شاعیر: کوردی
کتێب: دیوانی کوردی
سەرناو: عەزیزم من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم

عەزیزم! من ئەسیری قامەتی نەوتوول نەمامێکم
غوڵامی زولف و ئەگریجە و غوڵامانەی غوڵامێکم


گرفتاری کەمەندی مەهوەشێکم تفڵ و بێ ڕەحمە
هیلاکی ناز و عیشوەی نیم نیگای ئاهوو خەڕامێکم


جگەر خوێنین و چاو ئەسرین و خوێن خوار و دڵەفگارم
خەریک و وێڵ و وەحشی مەهوەشی شیرین کەلامێکم


هەموو عومرم بە زایع چوو لە ڕێگای عیشقدا چونکە
گرفتار و ئەسیری داوی عیشقی تفڵ و خامێکم


ڕەواجی سککەیی ساحیبقڕانی مڵک و میللەت بووم
ئەمێستا وێڵ و سەرگەردانی گەرداوی عەوامێکم


شەهی ئیقلیمی عیشقم، پیری ڕەندانی خەراباتم
ئەگەرچی زاهیرەن تفڵ و نەزان و ئەبلە فامێکم


ئومێدی وەسڵ و دیداری نەما هیجری ئەمێستاکە 
هەمیشە ئینتزاری نامەو و پەیک و کەلامێکم

++++++++++++++++++++++