شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: بەریتانیای گەورە لە نێوان شکۆیەکی مێژوویی و قەیرانە سەردەمیەکاندا سەبارەت: نووسین: سەعید سەدیق وڵاتێک کە ڕۆژگارێک بە 'ئیمپراتۆریەتی بێ‌ئاوابوونی خۆر' دەناسرا، ئەمرۆ ڕووبەڕووی قووڵترین قەیرانی پێکهاتەیی بووەتەوە لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا. ئەو وێنە درەوشاوەیەی لە سۆشیال میدیا و میدیا جیهانییەکاندا دەبینرێت، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو ڕاستییە تاڵەی کە هاووڵاتیان و دانیشتووانی ئەم وڵاتە ڕۆژانە ئەزموونی دەکەن. ١. ئابوورییەکی داڕماو و هۆشیاریی سەرمایە: لە شارە گەورەکانەوە تا لادێ دوورەدەستەکان، داڕمانی توانای کڕین و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات. ڕاهاتنی ژینگەی ئابووری بە دەست دەستپێشخەرییە هەڵەکان، بووەتە هۆی ئەوەی سەرمایەداران و بازرگانان ڕوو لە وڵاتانی تر بکەن و سەرمایەکانیان بپێچنەوە. وڵاتێک کە هاندەری وەبەرهێنان بوو، ئێستا ژینگەیەکی نادڵنیای بۆ کەرتی تایبەت دروست کردووە. ٢. داڕمانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان (NHS و Housing): سیستەمی تەندروستیی نیشتمانی (NHS) کە ڕۆژگارێک شانازیی نەتەوەیی بەریتانیا بوو، ئێستا لەژێر گوشارێکی وێنەنەگیراودا پەکیکەوتووە و نەخۆشەکان هەفتانە و مانگانە چاوەڕێی چارەسەرێکی سەرەتایی دەکەن. لە لایەکی ترەوە، قەیرانی نیشتەجێبوون (Housing) و سستی لە سیستەمی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا (Universal Credit)، لە شوێنی ئەوەی دەستگیرۆیی لێقەوماوان بێت، بووەتە تۆڕێک لە ڕۆتین و بێئومێدی، تا ئەو ڕادەیەی دیاردەی بێ‌ماڵ و موحەللی (Homelessness) لە شەقامە سەرەکییەکاندا بووەتە دیمەنێکی ئاسایی. ٣. لێکترازانی شیرازەی خێزان و ناڕەحەتی کۆمەڵایەتی: گوشارە ئابوورییەکان و یاسا ڕەقەکانی پاراستنی منداڵ و خێزان، ئارامییان لە ماڵەکان بڕیوە. دڵەڕاوکێی بەردەوامی دایک و باوکان لە بەرامبەر دامەزراوە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکاندا، لەگەڵ قەیرانی دارایی، ڕێژەی جیابوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکانی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزکردووەتەوە. ٤. ئاڵۆزیی دۆسیەی پەنابەری و سیاسەتی دوانەیی: یەکێک لە ئاڵۆزترین دۆسیەکان، بەڕێوەبردنی پرسی پەنابەرییە. سەرەڕای خەرجکردنی ملیۆنان پاوەند بۆ ڕێککەوتننامە سنوورییەکان و پرۆژە شکستهێنراوەکانی وەک ڕواندا، حکومەت نەیتوانیوە ڕێگە لە کۆچبەری ناپێویست و نایاسایی بگرێت. دیاردەی سەیر لەوەدایە کە لە لایەکەوە دروشمی سنووردارکردنی پەنابەری دەدرێت، و لە لایەکی ترەوە بە بەهانەی دابینکردنی