شاعیر: زێوەر
کتێب: دیوانی زێوەر
سەرناو: بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان

بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان
نەمزانی وەفا و شەرت و قەرارت نییە قوربان


چاوبازەکە! پڕ نازەکە! غەممازەکەیی خۆم
باعیس بە چییە مەیلی شکارت نییە قوربان


بۆ چی بە هەموو وەقت و زەمان ئێستە نەناڵم
وەک عەهدی قەدیم بۆس و کەنارت نییە قوربان


غەمبار و خەفەتبار و دڵازار و حەزینم
لەو ساوە لەگەڵ من سەروکارت نییە قوربان


عاجز مەبە ئەم عالەمە گەر تالیبی ڕووتن
لەم حوسنی خودادادییە چارت نییە قوربان


بۆچ دەعوەیی سوڵتانیی خووبان نەکەی ئیمڕۆ
بۆچ لەعلی لەب و چاوی خومارت نییە قوربان؟ 


وەک بەچچەیی ئاسک لە دڵی زێوەر ئەکەی ڕەم
ئەمما لە ڕەقیب مەیلی فیرارت نییە قوربان

++++++++++++++++++++++