟ ! …. ئەوە کاری من نیە ئەوە خوا ئەزانێ لەخوا بپرسە؟ ! …… نامەیەک بۆ خوا سڵاو پەروەردگار لە کۆتا ڕۆژەکانی مانگی ٦ ی ٢٠٢٤ نازانم چ ساڵ و مانگ و ڕۆژێکی لای ئێوە ئەکات وابزانم عارەفەی جەژنی قوربان بوو ڕۆژێکی زۆر پیرۆزە لای زۆربەی مرۆڤەکان و قوربانیەکی زۆریش کرابوو لەو ڕۆژەیە لەناو موڵکێکی ئێوەیە کە لە سەر زەویە کە ئێمە پێی ئەڵێین دەریا نازانم ئێوە چ ناوێکتان لێناوە؟ ! …. لەو ڕۆژەیە حەشر هەڵسا کارەساتێکی گەورە ڕوویدا کە ئەوەندە گەورەیە ئەقڵ درکی پێناکا ئەویش نقوم بونی ئەو یەختەی ئەم چەند ڕۆژەی لەمەو پێش نقوم بوو بەکۆمەڵێ سەر نشینەوە و شەپۆلی بێ ڕحمی دەریا پرش و بڵاوی کردن لەو دەریایە بەهاوارو ئازارێکی زۆرەوە بەبرسێتی بەتونێتی بەترسێکی زۆرەوە بەسەرما و هەناسەساردی بەمەرگێکی کڵۆڵەوە هیچ کەسێ بەهانایانەوە نەهاتن؟ سەریان نایەوە بەناسۆرەوە ئایا ئەمە ڕەوای حەقە؟ ئایا ئەکرێ کۆمەڵێ مرۆڤ لەگەورە و بچوک دەریا ڕێگای پێگرتوون و بێسەرو شوێنی کردوون؟ گەورەکان بەهەرحاڵ ئەشێ تاوانبار بن و تاوانێکیان ئەنجامدابێ ئەی وردیلە و کۆرپەکان تاوانیان چیبوو؟ ! …. خۆ ئێستا ئەوان دایە و بابە نازانن؟ ! …. خۆ ئێستا ئەوان زمانیان نەپژاوە و گۆی نەکردووە ئەوان ئێستا لەژیان تێنەگەیشتوون هەر گڕوگاڵ ئەکەن؟ ! …..ئەوان پەپولە بوون هیچ تاوانێکیان لەسەر نیە؟ ئەی بۆ وا لێ کران؟ ! … وەڵامی خۆا وەکو هەر شوێنێکی تر لێرەش یاسا و ڕێسای خۆمان هەیە وەزیرو گزیر هەیە ئێمە بەرپرسێکمان ڕاسپاردووە بۆ ئەو کارانە ناوی ئیزڕائیلە (فریشتەی گیان کێشان)ئەتوانی پەیوەندی پێوە بکەیت و لەگەڵیا قسەبکەیت. نامەیەک بۆ ئیزڕائیل سڵاو بەڕێوەبەری گیان کێشان کۆتا ڕۆژەکانی مانگی ٦ی ٢٠٢٤ نازانم لەڕۆژمێری ئێوەدا بەر چ ڕۆژ و مانگ و ساڵێک ئەکەوێ کۆمەڵێ مرۆڤی گەنج و جوان گەورە و بچوک لە مڵکێکی خوایا کە دەریایە ڕێگەیان پێگیراو بێسەرو شوێن بوون و دەریا قوتیدان ئەڵێن تۆ سەبەبی ئەو کارەیت گەورەکان لەوە ئەچێ بەپێی یاساکانی ئێوە تاوانێکیان کردبێ ئەی ئایا ئەکرێ بپرسین کە کۆمەڵە ڕوحێکی بێ ئاگا و پاک و بێگەرد لەو دووریە و غەریبیە لەو مەترسیە ئاوا بێ بەزەیانە دەر بێنرێن ئاوایان لێبکرێ مەبەستم لە نیلەم کە تەمەنی ٩ مانگبووە لەگەڵ محەمەد مەیلان ماردین میروان لاوین لۆڤان مەنسا و مەیلی …………..