شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: شکست و ڕابوون سەبارەت: ٢٠٢٦ - نووسین: سەعید سەدیق کاتێ دەشکێی و تەواو دەڕووخێی لە گشت هیوایەک بە یەکجار دەبڕێی دنیا لە بەردەم چاوت دەبێ بە تەم ئەرز و ئاسمانت لێ دەکا بە خەم غەم و پەژارە وا داتدەپۆشێ لەباتی شۆخی، ژەهراب دەنۆشێ تاڵ دەبێ لە دەم، چایەک بە شیرین هەموو جیهانت لێ دەبێ بە شین نە تامی خواردن، نە گەڕان و سەیر نە سێبەری دار، نە ڕووناکی خەیر تەنانەت خەویش لێت حەرام دەبێ کۆشک و تەلار لات بەندینخانە دەبێ ژیان لێت دەزەوێ و لێت دەتۆرێ حەز دەکەی چارەت بە یەکجاری بگۆڕێ باری سەفەریش تێک دەنێی بۆ دوور بەرەو چۆڵەوانی و سەحرای بێ سنوور کەشکۆڵێک لە شان، گۆچانێک بە دەست تێشوویەک نان و خەونێکی مەست خەمەکانت بدەی بە دەم باوە بۆ خۆت دوور ببی لەم هەموو داوە تا ماوەیەک لەو کز و چۆڵییە، بژیت و بزانی ڕاز ئەم دونیاییە. تا گڕی ناخت کەمێک دادەمرکێ پاشان بگەڕێوە بۆ ژیانی نوێ ژیان ئاوایە، تێکەڵ لە دوو ڕەنگ جارێک دەنگ و ساز جارێک مات و تەنگ نە خۆشییەکەی بۆ کەس هەتا سەر نە خەم و ژانی دەمێنێ کەسەر ئێمەی مرۆڤیش لێرە ڕێبوارین گا بەرز و شادین، گا وا خەمبارین هەرچییەک بێتە ڕێ دەبێ بێ غرور؟ ڕازی بین پێی و ببینە جەسوور. ++++++++++++++++++++++