شاعیر: بەختیار زێوەر
کتێب: دیوانی بەختیار زێوەر
سەرناو: فڕۆکە

دێوێکە گیانی تیا نییە ئەکشێ بە چەشنی مار
بێ دەست و قاچ و خوێنە بەبێ گۆشت و بێ دەمار


ناو جەرگی پڕ لە ئاگرە هەردەم کە دێتە ئیش
خۆراکی ئاوە بێ دەم و دان بێ سمێڵ و ڕیش


هەرچەندە بێ پەڕە کە لەگەڵ کەوتە ئاسمان
شەش ڕۆژە ڕێگە زوو ئەبڕێ ناگرێ وچان


ناڵین و گرمەگرمی لە هەستان و ڕۆینا
هەورە برووسکەیەکە بەسەر گیانی دوژمنا


ئەم دێوە گەورە بەچکەیی زانینە ئەی هەژار
زانینە دێو لە ئاسن ئەکا باڵەکەی لە دار


زانینە گیان ئەخاتە لەشی دار و بەردەوە
زانینە زێڕ و زیو کە دەرێنێ لە هەردەوە


زانینە شاخی گەورە وەکوو لۆکە شڕ دەکا
زانینە جەرگی شەو کە بە ڕووناکی پڕ ئەکا


دەریا کە بوو بە ڕێگەیی ڕۆژ و شەوی هەموو
زانین نەبێ کە هێزی ئەوەی بێ مەگەر چ بوو


زانستییە چرایە وەکوو زێڕی باخەڵە
گیانی وڵاتە بۆ سەر و گوێی دوژمنی پەڵە

++++++++++++++++++++++