هێزی کار، دەرگا بۆ سەدان هەزار کەسی تر دەکرێتەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتیانی خۆی لە سەرەتاییترین مافەکانی ژیان بێبەشن. ٥. هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکە (Brexit & Devolution): لە ڕووی سیاسییەوە، خەریکە دەستەواژەی 'بەریتانیای گەورە' مانای خۆی لە دەست دەدات. دوای دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا (Brexit)، بزووتنەوە سەربەخۆخوازەکان لە سکۆتلەندا و وێڵز، و ئاڵۆزییە سیاسییەکان لە ئەیرلەندای باکوور، هێندەی تر یەکپارچەیی ئەم شانشینەیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە. ئارەزووی گەڕانەوە بۆ باوەشی ئەوروپا لە لایەن هەندێک لە بەشەکانییەوە، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ دابەشبوونی سیاسی داخلی. دەرمۆڵە: مێژوو سەلماندوویەتی کە ئینگلیزەکان خاوەنی سیاسەتێکی قووڵ و ئەزموونێکی بەرزی دەسەڵاتدارین، بەڵام قەیرانە یەکبەدوایەکەکانی سەرکردایەتی سیاسی و بەڕێوەبردنی نادروستی سەرچاوەکان، وڵاتەکەیان گەیاندووەتە لێواری داڕمان. وەک پەندە کۆنەکە دەڵێت: «ناوی گەورە و وڵاتی وێران» — ئەمڕۆ بەریتانیا لە نێوان ناوە گەورەکەی مێژووی و واقیعی تاڵی ئێستایدا، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی سەختدایە. ئەگەرچی دەستێکی باشم لە نووسیندا هەیە و نووسینەکانیشم کاریگەریی خۆیان هەیە، بەڵام گیانم زیاتر ئاوێتەی دنیای شیعرە و هەستم لەگەڵ شیعردا پشکووتووە. بۆیە ئەم بابەتەم بە ئاوێتەیەک لە پەخشان و شیعر هۆنیوەتەوە، بەو هیوایەم بە دڵتان بێت و جێی ڕەزامەندیتان بێت. بەریتانیای گەورە ئەم وڵاتە وێران بووە و وێرانتر دەکرێ سەرمایەدار و بازرگان لێی هەڵدێ گوزەرانی خەڵک زۆر خراپە لە شار و لادێ داڕماوە ئابووری و داڕماو و تر دەبێ وای لەوەی ئازا بێ شتێک کۆکاتەوە و هەڵێ لە م وڵاتەدا ژیان نەماوە وا دەردەکەوێ پۆلیس تاوانبارانی پێ ناگیرێ هەرچی بێ؟ دەڵێ هۆشیار بن، بە ئێمە هیچ ناکرێ؟ یونیڤێرساڵ کرێدیت هەزار بەهانەت پێ دەگرێ تا ئەو مافەی خۆتە و چەند پارەت پێ دەدرێ هاوسینگ لەوانیش خراپتر گوێ بۆ کەس ناگرێ خەڵکانی خاوەن مافی ڕەوا پشتگوێ دەخرێ ژنان ڕاکەڕاکیانە بەدوای مناڵدا تا لێیان نەسەندرێ تا لە قوتابخانە دوا نەکەون و بیانوویان پێ نەگیرێ زۆر لە ژنانیش لە هاوسەر جیا دەبنەوە تەنیا دەمێنێ لەبەر سەروەت و سامانە یا وەفای بۆ پیاوی نامێنێ بە دەیان و سەدان خێزان هەن لە یەک دەکرێ لە ئەنجامی هەڵەکاندا شیرازەیان تێک دەدرێ پێکهاتەی خێزان لەم وڵاتەدا نزیکە تێک بچێ زۆربەیان ناتەبان و لە یەکتری هەڵدەوەشێ نیگەرانم بۆ ئەو خەڵکەی بێ‌ماڵە و دەر دەکرێ بێ‌حەوانەوە بە تەنیا لە سەر شەقام فڕێ دەدرێ ئەوە باسی