شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: نیشتیمانی بێ ناونیشان سەبارەت: ٢٠٢٦/٤/٢٢ - نووسین: سەعید سەدیق لە نەخشەی جیهاندا، ئێمە تەنیا ڕەنگێکی شێواوین وەک پیتێکی ونبوو، لەناو کتێبی مێژوودا جێماوین هەموو گەلان خاوەن ماڵ و چرای خۆیان و ئاڵان کەچی ئێمە هەر میوانین لەسەر خاکی باوو باپیران؟ ! ئێمە جەستەیەکین بێ سێبەر، هەناسەیەکین بێ خەبەر چەوساوە و بێ مافین، لەگەڵ ئەوەشدا بوین دەربەدەر لەم بازاڕە گەورەیەی جیهاندا، کە هەموان پشکیان برد تەنیا ئێمە بووین، کڕیاری خەم و فرۆشیاری دەرد دەوڵەت بۆ ئێمە خەونێکە، لە ژێر باری ستەم دەمرێ هەموو ساڵێ بە خوێنی گەش، لاپەڕەیەکمان دەدڕێ لە جێی مۆر و پاسپۆرت و سێبەری قایمی دیوار بۆمان ماوەتەوە تەنیا، کێلی شەهید و ناڵەی زار بۆچی دەبێ هەموو دنیا، خاوەن سنوور و ناو بن؟ کەچی کوردان لەناو ماڵی خۆیاندا، هەر غەریب بن؟ چەوسانەوە لای ئێمە، تەنیا وشەی ناو کتێب نییە نیشانەی قامچی و، ئاسەواری زیندانی و ئەبەدییە هەموو ڕۆژێ، نیشتمانم لەناو جانتایەکدا دەپێچرێتەوە لەکۆچێکی نوێدا، مێژوومان لەسەر جادەکان دەنووسرێتەوە ئەم زەوییە، کە هێندە پان و بەرین و بێ کۆتایە بۆچی تەنیا بۆ پارچە خاکێکی ئێمە، جێگەی تێدا نییە؟ ئێمە ماندووین لە بوون بە سووتەمەنی بۆ ئاگری کەسانی تر تینووی ئاڵایەکی خۆمانین، تینووی دەوڵەت و مافی خۆمان! هەتا کەی بێ نیشتمان و بێ ناونیشان و بێ دەوڵەت؟ ببینە یەک، با کۆتایی بێت ئەم هەموو جەور و مەینەت. ++++++++++++++++++++++