شاعیر: حیلمی کتێب: دیوانی شێخ محەممەدی حیلمی سەرناو: پرسیار و وڵام پرسیار: ڕانیە بۆ چی وا دواکەوتووە ئەهالیەکەشی گێژ و خەوتووە وڵام: ناوی ڕانیە یەعنی ڕێی نییە غەریب کە تێی چوو شوێن و جێی نییە پرسیار: جا کەسێ نەبوو مشووری بخوا بە قوڕ و بە خشت شوێینان بۆ بکا وڵام: بەڵێ ڕاست دەکەی کەس نەبوو بیکا ناوێکی چاکە بۆ خۆی دەربخا پرسیار: جا تەماشا کە چەن ساڵ لەمەو پێش ڕانیە پڕ بوو لە مێشوولە و مێش وڵام: هەمووی لە سایەی هیممەتی تۆ بوو مێش و مێشوولەی لە ئێمە ون بوو پرسیار: بزانە جادەی قولە چەند پانە ئەوەندە جوانە وەک هی شارانە وڵام: قوربان جادەی وا هیچ کەڵکی نییە خانووت تێکداوە سەمەری چییە پرسیار: کوڕم موستەقبەل ڕێی ئوتومبیلە شوێنی هاتوچووی کوێر و زەلیلە وڵام: قوربان ئوتومبیل بۆ ئێرە نایە ڕانیە قەزایە شوێنی بەڵایە پرسیار: کە وا بێتە من هیچ چاکەم نییە کە وا بوو بێژە خراپیم چییە وڵام: ناڵێم خراپی، نەخوێندەواری عیلمت هیچ نییە بە زوبان هاری پرسیار: زوبان هاری من چییە توخوا پێم بڵێ تەرکی ئەکەم لەمەولا وڵام: لە مەجلیس قسە ناکەی بە نۆرە ئەی کاکە ڕەشید ئەم عەیبە زۆرە پرسیار: شەرتە لەمەولا بنیشێت چاوم قسە هەر نەکەم کەس نەبا ناوم وڵام: جا نیشت چاوت ئیشی ژنانە تۆ لت لای خۆت پیاوی ئەمە فرمانە پرسیار: کە وا بوو کاکە، نەسیحەتم کە هەر چی خراپە بڵێ تەرکی کە وڵام: ئافەرین ڕەشید هاتیتە ژێر بار لە ئامۆژگاریم نەبوویت خەفەتبار ++++++++++++++++++++++