شاعیر: ناسیح ڕەحیمی کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: هەنگوێنی چاو سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی شەوت خێر بێ عەزیزی من وەرە سەر مێزی ئامیزم لە هەنگوێنی گەشی چاوت بە ئیمانم کە نابێزم کە تۆ ناگری هەواڵی من چەنێ دڵتەنگی باڵاتم چەنێ زاماری ئەخمی تۆ، چەنێ گریان و بێ‌هێزم لە بێدەنگی ڕۆژانی شار تەقەی پێڵاوەکانت دێ لە ژێر بارانی بێ تۆیی خوڕەی فرمێسکی بێ‌ڕێزم لە تاریکە شەوی جوانڕۆ، لەجێی مانگا بە دەرکەوتی شەو و ڕۆژت هەموو تێکدا کە تۆی ڕووناکی شەودێزم هەموو هیوای ژیانی من بزەی جوانی سەری لێوتە کە جارێ پێم بدەی گیانە، ئەڕووخێنم وشەی فێزم یەکە یاری دڵی خۆشم لە سەر چێ خۆت حەشار داوە مەگەر نازانی بۆم عەشقە چەنێ شێت و شەڕەنگێزم منم ناسیحی شاعیران منم بلوێری دەروێشان منم یاری ئەوینداران کە بۆ فەوتان سەحەرخێزم ++++++++++++++++++++++