دەرمان و بێ‌ئاگا لە ژیان هەر ناکرێ لە کۆڵان و ماڵان، جادە و بازاڕ ڕێ دەگرێ سیستەمی تەندروستی خراپ بووە و خراپتر دەبێ نەخۆش بە گشتی چارەسەریان بۆ ناکرێ سیستەمی پەنابەری تادێ خراپتر دەبێ و باسی ناکرێ چەندین سەرمایە لە کەناڵ و ڕێڕەوی فەرەنسا خەرج دەکرێ بەڵام بە هیچ جۆرێک هاتنی پەنابەرانیان پێ چارەسەر ناکرێ باسی ڕواندا هاتە پێشێ تا پەنابەر ببرێتە ئەوێ ئەو پرۆژەیەش هەرەسی هێنا و چارەی پێ ناکرێ سەرۆک وەزیرانێکیان هێنا تا ڕێگە لە پەنابەری نایاسا بگرێ خۆی بە هەزاران پەنابەری هێنا تا کاریان پێ بکرێ ئەوانیش بە بەهانەی کار، لە هەر لایەک مەڵاس دەدرێ کەچی خەڵکی وڵات لە سەر جادە بێ‌نان و جێ دەکرێ لە باتی ئەوەی چاره‌سه‌ری نەهاتنی پەنابەر بکات نەیەڵێ بێ کەچی هێشتا داوای پەنابەر دەکات و زیاتر وەردەگرێ ئەمە چ دەسەڵاتێکە خۆشی سەری لێ دەرناکرێ؟ ئاخۆ بۆ لەمەودوا چ ئافاتێکی تر لێی چاوەڕێ دەکرێ؟ ئیتر لەمەودوا بەریتانیای گەورە بەم شێوەیە نامێنێ سێ پارچەکەی تر وا خەریکن جیا ببنەوە تا بۆیان بپەڕێ لەگەڵ ئەوروپادا دووبارە ببنەوە بە یەک و یەک گرێ ئینجا بەریتانیای گەورە با بزانین بە تەنیا چی پێ دەکرێ با بزانین چ ناخۆشییەکی تر لەم وڵاتە چاوەڕێ دەکرێ ئیتر چی ماوە لەم وڵاتە دڵی پێ خۆش بکرێ؟ نازانێ پەنا بۆ کوێ و کێ ببات تا چارەسەر بێ هەر ئەوە ماوە داوای یارمەتی لە ئەفغانستان بێ! دەڵێن ئینگلیز لە هەموو نەتەوەیەک بەڕێزترن ئەوە ڕاستە و وا دەردەکەوێ و پێدەچێ وا بێ لەگەڵ ئەوەشدا زیرەک و زۆرزان و داگیرکەرن هەر وابووە و واشە، بە مێژوو دەسەلمێنرێ ڕاستیان گوتووە دەڵێن ڕێوی لە جێگەی شێرانە ئەمەیە کە دەڵێن ناوی گەورە و دێ ی وێرانە! بەڵێن ٢٠٢٦/١٠/١٥ واتای چەمک و وشە سەرەکییەکان Housing (نیشتەجێبوون / خانوو): ئاماژەیە بۆ سیستەم یان بەشی نیشتەجێبوونی حکومی، بەرپرسە لە دابینکردنی خانووی سۆشیال و پاڵپشتیی دارایی کرێی خانوو بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان. NHS (خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی): کورتکراوەی (National Health Service)ـە و بریتییە لە سیستەمی تەندروستیی گشتی و بە خۆڕایی بەریتانیا. Homeless (بێ‌ماڵ / بێ‌حەوانەوە): کەسێک کە بێماڵە و لە جێگە و حەوانەوە بێبەشە. Brexit (برێکسیت): ئاماژەیە بۆ پرۆسەی جیابوونەوە و چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەورووپا. Devolution (شۆڕکردنەوەی دەسەڵات): گواستنەوەی دەسەڵاتی بڕیاردان لە حکومەتی ناوەندییەوە بۆ هەرێمەکان (وەک سکۆتلەندا و وێڵز). Universal Credit (یارمەتیی دارایی گشتگیر): سیستەمی پاڵپشتیی دارایی مانگانەی حکومەتی بەریتانیایە بۆ بێکاران یان ئەو کەسانەی داهاتیان کەمە. ++++++++++++++++++++++