شاعیر: قانع کتێب: گوڵاڵەی مەریوان سەرناو: لەگەڵ بولبول ئەی بولبولی بێ دانە، من و ئێوە هەژارین هەر دوو، وەکوو یەک موتەزیری فەسڵی بەهارین تۆ چەشنی من و من وەکوو تۆ بێ کەس و کارین داماو و کز و دەربەدەری کووچە و شارین یا، بەندی قەفەسخانە و یا وێڵی دیارین من قوڕبەسەری دەستی فەلەک، چەرخی جەفاکار تۆ دڵ بە خەمی، دەردی گوڵ و خونچەیی گوڵزار من دەربەدەری فیتنەیی جاسووسی خەتابار تۆ بێ پەڕ و باڵ، لە دەس زوڵمی لقی خار هەر دوو بە یەکۆ چاکە بڵێین، دیل و هەژارین تۆ، شێتی دڵ و من بە هیوای بەرزی وڵاتم تۆ، مەستی گوڵ، من بە فیدای عەزم و سوباتم بەم جۆرە ئەڕۆم، شەرتە هەتا ماوە حەیاتم تا دەس نەکەمە گەردنی ئاواتی نەجاتم ڕووم نایێ بڵێم: زادەیی شێرانی شکارین من شیوەن و گریان و ئەتۆ شۆر و تەرانە تۆ بەزمی سبەینان و منیش ئاهی شەوانە من بۆ وەتەنی بێ کەس و تۆ دانە و لانە بنواڕین لە بۆ سووڕی کەچی چەرخی زەمانە بێ سووچ و خەتا، بۆچی وەها بێ بەش و یارین ئەی بولبولی هاودەردی خەفەتباری دەروون ڕێش تۆش هەر وەکوو من، بێ کەس و بێ یاوەر و بێ خوێش هەر دوو، وەکوو یەک پەست و بریندار و جەفاکێش کەی بێ کە برینی دڵی هەر دوو ببێ ساڕێش بێ باک بڵەین: ئێمە لەناو گێتی دیارین قانع! من و تۆ بولبول و خەم، چەشنی برا بووین بۆ یەکتری، ئەم چوارە تەواو پشت و پەنا بووین هەر یەک لە بۆ ئەو سیانی ترە، زۆر بە وەفا بووین بۆ چی من و خەم؟ ئێستە لە ئەو دوانە جیا بووین؟ ! بولبول لە گوڵ و گوڵ لە چڵ و ئێمە لە خارین؟ ! ++++++++++++++++++++++