شاعیر: بێخود کتێب: دیوانی بێخود سەرناو: ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن وەی وەکوو کاکی خۆت برایی وەتەن دامەنی کام و دەستی تۆ دوورن تا بە ڕۆح ئەبیە گەردی ڕایی وەتەن تا من و تۆ نەبینە پەروانە شەوقی چۆن خۆش ئەبێ چرایی وەتەن حیشمەتی خوسرەوی مەحاڵە هەتا جانی شیرین نەکەن فیدایی وەتەن بێ شرینقەی برایەتی هەرگیز نییە چاری مەلاریایی وەتەن بێ «کنین»ی یەکێتی و جیددی زەحمەتە چاری لەرز و تایی وەتەن لە کەمانچەی سەری من و تۆدا تا ببێ نەغمەیی هەوایی وەتەن ئاخری هەر بە یومنی لوتفی خودا دێینە ژێر سایەیی هومایی وەتەن یەعنی هەروەک درەفشەکەی کاوە ئیشی خۆی هەر ئەکا لیوایی وەتەن دوڕڕ و مەرجان و کارەبای کوردان نێرگسە و لالەیە و گیایی وەتەن لەعل و زومڕووت و گەوهەری ئێمەن زیخ و بەردی کەژ و چیایی وەتەن بە هەزار تەختی خوسرەوی نادەم جێگەپێیێکی یەک گەدایی وەتەن کاسب و پارە، زاهید و جەننەت بێخود و خاکی دڵگوشایی وەتەن ++++++++++++++++++++++