شاعیر: سالم کتێب: دیوانی سالم سەرناو: تەماشا گۆی زەنەخدانت دەڵێی نارنجی بەغدایە تەماشا گۆی زەنەخدانت، دەڵێی نارنجی بەغدایە نیگاهی چاوی فەتتانت وەکوو ئاهوویی سەحرایە وەکوو سەنعان لە عیشقت شیفتە و مەجزووب و مەحزوونم قەسەم بەو زوڵفە شەبڕەنگەت کە وەک زوونناری تەرسایە مەکەن مەنعم وەکوو وامیق ئەگەر ئاشفتە و زارم جگەرگاهم شیکافی ناوەکی موژگانی عەزرایە ئیشارەی چاوی مەخموور و نیگاهی ناوەک ئەندازت بەمیسلی غەمزەیی مەجنوونکوشی ئیمایی لەیلایە موزابی شەککەری لێوت شیفایی دەردی بیماران تەبەسسوم کردنی لێوت ڕوبایەندەی دڵ و چاوە بە سوورەتخانەی ڕوخسارت بە ئەبرۆیی قەڵەمکارت دەڵێی سەفحە و سوتووری مەسحەفی یاسین و تاهایە یەقین ئەمڕۆ وەکوو یووسف نیقابت داوەتە لاوە کە بەم ڕەنگە لە هەر سوو شۆڕش و فەریاد و غەوغایە سەراپای قامەتی بەس دڵبەر و ڕەعنا و مەوزوونە بە مەحبووبیی و مەوزوونی دەڵێی سەروی دڵارایە فیدایی شەککەری لێوت شیفایی دەردی بیمارە دەهانی قەندی قینت پڕ لە مرواریدی دەریایە ++++++++++++++++++++++