شاعیر: ئاسۆ کتێب: دیوانی ئاسۆ سەرناو: دەردە دڵ سەبارەت: نووسین: کارزان ‍ چەندە سەختە دڵ ببێتە سیبلی تانەی خێش و یار گوێچکە خنرابێ لەحاندی ناڵەناڵی  دەردە  دار چەندەسەختە دژبەرت ڕەحمی بەتۆدا بێ و کەچی دۆستەکانت ببنە دژ، فەرقی  نەبێ  شیعر و شیعار ئاخە کام کافر بەزەی نایێ بەحاڵی  ئەو دەمەی دەستەڵات و هەلپەرەست بەش بەش دەکەن ماڵی هەژار؟ شاعیری لەم عەسرەدا بۆتە تەڕاتێنی وشە پاکی بۆ فیلم و کلیپ و شۆرەت وعانەو دەمار ڕاستە ئەو شەخسەی ژیابۆگەل لەبیرناچێتەوە ڕاستەهەر دوو گەز هومایین بەرگی دارا تا نەدار بۆ دەبێ لەم خاکەدا هەر هەلپەرەستان شادمان ببنە داشداری  گەلی بێدەستەڵاتی گوند وشار؟ سەر قەڵای وام دی، زەمانێ، قیبلەبوو بۆ ئاشقان ئێستە ڕووخاوەو نەماوە و چۆتە لیستی ئاسەوار جا چلۆن خۆش بێ دڵی من شاعیری یەک میللەتم بەش کراوە خاکەکەی بەژومارە یەک دوو سێ چەوار ناهومێد نابم بەهێزی چینی زەحمەتکێش قەسەم داری زۆڵم و زۆر لەبن دێ،  نەبوە هەرگیز پایەدار وا ڕەشەممەش هات و جەنگەی سێ شەشە ئەی بای شەماڵ خۆت وەدەرخە! ڕای بماڵە، بەفری لاپاڵ و نسار با بە پیریش بێ کەمێ سەیرانی کوێستانان بکەین چەشنی جاران هەڵپەڕین شادان لە سەیری ئابشار بەستەیێک و شیعری من دەنگی حەسەن دەنگداتەوە ڕۆژ لە ئاسۆ دەر کەوێ لایبا ڕەشی شەوگاری تار ++++++++++++++++++++++