شاعیر: نالی
کتێب: دیوانی نالی
سەرناو: سابوونی کەففی پێیە کەفی زاری چاپلووس

سابوونی کەففی پێیە کەفی زاری چاپلووس
خاسیەتی ڕەققی هەیە نەرمی زوبانی لووس


ئەی دڵ! خەراجی حاسڵی زوڵماتی بەحر و بەڕ
میراتی ئیعتیبارە لە فورزەندی فەیلەقووس


بونیانی کیبر و سەرکەشیە تاقی کیسرەوی
دانانی زوڵم و ڕووڕەشییە تەختی ئابنووس


بنواڕە بوونی ئەووەڵت و چوونی ئاخرت: 
هاتی چ ڕووت و قووت و، هەڵاتی چ لووس و پووس؟ ! 


گەر فەڕڕ و تاج و زینەت و شەوکەت وەفای دەبوو
بێ دەردی سەر دەمانەوە بۆ تاوس و خورووس؟ ! 


گەر ئاب و تابی جەننەتیی و دۆزەخیت دەوێ
بنواڕە نێو چەوانی بەشووش و برۆی عەبووس


بۆ مەشقی عیشقی زوڵفی نیگار و نیگارشی
نالی لە خامەدا بووەتە شاهی توڕڕەنووس

++++++++++++++++++++++