شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: یادی بوونت سەبارەت: ٢٠٢٦/٥/٢٩ - نووسین: سەعید سەدیق یادی لەدایکبوونت پیرۆز بێ گیانە خەم لێرە بۆ ئێمە وەک ڕەهێڵانە هەر پیرۆزت بێ و پیرۆز بێ ئازیز خەم لێرە باری، وەک گەڵای پایز یادی تۆ ئەمڕۆ لێرە غەریبە بێ کەس و ناسیاو، هەم بێ تەبیبە لەم دوورە وڵات، بێ ناز و تەنیای کێ بێتە هانات؟ کەوا بە تەنیای تەنیا من ماوم لە سێبەری تۆ وەک مۆم سووتاوم لە پەیکەری تۆ خەم مەخۆ دڵم، هەتا منت هەم بۆ شەوی ژینت، مۆم و چرای خەم لە جێی گشت لایەک، من لێرە لاتم؟ هەم خۆم دیاریم، هەم خۆم خەڵاتم داخم هیچ کەسێک نایەتە هاوار؟ هەوڵیان ئەوەیە، تۆ بکەن خەمبار ئەگەر بزانن کەمێک دڵخۆشی دوور لە پەژارە و تاڵی و ناخۆشی یان باست دەکەن، یان دەت بوغزێنن جەوی شادیمان گشت دەشێوێنن بەڵام تۆ گوڵم، دڵت گەورە بێ گوێیان پێ مەدە و با بیریان وا بێ تا منت هەیە، خەم مەخۆ چین چین پێویستت نابێ بە خەڵکی سەر زەمین ئەگەر منیش مردم دڵسۆزێک دەبێ با خودا و دایکت ئاگایان لێت بێ گەر دایکیش نەما، تەنیا خودایە ئەو فریادڕەسەی تاک و تەنیایە وەرە پێکەوە با بۆ یەک بژین بۆ یەکتر ببین بە عەشق و ئەوین با دوو بە دوو بین لەم دەشتە خۆشە هەوایەک هەڵمژە، قاوەیەک بنۆشە چایەکی خەست و لەگەڵ قاشێ کێک بیخۆین بە شادی، بەیەکەوە و پێک ساڵی نوێی ژینت، گەش و شادی بێ سەد جار پیرۆز بێ و هەر بە خۆشیبێ تێبینی // بۆ یادی لە دایک بوونی هاوژینم ئومێدەوارم بەم شیعرەم کەمێک لە ئازار و خەمەکانیم کەمکردبێتەوە و ئەم شیعرە جێگەی ڕازی و پەسەندی بوو بێت. ++++++++++++++++++++++