شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: سێبەری وێنەیەک سەبارەت: ٢٠٢٦/٩/٤ - نووسین: سەعید سەدیق چوومە نێو مەکۆی فێربوون لەوێ، لەسەر دیواری پۆلێک وێنەیەک بەبێدەنگی هەڵواسرابوو پرسیم: ئەم چاوە ساردانە کێن؟ وتیان: ئەوە سەروەری وڵاتە! پێم خستە نێو داڵانی ساردی نەخۆشخانەیەک لەپاڵ ئازاری برینەکان دیسان هەمان ڕوخسار هەڵواسرابوو پرسیم: ئەم وێنەیە چی دەکات لە نێو ئازاردا؟ وتیان: ئەوە سەرۆکی وڵاتە! ڕێگەم کەوتە نێو ماندوێتیی کاسبکاران لەوێش، لەسەر دیواری ماندووی بازاڕ هەمان ڕوخسار چاوی لە بڕستمان بڕیبوو پرسیم: ئەمە کێیە لەپاڵ ئارەقەی نێوچەوانی ئێمەدا؟ وتیان: ئەوە سەرۆکمانە! سەرم دا لە مەڵبەندی پێشمەرگە دێرینەکان لە نێو بیرەوەریی خەبات و سەنگەرەکاندا دیسان هەمان وێنە لە بەرزییدا وەستابوو پرسیم: ئەم وێنەیە لە نێو مێژووی خەباتدا کێیە؟ وتیان: ئەوە سەرۆکی وڵاتە! بە سەرسامییەوە وتم: ئەم سەرۆکە چ ئاوێکی داوەتە ڕێحانی پێنوسەکان؟ چ مەڵهەمێکی خستووەتە سەر برینی بیمارەکان؟ چ نانێکی خستووەتە سەر سفڕەی خالی کاسبکاران؟ کەی بووەتە پەنا بۆ ماندوێتی ڕێگەی پێشمەرگە دێرینەکان؟ ئەی چی کردووە؟ ! بە پێکەنینێکی تاڵەوە وتیان: دەست بە چاوە خەواڵووەکانتدا بێنە! تۆ لە گوێی ئەم جیهانە ڕەقەدا خەوتووی؟ ئەو زۆری کردووە... بەڵام بۆ دەستە و تاقمەکەی خۆی! ئەو زۆری درووەتەوە... بەڵام بۆ باخەڵی سوڵتە و تەختی دەسەڵاتی خۆی! تێبینی // لە پۆستی دیوەخانێک بۆ نوسەران و خوێنەران کە شاعیر ئادەمی حەوایی کردبووی بۆ پێشبڕکێی جوانترین شیعر من ئەم شیعرەم لە کۆمێنت دانابوو. ++++++++++++++++++++++