شاعیر: بەڵێن کتێب: شیعرەکان سەرناو: وێڵگەی نەبوون سەبارەت: بەریتانیا - ٢٠٢٦/٢/٢٤ - نووسین: سەعید سەدیق بە پەیژەیەکا چوم، بێ پایە بوو لادێ یەکم دی، چۆڵ بێ کایە بوو چومە سەربانێ، بێ سەقف و بێ دار قەڵایەکم دی، بێ شورە و حەسار کێڵگەیەکم دی، خاکی نەهاڕاو بێستانێکم دی، بێ بەرهەم و ئاو نە کاڵەک مابوو، نە شەمامەی گەش چومە باخێک و بێ میوە و بێ بەش لە ڕەزێ ڕامام ترێی تیا نەبوو گەوڕێکم بینی مەڕی تیا نەبوو چومە سەر شاخێ، بێ لوتکە و بڵند ڕووبارێکم دی، بێ ماسی و کەمەند پردێکم بینی، بێ پایە و ڕێ بوو ئاسمانێکم دی، بێ هەور و تێ بوو نیشتمانم دی، بێ گەل و بێ ناو گەلێکم بینی، بێ نیشتمان ماو ئەو نیشتمانە، جەنگەڵێکی ڕووت بێ خاک و بێ دار، وەک وێرانە، فووت! کوردیش لەم ناوە، بێ کییان ماوە بێ خاک و ئاڵا و نیشتمان ماوە ++++++++++++++++++++++