و هەموو ئەوەکانی تریش بەڕاستی بێویژدانیە ئەتوانم بپرسم ئایا بۆ دەبێ لەوشوێنە مەترسێیە لەو تڕاجیدیە سروشتیە بێ وێنەییە چۆن توانیت گیانیان لێ بسەنیت و گیانیان دەربێنیت و گیانیان بکێشیت؟ ! …. بەڕاستی ئەمە کارێکی نادادپەروەرانەیە ئاخر چۆن قیژە و ناڵە و هاواری ئەو پەپولانە نەگەیشتە حەرشی ئاسمان لەوێوە بۆ لای خوا چۆن؟ ! …. وەڵامی ئیزڕائیل ئێمە ناگەڕێین بەشوێن مرۆڤەکانا تا گیانیان بکێشین ئەوان خۆیان بەرەو پیرمان دێن ئەتوانن بگەڕێن بەشوێن سەرچاوەکەیا بزانن قەدەرە یا چارە نوس. ئایا مەبەستان لەقەدەر لەڕووداوە؟ بەڵێ ئەی چارەنوس هاتوە لەلای خواوە! ئەی خوا تۆی بۆ چی داناوە؟ ! ……. خوا منی بۆ گیان کێشانی ئێوە داناوە بەڵام لکل شي سبب هەموو شتێ سەبەبی لەگەڵ داناوە بزانە ئەو کۆمەڵە مرۆڤە بەچی و لەکوێوە لەگەڵ کێ هێنراوە؟ ! …. هەر ئەو گالیسکەی کە ئێوە پێی ئەڵێن یەخت و ناوی یەختان لێناوە هەر مرۆڤە بۆ بەردەمی ئێمەی هێناوە ئێمەش بە چاک یا خراپ ڕوحمان دەرهێناون و یەک یەک کێشراوە کەواتە ئەبێ پرسیار لەوان بکەیت بۆ وایان لێکراوە؟ ! …..وابزانم مەبەستی لەڕێبەرە (قاچاخچی)یە؟ ! …. تێگەیشتم کەواتە پێویستە نامەیەکیش بۆ ئەو بنوسم. نامەیەک بۆ ڕێبەر (قاچاخچی) سڵاو ڕێبەر ئەتوانم بپرسم ئایا تۆ بۆ ئەو کۆمەڵە خەڵکەت بەو ڕێگای هات و نەهاتەیە بردووە و هێناوە کەی و چۆن و لەکوێ؟ ! …. ئاوا کڕین و فرۆشتن و ئاڵوگۆڕ بەو مرۆڤانەوە کراوە مەبەستت لەچی بووە؟ ! ……بۆ وا مامەلەت لەگەڵدا کردون و وایانلێکراوە ئاخر چ ویژدانێ ئەمە قەبوڵ ئەکات؟ ! …. یەخت جێگای بیست سی کەسە ئەو پەڕی چل چل و پێنج کەسە بۆچی ٧٠ یا ٨٠ کەسی تێکراوە یا بۆ خواردن و خواردنەوەیان بۆ نەبراوە ئەوان لە گەڵ خۆیان ئەبرد ئەو نان و ئاوە بەڵام لەلایەن ئێوە ڕێگری لێکراوە ئەوان مرۆڤ بوون بۆ بەو دەردە براوون ئەی مناڵ و کۆرپەی ساوا بۆ وایان لێکراوە ئایا ئێوە مرۆڤن ئەی بۆ ئەو بڕیارەتان داوە؟ بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە کارێ قێزەونە نەشیاوە هەم بەکۆیلە کردنە زۆریش بەد ناوە، ئێوە مەڕن لە پێستی گورگا ئەو ناوە قابیلی ئێوەیە بۆ ئێوە دانراوە. وەڵامی ڕێبەر (قاچاخچی) من نازانم هەر ئەوەنە ئەزانم ئەوە بۆ پارە و بەپارە کراوە ئەتوانی پرسیار لەو بکەیت. نامەیەک بۆ پارە سڵاو پارە عەمری سکەو شێرو خەتت نەمێنێ سەیرکە سەیرکە چەن پیس و گڵاوە؟ ! …. عەمری لۆکەش نەمێنێ کە ئەڵێن تۆی لێ دروستکراوە تۆ ئەزانی چیتکردووە؟ ! هەزارانت بەرز کرد و هەزاران نەوی هەزارانت کردە بوون و هەزارانی تریش نەبوون هەزارانت کردنە کوێخا و ئاخا میر وەزیرو گزیر پاشاو ئەمیر، هەزارانی ترت کردنە کۆیلە سەپان حەماڵ کارەکەر فەقیر چەندەها مرۆڤ لەسەر تۆ کوژراوە خنکاوە لەسێدارە دراوە؟ ! …. تۆ ئەزانی لەوەتی مرۆڤ چاوی کردۆتەوە لەپێناوی تۆدا قوربانیداوە خۆزگە ئەم سیستەمی پارەیە نەئەما ئەگۆڕاو سیستەمێکی تر لەجێگەکەی ئەهاتە کایەوە ئەوەش ژمارە کۆدێ بوایە هەموو شتێکی پێبکرایە. وەڵامی پارە جوێنم پێمەیە لێم توڕە مەبە پێما هەڵمەشاخێ سوکایەتیشم پێمەکە لە بەر ئەوە من سودمەنی هەموو کاتی پێویستیەکانتم هاوڕێی ڕۆژە سەختەکان و ڕەشەکانیشتم تۆ ئەبێ لە مرۆڤ و ئەقڵی مرۆڤەکان بپرسی کە منی دروستکردوو هێنامیە کایە لە هەموو کارو کردەوەیەکا من ڕائەسپێرێ بەچاک و خراپ ئەو چەرخەم پێ ئەسوڕێنێ و ئەگێڕێ ئاخر بۆ وام لێ ئەکا دوایش بەخراپ ناوم دێنێ بە ناڕەواش ئەم شوبهێنێ، هەموو تۆی مرۆڤە نازانێ بەکارم بێنێ هەموو ژیانی خۆییم پێتێک ئەدات و ئەیشێوێنێ دوایش خەتاباریشم ئەکات و ئەم ڕەنجێنێ و ئەمبوغزێنێ، من سکەیەکم بەگران یا سوک و ئاسان بەدەستم دێنێ. کەواتە خودی مرۆڤ خۆیەتی ئەم ئاڵو گۆڕیەی ژیان ئەخوڵقێنێ و ئەسازێنێ پێویستە پرسیار لە مرۆڤ بکەیت. نامەیەک بۆ مرۆڤ سڵاو ئەی مرۆڤ پارە ڕاستەکات تۆ ژیر و ئاقڵی هۆش و بیرت هەیە خۆت ڕاوێشکاری خۆتی ئەتوانی بڕیار بەی هەرشتێ بتەوێ بیکەی یا نەیکەیت لە سەرجەم ئیش و کار بەمەرجێ خۆت نەدەیتە دەستی قەزاو قەدەر ئەی بۆ بیری خۆت ناخیتە گەڕ چاک مەدە بەخراپە خراپەش بە چاکە گەر وابکەی تاماوی پارە لێت بێ باکە. وەڵامی مرۆڤ ڕاستە من مرۆڤم و پارەش وەسیلەیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام هەنێ جار ژیریش دەوری نیە لەبەر ئەوە کۆمەڵێ شتە ڕاست و دروستەکان بەها ئەخلاقیەکان بیروڕا سەردەمیو شارستانی و پێشکەوتنەکان لەدەست ئەدەیت لەم لاوەش کۆمەڵێ شتی سوک و نزم و ڕزیی و بێ بەهاو کۆن و پەڕپوت پەیڕە و ئەکەیت سەرەڕای ئەوەی من بەپێی مۆڕاڵ و هزرو گەشەی دروست و هێز و توانای بیرکردنەوەم لە پێش هەموو گیان لەبەرێکی سەر زەویەوەم بەڵام هێشتا هەر لەبیرو هزرو ڕای خۆما ئەخولێمەوە هێشتا زۆری ماوە تێبگەم لەو مەبەستەی کە خۆم ئەمەوێت. ++++++++++++++++++++++